ئاوڕێك له ره‌وشی مافی مرۆڤـ له ئێران دا به بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤه‌وه
13 / 2 / 2010
عه‌لی بداغی
10 دێسامبر، (19ی سه‌رماوه‌ز) ساڵرۆژی په‌سندكرانی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤه و له لایه‌ن كۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤـ ناودێر كراوه. هه‌وڵدان بۆ پاراستن و رێزگرتن له به‌ها ئینسانی‌یه‌كان و پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤـ رابردوویه‌كی به درێژایی مێژووی مرۆڤـ و مرۆڤایه‌تی هه‌یه. 624 ساڵ پێش زایین بیرمه‌ندانی شاری ئاتێن هه‌وڵیان دا به چێ كردنی ئه‌و بنه‌ما و بایه‌خانه‌ی كه ئه‌وڕۆ به پڕه‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤـ ده‌ناسرێن، به‌ره‌نگاری ملهوڕی و زۆرداری و دیكتاتۆریی سه‌رده‌م ببنه‌وه. نیزیك به 100 ساڵ دواتر و له ساڵی 538ی پێش زایین دا كورش، شای پاشاكانی ئێرانی كه‌ونار بڕیاری دا كه له هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی دا مافی مرۆڤه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئایین و شوێنی ژیان و نیشته‌جێ بوون به فه‌رمی بناسرێ و كوێله‌داری و مه‌زنیی نژادی هه‌ڵ وه‌شێته‌وه. به‌رده‌نووسی پاسارگاد كه ئێستا له مۆزه‌خانه‌ی بریتانیا دا پارێزگاری لێ ده‌كرێ، له ساڵی 1971 دا له لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به یه‌كه‌مین جارنامه‌ی گه‌ردونیی مافی مرۆڤ ناسرا. هه‌وڵه‌كانی مرۆڤـ و مرۆڤایه‌تی بۆ به به‌یاخ كردنی گیانی مرۆڤـ و ژیان و به‌هاكانی مرۆڤ له ساڵی 1948ی زایین دا په‌سند كرانی جاڕنامه‌ی گه‌ردونیی مافی مرۆڤی لێ كه‌وته‌وه كه ئێستا نیزیك به 200 وڵاتی سه‌ر گۆی زه‌وی به فه‌رمییان ناسیوه و خۆیان له به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ كردنه‌كه‌ی دا به به‌رپرسیار زانیوه. ئێران له سه‌رده‌می رێژیمی پاشایه‌تیی په‌هله‌وی دا ئه‌و جاڕنامه‌یه‌ی به فه‌رمی ناسی و رێژیمی كۆماری ئیسلامی‌یش دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لای ئێران ده‌روه‌ستیی ئێرانی به‌و جاڕنامه‌یه و ئه‌ندامه‌تیی ئێرانی له ریزی واژۆكه‌رانی ئه‌و په‌یماننامه جیهانیه دووپات كرده‌وه. به‌ڵام ئێستا‌و له 61 ساڵه‌ی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤـ دا به‌سه‌رهاتی مرۆڤـ و مافه‌كانی له ئێرانی بنده‌ستی كۆماری ئیسلامی تاڵترو دڵته‌زێنتر له‌وه‌یه كه بتوانرێ به نوسین و ده‌ربڕین باسی لێ بكرێ. پێشێلكردنی مافی مرۆڤـ له ئێران له‌لایه‌ن رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه وه‌ها ئاشكرا‌و وه‌ها توند‌و تیژ‌و نامرۆڤانه به‌رێوه ده‌چێ كه ئه‌و رێژیمه به یه‌كێك له سه‌ره‌ڕۆترین نه‌یارانی مافی مرۆڤـ له دنیا دا ناسراوه‌و تا ئێستا زیاتر له 30 جار له‌لایه‌ن كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه نێو نه‌ته‌وه‌یی¬یه‌كانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤـ و كۆمیسیۆن و شوڕای مافی مرۆڤی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه مه‌حكووم كراوه. دوایین جار ئه‌و رێژیمه له رێكه‌وتی 29ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌م ساڵ و له‌لایه‌ن كومیته‌ی سێهه‌می كۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه سه‌باره‌ت به پێشێلكردنی ره‌هاو ئاشكرای مافی مرۆڤـ مه‌حكووم كرا. پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له ئێران له پانتایی‌یه‌كی زۆر به‌رفراوان دا به‌ڕێوه ده‌چێ و رێژیمی ئیسلامیی ئێران ده‌ستی بردۆته نێو تایبه‌تی¬ترین سوچ و كه‌له‌به‌ری ژیانی خه‌ڵكی، تا ئه‌و جێیه‌ی ته‌نانه‌ت بینین و سه‌یركردنی كاناڵه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كانیشی بۆ خه‌ڵكی دیاری كردوه كه چاو له چی بكه‌ن و چاو لێ كردنی چی قه‌ده‌غه‌یه! چی له‌به‌ر كردن و چۆن له‌به‌ركردن و چی خواردن و چی خواردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیش له‌لایه‌ن ئه‌و رێژیمه‌وه چوارچێوه‌ی بۆ داندراوه و لادان و به‌زاندنی ئه‌و چوار چێوه‌یه سزای قورسی بۆ له به‌ر چاو گیراوه. ژنان، منداڵان، كه‌مایه‌تی‌یه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی‌یه‌كان و جودابیران له ئێران دا ئه‌و به‌ش و توێژه له خه‌ڵكانی ئێرانن كه به توندترین شێوه مافه‌كانیان پێشێل ده‌كرێ. له ئێران دا ئیعدام و بڕیاری له سێداره‌دان هه‌روا بڕه‌وی هه‌یه و ته‌نیا له ماوه‌ی 9 مانگی رابردووی ئه‌و ساڵ دا زیاتر له 259 كه‌س له ئێران دا له سێداره دراون و گرتوخانه و ئه‌شكه‌نجه‌گاكانی رێژیم و ئه‌وه‌ی له سیاچاڵه‌كانی رێژیم دا به‌سه‌ر نه‌یاران و جودابیران ده‌هێنرێ له مێژوو و دنیا دا وێنه‌ی نیه. لێدان و له برق‌دان، ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و روحی، ده‌ست په‌ڕاندن و چاو ده‌رهێنان و ده‌ستدریژیی سێكسی كردنه سه‌ر به‌ندییه سیاسی و مه‌ده‌نی¬یه‌كان له گرتووخانه‌كانی رێژیم دا شتێكی ئاسایی و رێگه پێدراو و باو و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی رێژیمه‌وه سروشتی‌یه . به‌ڵام ره‌وشی مافی مرۆڤ له كوردستان به‌سه‌رهاتێكی جیاوازه. كورده‌كان و كه‌مایه‌تی‌یه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان له‌گه‌ڵ جۆره‌ها پێشێلكاریی مافه‌كانیان و فه‌رق و جیاوازی‌دانان و هه‌ڵاواردن و توندوتیژی به‌ره‌وڕوون. هێشتا مانگێگ له ئیعدامكردنی ئیحسان فه‌تاحیان، لاوی جودا بیری كورد له‌لایه‌ن رێژیمه‌وه تێ نه‌په‌ڕیوه و هه‌ر ئێستاش 14 لاوی خه‌باتگێڕ و رۆژنامه نووس و چالاكی كورد له‌ژێر په‌تی سێداره‌دان. تاوانی ئه‌و لاوانه‌ی كورد ده‌نگ هه‌ڵبڕین دژی ناعه‌داڵه‌تی، پێشێلكاریی و زه‌وتكرانی مافی هاونیشتمانانیان بووه. رێژیمی كۆماری ئیسلامی دوور له چاوه‌دێریی وردی كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان و دوور له فشار‌و لێپرسینه‌وه‌و ره‌خنه‌ی كاریگه‌ری ئه‌و ناوه‌ندو كۆڕ‌و كۆمه‌ڵانه پێشێلكاریی مافی مرۆڤی له كوردستان به‌و په‌ڕی خۆی گه‌یاندوه. سه‌پاندنی كه‌شوهه‌وای ترس و سه‌ركوتی توندوتیژی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی و سیاسی‌یه‌كانی كوردستان، كه‌شی داخراوی گه‌یاندنی ئازاد و په‌لاماردانی ئازادیخوازان و رێ نه‌دان به چالاكیی چالاكان له بواری كلتووری و رووناكبیری و سیاسه‌تی توندوتیژیی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كاسبكارانی سه‌ر سنوور به‌شێكی زۆر بچووك له كار‌و كرده‌وه و كارنامه‌ی كۆماری ئیسلامی له‌و به‌شه‌ی ئێرانن. سه‌یر له‌وه دایه كه رێژیم له‌كاتیك دا كه به‌هۆی ئیعدام كردنی تاوانباران له‌لایه‌ن كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانه‌وه به پێشێلكاریی مافی مرۆڤـ مه‌حكووم ده‌كردرێ، به‌ڵام كوژرانی زیاتر له 100 كه‌س له خه‌ڵكی بێ تاوان و كاسبكاری كورد له ماوه‌ی 9 مانگی رابردوو له ناوچه سنوورییه‌كان به‌هۆی ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌كانی رێژیمه‌وه تا ئێستا سه‌رنج و بینینی كه‌سی بۆ لای خۆی رانه‌كێشاوه. سیاسه‌تی هه‌ڵكردن و مامه‌ڵه كردنی دنیای ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ رێژیمی كۆماری ئیسلامی و به هێند وه‌رنه‌گیرانی پێشێلكاریی مافی مرۆڤـ له پێوه‌ندییه دیپلۆماتیك و ئابوورییه‌كانی وڵاتانی جیهان له گه‌ڵ ئه‌و رێژیمه وای كردوه كه له لایه‌ك رێژیم ئه‌و هه‌ڵه‌ی به باشترین شێوه بۆ سه‌ركوتی نه‌یارانی خۆی به كار هێنابێ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه پرسی رێزگرتن له مافی مرۆڤـ و به‌هاو بایه‌خ و پڕه‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤیش له لایه‌ن وڵاتانی موده‌عیی دێموكراسی و ئومانیسته‌وه به گاڵته جارێك و لاهێزێكی سیاسی بۆ به‌ش و به‌رژه‌وه‌ندیی زیاتر گۆڕیبێ. تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره 524 ی رۆژنامه‌ی کوردستان دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
|
|
|