هه‌رێمی كوردستان له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی دا
6 / 3 / 2010
سمایل شه‌ره‌فی
هه‌رێمی باشووری كوردستان له‌چه‌ند روویه‌كه‌وه له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی دایه. چۆنیه‌تیی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی جۆراوجۆرییه سیاسییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، چۆنیه‌تیی خۆرێكخستن و پێكهێنانی یه‌كگرتوویی له ناوه‌ندی عێراق بۆ دیفاع له به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و هه‌روه‌ها چونیه‌تیی به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌ی چاكسازی و له هه‌مووی گرینگتر پاراستنی ئه‌منییه‌ت و ئاسایشی هه‌رێم، ئه‌و به‌هاو بایه‌خانه‌ن كه له قۆناغی ئێستای پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌م هه‌رێمه‌دا بایه‌خی ئه‌م تاقیكارییه مێژووییه ده‌رده‌خات. جیاوازی و جۆراوجۆریی لیستی كاندیداكان و له هه‌مووی گرینگتر، سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی "ئۆپۆزیسیۆن" له سه‌رده‌می هه‌لبژاردنه‌كان و یه‌ك له‌وان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی عیراق له هه‌رێمی كوردستان به جۆرێك له جۆره‌كان ئه‌م هه‌رێمه‌ی له رووی بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ناوخۆ‌و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه كردنی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، خستۆته قۆناغێكی نۆێ و له هه‌مان كات دا هه‌ستیاره‌وه. هه‌ر وه‌ك زۆر جار به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له سه‌روی هه‌مووانه‌وه،سه‌رۆكی هه‌رێم، كاك مه‌سعود بارزانی باسی كردوه، "بوونی ئۆپۆزێسیۆن و جیاوازی، نه‌ته‌نیا به زیانی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێم نیه، به‌ڵكوو به مه‌رجێك كه هه‌موو لایه‌كمان پێداگری له سه‌ر پاراستن و به‌ره‌و پێشبردنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان بكه‌ین، ئه‌و جیاوازییانه ده‌توانن یارمه‌تیمان بده‌ن كه كه‌موكوڕییه‌كان باشتر ببینین و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان بده‌ین." ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌م جۆره بڕوانینه دیارده‌ی "ئوپۆزێسیۆن" و لایه‌نه جیاوازه‌كانی كوردستان به‌م جۆره له سه‌ر پاراستن و دیفاع له به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، هاونه‌زه‌رو هاوهه‌ڵوێست بن، ده‌كرێ وێنایه‌كی دڵخۆشكه‌رو شارستانیانه له بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی باشووری كوردستان به ده‌سته‌وه بده‌ین. ئه‌وه‌ش به‌م مانایه نیه كه هه‌ڵه‌و كه‌موكۆڕییه‌كان نه‌بینین. كاتێك كه دیارده‌ی ئۆپۆزێسیۆن سه‌ر هه‌ڵ ده‌دات، له یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌دا قامك بۆ لای "بوون"ی كه‌موكۆڕی راده‌كێشرێ و له راستی دا دیارده‌ی "ئوپۆزێسیون" له بوونی "هه‌ڵه و كه‌موكۆڕی"دا خۆی پێناسه ده‌كا. ئه‌گه‌ر ناوی پاساوی هه‌ڵه‌و كه‌موكۆڕییه‌كانی له سه‌ر دانه‌نرێ و بمانه‌وێ له رووی كۆمه‌ڵایه‌تی – مێژووییه‌وه، پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی باشووری كوردستان تاوتوێ بكه‌ین، ده‌كرێ زه‌مینه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی ئۆپۆزێسیۆن له هه‌رێم، له مه‌فهوومی "قۆناغی تێپه‌رێن" دا شرۆڤه بكرێ. بێگومان له وه‌ها حاڵه‌تێك دا پێویسته باسێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی مێژوویی، كلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌م پرسه بكرێته‌وه كه له وه‌ها وتارێك دا ئیمكانی نیه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له مێژووی ته‌نیا سی ساڵی رابردووی چه‌ند ده‌یه ده‌سه‌لاتی دیكتاتۆری به سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا بده‌ینه‌وه كه به چ شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی "ئاسمیله"كردنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یان داوه‌و، هاوكات ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له پرۆسه‌ی سیاسیی وڵاتانی ده‌وروبه‌ری وه‌ك ئێران، توركیه و زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بده‌ینه‌وه كه له كوێی ئه‌م پێناسانه دا جێ ده‌گرن، ده‌رده‌كه‌وێ كه كورد سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌مووه زوڵم وزۆره مێژوویی‌یه‌ی لێی‌كراوه‌و سه‌ره‌ڕای كه‌م ئه‌زموونی له به‌رێوه‌به‌ری دا، توانیویه‌تی وێنایه‌كی مه‌عقوول له ده‌سه‌ڵاتداری له هه‌رێمی باشووری كوردستان بدات به ده‌سته‌وه. دوای زیاتر له سه‌د ساڵ تێپه‌ڕین به سه‌ر شۆرشی مه‌شرووته له ئێران و سه‌ده‌یه‌ك قوربانیدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی و دێموكراسی له‌م وڵاته، ته‌نیا هه‌شت مانگ له‌مه‌وپێش له رێگای كوده‌تا كردن له ده‌نگه‌كانی خه‌ڵك، گه‌وره‌ترین بێ رێزی به ئیراده‌ی ئازادیخوازیی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته كرا‌و ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی مۆره‌ی خۆی به‌ناوی سه‌ركۆمار به سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا سه‌پانده‌وه كاتێكیش كه خه‌ڵك له به‌رانبه‌ر ئه‌م پێشلكارییه گه‌وره‌یه‌دا ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی به دڕندانه‌ترین شێوه سه‌ركوت كران.(دوای زیاتر له سه‌د ساڵ خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادی و دێموكراسی!) به‌ڵام له هه‌رێمی باشووری كوردستان، هه‌ر له یه‌كه‌م تێكۆشانی دوای سه‌رهه‌ڵدانی یه‌كه‌م به‌ره‌ی ئۆپۆزێسیۆن دا، نوێنه‌رانی ئه‌م به‌ره‌یه له رێگای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاده‌وه، رێ‌یان كه‌وته پارلمانی كوردستان و ئازادانه راوبۆچوونه‌كانیان ده‌رده‌بڕن. سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌مانه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕیێنه‌وه سه‌ر ئه‌سڵی ئامانجی ئه‌م نووسینه‌و ئاماژه به نیگه‌رانییه‌كان له‌م قۆناغه له فه‌زای سیاسیی هه‌رێم دا بكه‌ین پێویسته تێبینییه‌كی بنه‌ره‌تی و له هه‌مانكات دا هه‌ستیار له به‌رچاو بگرین كه ئه‌ویش "ئه‌منییه‌تی سیاسی"ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه. مه‌ترسییه‌ك كه له بارودۆخی ئێستادا هه‌م له سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێم و هه‌م له ئاستی ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی هه‌رێم و عێراقدا رووی له كوردستانه. ئه‌زموونی شه‌ڕی ناوخۆ له كوردستان، ئه‌و مافه به هه‌موو كوردێكی دڵسۆز‌و نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌دات نیگه‌ران بێ له‌وه‌كه هێندێك جار له ئاكامی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان دا تێكهه‌ڵچوون بێته ئاراوه‌و ئاسایشی هه‌رێم بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. لێره‌دایه كه پێویسته سه‌ركردایه‌تیی كورد‌و به تایبه‌ت سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك تا ئێستا كردوویانه زیاتر چاودێری بارودۆخه‌كه بكه‌ن و لایه‌نه‌كان بۆ ره‌چاو كردنی یاساكان و یه‌كتر قبووڵ كردن هان بده‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م پێوه‌ندییه‌دا گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، وه‌زن و قورسایی كورده له به‌غدا كه زۆر جار نیگه‌رانیی چاودێرانی سیاسیی كوردی لێ كه‌وتۆته‌وه. ئایا لیسته جیاوازه‌كانی كورد، له به‌غدا یه‌ك ده‌گرن و به گوتارێكی هاوبه‌شه‌وه داكۆكی له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌رێم ده‌كه‌ن، یان نه‌خێر، هه‌ر كه‌سه‌و به هه‌وای خۆی.....؟ بێگومان پرشوبڵاویی كورد له به‌غداو هاوهه‌ڵوێست نه‌بوونی له شوێنه بڕیارده‌ره‌كان و به‌تایبه‌ت له پارلمان ناتوانێ به قازانج بشكێته‌وه‌و دابینبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد مسۆگه‌ر نابێ. بۆیه ئه‌م چاوه‌ڕوانییه له جێی خۆی دایه. نوێنه‌رانی جۆراوجۆرییه‌كانی كوردستان له پارلمانی داهاتوی عێراق، یه‌كگرتووانه‌و به گوتارێكی هاوبه‌شه‌وه به‌نیسبه‌ت مه‌سه‌له‌كانی پێوه‌ندیدار به كوردستانه‌وه هاوهه‌ڵوێست بن و ته‌نیابیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه ئه‌وان نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانن و ده‌بێ كار بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كوردستان بكه‌نه‌وه.
|
|
|