روانینێك بۆ خه‌باتی ژنان له كوردستانی ئێران (به‌شی یه‌كه‌م)
6 / 3 / 2010
گوڵرۆخ قوبادی
ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌م پرسیارانه زه‌ینی به‌شێكی زۆر له خه‌باتكارانی به خۆوه خه‌ریك كردوه. ــ بۆ چی خه‌بات بۆ مافی ژنانی كوردستان؟ ــ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م خه‌باته كامانه‌ن؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌و تاوتوێكردنی ئه‌م پرسیارانه پێویسته ئه‌گه‌ر به كورتییش بووبێ چه‌ند پرسیارێك بخه‌مه روو. سه‌ره‌تا تاوتوێكردن و پێشینه‌ی خه‌باتی ژنانی كوردستانی ئێران و پاشان ره‌وشی هه‌نووكه‌یی و هه‌روه‌ها داهاتووی ئه‌م خه‌باته. تاوتوێكردنی ئه‌م خه‌باته: كۆمه‌ڵگای كوردستان ساڵانێكی زۆره كه‌وتووه‌ته ژێر سته‌می جۆراوجۆری وه‌ك: سته‌مگه‌لی چینایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و ... سه‌رباری ئه‌م سته‌مانه، ده‌بێ ئاماژه به سته‌می ره‌گه‌زی، وه‌ك گرفتێكی گه‌وره له كۆمه‌ڵگای كوردستاندا بكه‌ین. خه‌بات له پێناو نه‌هێشتنی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی هه‌میشه له سه‌روو دانراوه‌و بووه به بنه‌مای دانه‌بڕاوی خه‌باتی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر تا ئێستا هه‌موو چین و توێژه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه بۆ رووخانی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری و نه‌هێشتنی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی خه‌باتیان كردوه، ئێستا ئه‌م خه‌باته ره‌هه‌ندی نوێی، وه‌ك مافی به‌شخوراوان، نه‌هێشتنی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زیی به خۆوه گرتوه. سته‌می ره‌گه‌زی له كوردستاندا رابردوویه‌كی درێژ‌و كۆنی هه‌یه. خه‌بات له‌م پێناوه‌دا له مێژووی ئه‌و خه‌باتانه‌دا، زیاتر بۆ دوای گه‌یشتن به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، دواخراوه. ئێستا ویست و داخوازییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، هاوته‌ریب و هاوكات له‌گه‌ڵ ویست و داخوازییه نه‌ته‌وه‌یی، چینایه‌تی و ئایینی¬یه‌كان خۆ ده‌رده‌خه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه مێژووی خه‌باتی ژنانی كوردستان و هه‌وڵی خه‌باتكارانی ئه‌م رێگه‌یه، سه‌لماندوویه‌تی كه به بێ له‌به‌ر چاوگرتنی مافی ژنان، هیچ جۆره ده‌سه‌ڵاتێكی دێموكراتیك له ئێران و كوردستان به فه‌رمی ناناسرێت. ئاماژه‌یه‌كی كورت به مێژووی خه‌باتی ژنان بۆ ساڵانێك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك"مه‌ستوره‌ی ئه‌رده‌ڵان"ی په‌روه‌رده كرد‌و وه‌ك ژنێكی كورد، بوو به یه‌كه‌م ژنی مێژوونوس له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راستدا . خه‌باتی ژنان له شه‌ڕه جۆراوجۆره‌كانی كوردستان كه به جل‌و به‌رگ و شوناسی پیاوانه‌وه له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا به‌شدار بوون بۆ خه‌باتی ئه‌و ژنانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ژنێكی وه‌ك "قه‌دم خێر"ی(1) به‌رێبه‌رایه‌تیی راپه‌ڕینی"پشتكو" گه‌یاند. یا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دایكانه‌ی كه له‌نێو ماڵ و به ته‌نیا، به دوای په‌یوه‌ست بوونی هاوسه‌ره‌كانیان به ریزه‌كانی خه‌بات، بۆ زیندوومانه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان و درێژه‌دان به ژیان و له ئاكامدا بۆ زیندوو راگرتنی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، ژیانێكی پڕ له كوێره‌وه‌ری و شه‌ڕ و بێكاری و ده‌ستدرێژی و برسییه‌تی و ماڵوێرانییان به گیان كڕی. ئه‌م رووداوانه زۆر به ده‌گمه‌ن له‌لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه بۆ خه‌بات و هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ژنان و زیندوو راگرتنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و په‌روه‌رده‌ی وه‌چه‌ی نوێ، هاتۆته ئه‌ژمار. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مێژوونووسانی ئێمه زیاتر پیاو بوون و مێژووی شه‌ڕه چه‌كدارییه‌كانی خۆیان ده‌نووسن و به ناوی خۆیان تۆماری ده‌كه‌ن، و هه‌وڵ و خه‌باتی ژنان له‌م رێگه‌یه دا له‌به‌رچاو ناگرن. مێژووی ژنانی كوردستان بۆ ئه‌و ساڵانه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ژنانی دڵسۆز‌و خه‌باتكاری وه‌ك" حه‌فسه خان"(2)،" میناخان"(3) و ده‌یان ژنی دیكه، وێڕای هاریكاری بۆ وه‌لانانی گرفته‌كانی به‌رده‌م ژنان له پێك هاتنی خوێندنگای كچان و هه‌وڵ بۆ ناردنی كچان بۆ قوتابخانه‌كان، له مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ش خه‌باتیان كردوه. ئه‌م مێژووه بۆ ساڵانێك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ژنانی رۆژنامه‌نووس و نووسه‌رو شاعیر و گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ند، تابۆكانیان شكاند‌و هه‌وڵیان دا كه له مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی هونه‌ریی خۆیان نیشان بده‌ن. بۆ نموونه"ره‌وشه‌ن به‌درخان"(4) شاعیر‌و رۆژنامه‌نووس،"مریه‌م خان"(5)، گۆرانیبێژی ده‌نگ خۆش و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و سه‌ره‌نجام ژنناس و بیرمه‌ندی ئه‌م سه‌ده‌یه خاتوو" رووناك یاسین"(6) (1920ــ2002) لێكۆڵه‌ر، ئوستووره‌ناس، مێژوونووس، ره‌خنه‌گرو مامۆستای زانكۆكانی" هاروارد"و" دوبلین"، و ده‌یان ژنی دیكه. ئه‌م مێژووه بۆ ساڵانێك ده‌گه‌رێته‌وه كه ژنانی كوردستان هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژنانی جیهان بۆ گه‌یشتن به مافه‌كانیان راپه‌رین و خه‌باتیان كردوه. بۆ یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو و گه‌شه‌پێدانی بیروڕای فێمنێستی له كوردستان دا‌و ناساندنی به خه‌ڵك هه‌وڵیان داوه. سه‌ره‌نجام ئه‌م مێژووه به‌م ساڵانه‌ی دوایی و ئه‌مڕۆ ده‌گا، كه بیر‌و ویستی ژنان دێته مه‌یدانه‌كانی ئه‌ده‌بیات، سیاسه‌ت، كۆمه‌ڵگا و ئابووری له كوردستاندا. به‌ڵام ئایا ئه‌م هه‌وڵه پڕ بایه‌خانه چ یادگارێكیان بۆ ئێمه به جێ هێشتوه و چ ده‌رسێكیان به ئێمه داوه. سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی په‌هله‌وی به پشت به‌ستن به‌م مێژووه‌و درێژه‌دانی ئه‌م هه‌وڵانه بوو كه كچان و كوڕانی كورد له ده‌یه‌ی 40 و 50ی هه‌تاوی خه‌باتی خۆیان به ئیلهام وه‌رگرتن له خه‌باتی جیهان، ئێران و كوردستان و به ئیدیۆلۆژیی چه‌پ و ماركسیستی، به گه‌شه پێدانی زانیاریی و خۆرێكخستن هیمه‌تیان نواند. ئه‌م لاوه هوشیارانه رێكخستنی نهێنی و جۆراوجۆریان پێك هێنا. به‌شێك له‌م لاوانه له سه‌ره‌تا دا له‌گه‌ڵ خه‌باته چریكییه‌كانی ئه‌و كاتی جیهان و ئێران سنووربه‌ندییان كرد‌و به پێره‌وی كردن له رێبازی جه‌ماوه‌ری، به لایه‌نگریی كرێكاری و ئاوێته‌كردنی له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وه‌یی له كوردستاندا تێكۆشانیان ده‌ست پێ‌كرد. به‌م شێوه‌یه لاوان سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ له پێناو پێك¬هێنانی رێكخستنی یه‌كگرتوو، بۆ په‌ره‌پێدانی تێكۆشانی خۆیان له‌نێو چینی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی دێهات و شاره‌كان و ژنان له‌چوارچێوه‌ی پیشه جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك مامۆستایی، كاری ساختومانی، وه‌رزێری و... ده‌ستیان به تێكۆشان كرد. سه‌ره‌نجام بڕیاری به‌شێك له‌م خه‌باتكارانه بوو به هۆی پێك¬هێنانی رێكخراوی چه‌پ و ماركسیستی كوردستان به ناوی "كۆمه‌ڵه". به‌ده‌ست پێكردنی خۆپیشاندان له پێناو رووخانی رێژیمی پاشایه‌تی و به‌شداریی ژنان له‌م خۆپیشاندانانه‌دا و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی، قۆناغێكی نوێ له خه‌باتی ژنان ده‌ستی پێ‌كرد. ئه‌وان خه‌باته‌كه‌یان له سووچی ماڵه‌كانیانه‌وه هێنایه سه‌ر شه‌قامه‌كان و له گه‌شه‌پێدانی بیروڕای چه‌پ و پێشكه‌وتوو پێشوازییان كرد. دژی نه‌زانی و دواكه‌وتوویی و یاساكانی ئایینی و پیاوسالاری خه‌باتیان كرد. سه‌ره‌نجام زۆربه‌ی له‌مپه‌ر و تابۆكانیان شكاند‌و به‌م جۆره له ته‌واوی مه‌یدانه‌كانی خه‌باتدا به‌شدارییان كرد. ساڵی 1357و ده‌ستپێكی شۆڕش له سه‌ره‌تای شۆڕشی 57 ئێمه شایه‌تی دوو مه‌یلی به‌رچاوی، ئایینی، چه‌پ و سوسیالیستی له كومه‌ڵگای ئێران و كوردستان بووین. مه‌یلی مه‌زهه‌بی: موسڵمانانی لایه‌نگری "موفتی¬زاده" كه به رێبازی رێبه‌ره‌كه‌یان دا له رێكخستنه‌كانی به‌ناو "مه‌كته‌بی قورئان"دا سازمان درابوون. رۆڵ و به‌شداریی ژنان له‌م رێكخستنانه‌دا زۆر لاواز بوو. ئه‌م لایه‌نگرییه له‌سه‌ره‌تاوه له روانگه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی سوننییه‌وه (به وته‌ی خۆیان "ئیسلامی نابی محه‌ممه‌دی" نه ئیسلامی خومه‌ینی) دژی ژنان و ئازادییه‌كانیان خه‌باتیان ده‌كرد. به گوشار خستنه سه‌ر ژنان و ئه‌زییه‌ت و ئازاریان هه‌وڵیان ده‌دا پێش به خه‌باتی ژنان بگرن. بۆ نموونه له به‌رگیری كردنی حزووری ژنان له مزگه‌وته‌كان بۆ به‌شداری له كۆبوونه‌وه ناره‌زایه‌تییه‌كان، به‌شداری له خۆپیشاندانه‌كان و تێكۆشان و هاتوچووی ژنان له ناوه‌ندی رێكخراوه سیاسییه‌كان و... پاراستنی پۆششی ئیسلامی به هۆی ئه‌وه كه له چوارچێوه‌ی دابونه‌ریته‌كانی سوننی دا نه‌بوون، نه له سه‌رده‌می خۆپیشاندانه‌كان و نه دوای شۆڕشی 57و ئازادیی شاره‌كان باسی لێ نه‌كرا. به‌م باسه له ساڵی 1359و دوای داگیركردنی كوردستان له لایه‌ن كۆماریی ئیسلامییه‌وه‌و هێرش بۆ سه‌ر ئازادییه‌كانی خه‌ڵك بوون به یاسا‌و به‌سه‌ر خه‌ڵك دا سه‌پان. مه‌یلی چه‌پ و سوسیالیستی: ئه‌م مه‌یله كه رابردوویه‌كی تا راده‌یه‌ك دوورودرێژی له ئێران و كوردستان دا بوو، له سه‌ره‌تای رۆژه‌كانی شۆڕش له كوردستان وه‌ك مه‌یلێكی بنه‌مایی ئه‌م خه‌باته ده‌ركه‌وت. هۆكاره‌كانی دیكه له په‌ره‌پێدانی ئه‌م مه‌یله‌بریتین له: ویستی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی، زۆرینه‌بوونی مه‌زهه‌بی سوننی (؟!)، كاریگه‌ریی حیزبه چه‌په‌كان وه‌ك "كۆمه‌ڵه"، چریكی فیدایی خه‌ڵق و په‌یكار و...، به ئه‌ندامبوونی ژنان و پیاوانی لاو له‌م رێكخراوانه‌داو پێك¬هاتنی چوارچێوه‌یه‌كی ئازاد بۆ گه‌شه‌كردنی بیری چه‌پ و ئازادیخوازی له نێوان لاوان و خه‌ڵك و به په‌یڕه‌وی له‌و پاشه‌كشه كردن به مه‌یله ئایینی و دواكه‌وتووه‌كانی كۆمه‌ڵگا، ته‌واوی ئه‌مانه‌و وه‌ها پرس گه‌لێك بوونه هۆی ئه‌وه‌یكه بارودۆخی كوردستان له به‌راورد له‌گه‌ڵ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران له خه‌بات دژی كۆماریی ئیسلامی روخسارێكی جیاواز به‌خۆوه بگرێ. له سه‌ره‌تای شۆڕش و ئاشكرابوونی حیزبه‌كان، دوو حیزبی سه‌ره‌كیی كوردستان واته حیزبی دێموكراتی كوردستان و كومه‌ڵه ده‌ستیان به تێكۆشانی ئاشكرا كرد‌و توانیان وه‌ك هێزێكی شوێن دانه‌ر، ده‌ركه‌ون. 1ـ ئه‌م ژنه خه‌باتكاره به دژی زوڵم و بێ عه‌داله‌تیی حكوومه‌تی ره‌زا شا راپه‌ڕی. ماوه‌ی پێنج ساڵ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ره‌زا خان،ئازایانه و به بوێرییه‌كی بێ وێنه شه‌ڕی كرد. سه‌ره‌نجام شا به هۆی داماویی، كه‌وته فرت و فێڵ و ئه‌وی بۆ وتووێژ بانگهێشت كرد. 17 كه‌س له فه‌رمانده‌كانی ئه‌م راپه‌ڕینه تیرباران كران و به‌مجۆره ئه‌م راپه‌ڕینه كۆتایی پێ هات و قه‌ده‌م خێر گیراو تا كۆتایی ته‌مه‌نی له زیندانی شادا مایه‌وه. 2ـ له كتێبی :"گزیده‌ای از زنان نامدار كرد، تألیف عبدالجبار محمد اجباری"، وه‌رگێڕانی: ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌دی. 3ـ له كتێبی: "زنان و ناسیونالیسم در جمهوری كردستان سال 1964، شهرزاد مجاب". 4ـ له كتێبی :"گزیده‌ای از زنان نامدار كرد، تألیف عبدالجبار محمد اجباری"، وه‌رگێڕانی: ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌دی. 5ـ له كتێبی :"گزیده‌ای از زنان نامدار كرد، تألیف عبدالجبار محمد اجباری"، ورگێڕانی: ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌دی. 6ـ له كتێبی :"گزیده‌ای از زنان نامدار كرد، تألیف عبدالجبار محمد اجباری"، ورگێڕانی: ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌دی.
وه‌رگێڕان بۆ كوردی: ئازاد خه‌لیفه‌زاده
|
|
|