خزمه‌ته‌كانی كۆڕی په‌روه‌رده‌و فێركردن به خوێندن به زمانی كوردی
21 / 2 / 2010
پاشکۆی رۆژنامه‌ی کوردستان ژماره 529
یه‌كێك له چاوه‌ڕوانییه‌كانی گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له شۆرَشی ئێران و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی دوای سه‌ركه‌وتنی ئه‌م شۆڕشه، دابین بوونی مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌كانی بوو كه له مێژ سال بوو خه‌باتی بۆ ده‌كرد. گومانیشی تێدانیه به‌ره‌سمی ناسرانی زمانی كوردی و خوێندن به‌م زمانه له قوتابخانه‌كان¬دا له ریزی پێشه‌وه‌ی ویست و داخوازه‌كانی ئه‌م گه‌له‌دا، هه‌ر له كۆنه‌وه بووه ."هێشتا بنكه‌كانی حیزبی دیموكراتی كوردستان له شاره‌كان بوون كه حیزبی دیموكرات كه‌وته فكری دانانی كتێبی ده‌رسی به زمانی كوردی. به تایبه‌تی چونكه هیوایه‌كی هه‌رچه‌ند زۆر كه‌میش به‌وه هه‌بوو كه رێژیم مافی خوێندن به زمانی زگماكی بۆ منداڵانی كورد به‌ره‌سمی بناسێ. به‌ڵام كاتێك ده‌وڵه‌ت، كوردستانی خسته ژێر گه‌مارۆی ئابووری و مه‌دره‌سه‌كانی لادێی داخستن و نه‌خۆشخانه و ده‌رمانگاكانی (كه هه‌ر له جێش دا زۆر كه‌م بوون) بێ دوكتور و ده‌رمان هێشتنه‌وه، ئه‌ركی حیزب قورس‌تر بوو‌و بیركردنه‌وه‌ی خێرا له وه‌ڕێ خستنی قوتابخانه‌كانی لادێ و هێندێ نه‌خۆشخانه و ده‌رمانگا بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆش و برینداره‌كان پێویستی‌یه‌كی زیاتری په‌یدا كرد".(1) كۆمیته‌یه‌كی سه‌رانسه‌ری كه پێشتر بۆ دانانی كتێبی ده‌رسی راسپێردرابوو، به‌رله ده‌رچوونی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی له دژی خه‌ڵكی كوردستان له گه‌لاوێژی 1979 دا، هێندێك كۆبوونه‌وه‌ی كردبوو و پێشنووسی كتێبێكی ده‌رسیی ئاماده كردبوو.(2) به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له كوردستان و رووداوه‌كانی دواتر، له ساڵی خوێندنی 1359ـ 1358 دا، پرسی خوێندن به زمانی كوردی له قوتابخانه‌كانی كوردستان دوا كه‌وت.
دامه‌زرانی كۆڕی په‌روه‌رده‌و فێركردنی كوردستان ساڵی خوێندنی 1360 ـ 1359 (1981 ـ 1980)، له دوای ده‌وره‌ی دووهه‌می هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ستی پێ كرد. ئه‌م شار‌و ناوچه‌و گوندانه‌ی له ژێر كونترۆڵی رێكخراوه سیاسییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه دابوون، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندییه‌وه گه‌مارۆیه‌كی هه‌مه لایه‌نه‌یان خرایه سه‌ر. قوتابخانه‌كان له‌م شوێنانه داخرابوون، مامۆستا‌و قوتابی بێ مووچه‌و كتێب له ماڵی خۆیان، به نیگه‌رانییه‌وه چاوه‌ڕوانی كرانه‌وه‌ی ده‌روویه‌ك بوون و ئه‌م كاته به‌نرخانه‌ی ده‌بوو له سه‌ر پۆل به فێركردن و فێربوونه‌وه تێپه‌ڕیان كردبا، به فیڕۆ ده‌چوو. هومێد به رێككه‌وتن له نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان نه‌مابوو. نه‌ش ده‌كرا منداڵانی ناوچه ئازاده‌كان هه‌ر وا له چاوه‌ڕوانی‌دا بمێننه‌وه. لێره‌دا بوو كه حیزبی دێموكراتی كوردستان كه به‌رپرسایه‌تیی یه‌كه‌می له به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دا هه‌بوو، "كۆڕی به‌ڕێوه‌به‌ریی په‌روه‌رده‌و فێركردنی سه‌رانسه‌ری كوردستان"ی پێك هێنا.(3) له رێگه‌ی ئه‌م كۆڕه‌وه، كۆمیسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تیی حیزبی دێموكرات سه‌رپه‌رشتیی قوتابخانه‌كان و كار‌و باری په‌روه‌رده‌و فێركردنی گرته ئه‌ستۆ. "حیزبی دێموكرات له‌م مه‌یدانه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی وه‌ده‌ست هێناو خزمه‌تی باشی به په‌ره‌پێدانی زمان و فه‌رهه‌نگی كوردی و وه‌ڕێخستنی قوتابخانه‌كان كرد.(4) سه‌دان لاوی چالاك و دڵپاك به‌ده‌م بانگه‌وازی كۆڕی په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌وه هاتن و به ناوی "مامۆستاكانی شۆڕش" ده‌رگای قوتابخانه‌كانیان له سه‌رانسه‌ری ناوچه ئازادكراوه‌كانی كوردستان دا كرده‌وه.(5) هاوینی 1360ی هه‌تاوی (1981ی زایینی)و به شوێن په‌سندكرانی گه‌ڵاڵه‌ی فێركردن و بارهێنانی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ی پووشپه‌ڕی هه‌مان ساڵی كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموكراتی كوردستان دا، به مه‌به‌ستی خه‌بات دژی نه‌زانی و بێسه‌وادی و په‌ره‌پێدانی عیلم و زانست له به‌شه رزگاركراوه‌كانی كوردستان دا، له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆڕی په‌روه‌رده‌وه چه‌ندین خوولی پێگه‌یاندنی "مامۆستای شۆڕش" پێك هات. هه‌تا 15ی خه‌رمانان ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كلاسه‌كانی 15 رۆژه‌ی بارهێنانی مامۆستایانیان به سه‌ر كه‌وتوویی تێپه‌ڕ كرد بریتی بوون له: بانه 16 كه‌س، بۆكان 50 كه‌س، مه‌هاباد 73 كه‌س، سه‌رده‌شت 90 كه‌س، پیرانشار 64 كه‌س، شنۆ 90 كه‌س، نه‌غه‌ده 25 كه‌س (سه‌رجه‌م 408 كه‌س له یه‌كه‌م نۆبه‌ت دا ده‌وره‌ی مامۆستایه‌تیی شۆڕ‌شیان دیت).(6) به‌م جۆره له ساڵی خوێندنی 1361 ـ 1360 (1982 ـ 1981)دا، كۆڕی په‌روه‌رده‌و فێركردنی سه‌رانسه‌ریی كوردستان سه‌دان قوتابخانه‌ی له شارۆچكه‌و گونده‌كانی ناوچه ئازادكراوه‌كان كرده‌وه‌و سیاسه‌تی داخستنی قوتابخانه‌و نه‌خوێنده‌وار هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ی پووچه‌ڵ كرده‌وه. كتێبه ده‌رسیه‌كان كه له‌م ساڵه‌دا كه‌ڵكیان لێ وه‌رگیراوه، هه‌ر ئه‌و كتێبانه بوون كه له شار‌و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رێژیم دا خوێندراون. دیاره كۆڕی په‌روه‌رده‌و فێركردن هه‌ر بۆ ئه‌م ساڵه‌ش، فێربوونی خوێندنه‌وه‌و نووسینی كوردیی وه‌كوو ده‌رسێك له به‌رنامه‌ی كاری مامۆستاكانی شۆڕش دا دانا. له یه‌كه‌م خوولی پێگه‌یاندنی مامۆستایانی شۆڕشیش دا، ده‌رسێكی تایبه‌ت بۆ راهێنانی مامۆستایان له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌و نووسینی كوردی گونجاند. مامۆستایانی شۆڕش له ساڵی خوێندنی 1361 ـ 1360 به یارمه‌تیی ئه‌و ده‌رسه‌و نامیلكه‌یه‌كی تایبه‌تی كه له هێندێك ناوچه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاماده كرابوو، وێڕای وتنه‌وه‌ی ده‌رسه‌كانی دیكه به قوتابیان، فێری خوێندنه‌وه‌و نووسین به زمانی كوردی‌یان ده‌كردن. له باره‌ی شێوه‌ی وتنه‌وه‌ی كتێبه ده‌رسییه‌كان به قوتابیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كتێبه‌كان هی "وزارت ێ‌موزش و پرورش جمهوری اسلامی ایران" بوون و به زمانی فارسی نووسرابوون، به‌ڵام چونكه‌هه‌م مامۆستاكان و هه‌م قوتابیان كورد بوون و خوێندن به زمانی زگماكی یه‌كێك له ئاواته له‌مێژینه‌كان بوو، شه‌رح كردنی وانه‌كان له لایه‌ن مامۆستا‌و وڵامدانه‌وه له لایه‌ن قوتابیان، به زمانی كوردی بوو. به‌م جۆره له دوای كۆماری كوردستان، "بۆ یه‌كه‌م جار مناڵانی كورد، به كوردی ده‌رسیان خوێند. مامۆستا‌و قوتابخانه له سه‌نگه‌ری فه‌رهه‌نگی دا، له‌به‌رامبه‌ر هێرشی دوژمن راوه‌ستان و له ژێر بارانه‌ی گولله‌بارانی هه‌وایی و زه‌وینی دا، كۆڵیان نه‌داو به‌م جۆره خزمه‌تێكی باشیان به زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی كرد."(7) "خه‌ڵكی گونده‌كانی كوردستانیش به دانی یارمه‌تی و دابین كردنی بژیوو به‌ڕێوه‌چوونی مامۆستایانی شۆڕش، ئه‌ركی نیشتمانپه‌روه‌ری و نه‌ته‌وه‌خوازی و ئینسانیی خۆیان بۆ راماڵینی نه‌خوێنده‌واری له كوردستان دا دڵسۆزانه‌و به‌رپرسانه به‌ڕێوه برد. هه‌زاران كیژو كوڕ‌و لاو و پیری نه‌خوێنده‌واری كوردستان به رۆژو به شه‌و به‌ره‌و قوتابخانه‌كان وه‌رێ‌كه‌وتن و له ژێر سێبه‌ری دار‌و ئه‌شكه‌وت و كونه‌ته‌یاره‌و كه‌پرو ده‌وارو مزگه‌وت و كۆنه قوتابخانه‌كان دا، بۆ خوێندن به زمانی زگماكی خۆیان ئاوردوویان بۆ سه‌نگه‌ری رووناكی ده‌برد. ته‌نانه‌ت له گه‌لێك گوند‌و شوێن دا كه له نیزامی دوو هه‌زارو پێنسه‌د ساڵه‌ی نیزامی شاهه‌نشاهیی ئێران قه‌ت خاوه‌نی فێرگه‌و قوتابخانه نه‌بوون، قوتابخانه‌ی شۆڕ‌شیان له چه‌شنی خۆیدا لێ كرانه‌وه. پشتیوانیی خه‌ڵكی كوردستان له‌و حه‌ره‌كه‌ته پیرۆزه بێ وێنه بوو. به‌ڕاستی هه‌موو پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان، ئه‌وانه‌ی نه‌خوێنده‌وار بوون، وێڕای تفه‌نگی سه‌ر شانیان و فیشه‌كدانی قه‌دیان و تووره‌كه نانی كۆڵیان، كتێبی خوێندنی كوردیشیان له كۆڵه‌پشتی دا بوو".8 بۆ ساڵی خوێندنی 1362 ـ 1361، ژماره‌ی قوتابیان و ژماره‌ی قوتابخانه‌كانیش زیادی كرد. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێرشی ئه‌رته‌ش و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام بوو و له‌گه‌ڵ هه‌ر هێرشێك دا، ژماره‌یه‌كی دیكه گوند‌و ناوچه ده‌كه‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی، به‌ڵام پیشوازیی خه‌ڵك له كۆڕی په‌روه‌رده‌و خوێندن به زمانی كوردی و بایه‌خدان به خوێندنی منداڵان و گه‌وره ساڵان له په‌ره‌گرتن دا بوو. خوولی تازه بۆ په‌روه‌رده كردنی مامۆستای نوێ و هه‌روه‌ها بۆ پتر پێگه‌یاندنی مامۆستایانی پێشوو كرانه‌وه. مامۆستایانی شۆڕش، زۆربه‌یان كادر‌و پێشمه‌رگه‌ی حیزب بوون و شانبه‌شانی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركی پێشمه‌رگایه‌تی، كاری مامۆستایه‌تیشیان ده‌كرد. له زۆر شوێن هێندێ فه‌قێ و مامۆستای ئایینییش وه‌ك مامۆستای شۆڕش ده‌رسیان ده‌گوته‌وه. "له‌و خوولانه‌دا كه‌كۆڕی په‌روه‌رده بۆ پێگه‌یاندنی مامۆستای شۆڕش كردبوونیه‌وه [چۆنیه‌تیی فێركردنی خوێندنه‌وه و نووسینی] كوردی، ده‌روونناسی، شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ قوتابی، كۆمه‌ڵناسی، شێوه‌ی وتنه‌وه‌ی وانه‌ی بیركاری، هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ گوندنشینه‌كان، خۆ به دوور گرتن له به‌كار هێنانی وشه‌ی كوردیی داتاشراو، روونكردنه‌وه له سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وت و سیاسه‌ته‌كانی رێژیمه‌كان به مه‌به‌ستی تواندنه‌وه‌ی گه‌لی كورد و له‌نێوبردنی زمانی زگماكی، وه‌ك ده‌رس به مامۆستایان ده‌گوترانه‌وه". یه‌كێكی دیكه له ماده‌كانی ئه‌م خوولانه، چۆنیه‌تیی وتنه‌وه‌ی كتێبی "خوێندنی زمانی كوردی" بوو كه له سه‌ر مێتۆدی "باغچه‌بان" داڕ‌ێژرابوو.(9) له سه‌ره‌تای ساڵی خوێندنی 1362 ـ 1361 كتێبی "خوێندنی زمانی كوردی" كه حیزبی دێموكرات له وڵاتی لوبنان چاپی كردبوو، گه‌یشته ده‌ست مامۆستایان و قوتابیانی ناوچه ئازاده‌كان. كۆڕی په‌روه‌رده له نه‌بوونی كتێبه ده‌رسییه‌كان به زمانی كوردی، كه‌ڵكی له كتێبه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و فێركردنی ئێران وه‌رده‌گرت. به‌ڵام "ئاخونده[ده‌سه‌ڵاتداره]كان ته‌نانه‌ت نه‌یانده‌هێشت كتێبی فارسی بگاته ده‌ستی قوتابی¬یه كوردی خوێنه‌كان و به هه‌موو تواناوه پێشیان به هاتنی ده‌گرت".(10) كۆڕی په‌روه‌رده، به‌ره‌به‌ره كتێبی ده‌رسیی دیكه‌ی به زمانی كوردی ئاماده كردن. ئه‌م كتێبانه بریتی بوون له: 1ـ "زانستی ئه‌زموونی" بۆ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی 2ـ "ئه‌ژمێر" بۆ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی 3ـ "خوێندنی كوردی" بۆ پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی 4ـ "زانستی ئه‌زموونی" بۆ پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی 5ـ "ئه‌ژمێر" بۆ پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی 6ـ "ژیان و خه‌بات(1)" فێربوونی خوێندنه‌وه‌و نووسین، تایبه‌تی گه‌وره‌ساڵان 7ـ "رێنوێنی مامۆستا" (بۆ كتێبی "ژیان و خه‌بات"، فێركردنی خوێندنه‌وه‌و نووسینی كوردی به شێوه‌ی داهێنه‌ر") چوار كتێبی یه‌كه‌م له‌م كتێبه ناوبراوانه، ساڵی 1361 (1982) یان له سه‌ر نووسراوه. پێشه‌كیی ئه‌ژمێرو زانستی ئه‌زموونی بۆ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی له مانگی ره‌زبه‌ری هه‌مان ساڵدا (یه‌كه‌م مانگی كرانه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان) نووسراون. پێشه‌كیی "خوێندنه‌وه‌ی كوردی" و "زانستی ئه‌زموونی" بۆ پۆلی دووهه‌می سه‌ره‌تاییش له مانگی ره‌شه‌مه‌ی 1361 دا نووسراون. كتێبی ئه‌ژمێر بۆ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی، وه‌رگێڕدراوی كتێبی "حساب"ی فارسیی پۆلی یه‌كه‌مه. كتێبی "زانستی ئه‌زموونی" بۆ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییش وه‌رگێڕدراوی كتێبی "علوم"ی پۆلی یه‌كه‌می فارسی¬یه كه كراوه به كوردی. ئه‌حمه‌دی كاكه مه‌می ئه‌م دوو كتێبه‌ی كردوون به كوردی و، سه‌لاح وه‌هاب پوور و عومه‌ر ئه‌ورامی كاری وێنه‌كێشان و خۆشنووسیی ئه‌م دوو كتێبه‌یان كردوه.(11) كتێبیی "ئه‌ژمێر" و "زانستی ئه‌زموونی" بۆ پۆلی دووهه‌می سه‌ره‌تاییش، وه‌رگێڕدراوی كتێبی "حساب" و "علوم"ی پۆلی دووهه‌م به زمانی فارسین. كاری وێنه‌كێشان و خۆشنووسیی "زانستی ئه‌زموون" بۆ پۆلی دووهه‌م هه‌ر دوو كه‌سه‌كه‌ی پێشوو سه‌لاح وه‌هاب پوور(سامڕه‌ند) و عومه‌ر ئه‌ورامی (ئاسۆ) كردوویانه. كتێبی "ئه‌ژمێر" بۆ پۆلی 2ی سه‌ره‌تایی تاریخی پووشپه‌ڕی 1368 (1989)ی له سه‌ره‌و هیچ ئاماژه‌یه‌كیش به‌وه نه‌كراوه كه بۆچی چاپی ئه‌م كتێبه له‌گه‌ڵ كتێبه‌كانی تردا نه‌بووه. دوو كتێبه‌كه‌ی تر (ژیان و خه‌بات و رێنوێنی مامۆستا)، ساڵی 1363 (1984) چاپ كراون. سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م وتاره له ئه‌رشیڤی "كوردستانگدا پارێزراون.
ئه‌م بابه‌ته له پاشکۆی رۆژنامه‌ی کوردستان ژماره 529، تایبه‌ت به رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی بڵاوبۆته‌وه
|
|
|