زمانی خوێندن له سه‌رده‌می جمهووریی كوردستان دا
21 / 2 / 2010
پاشکۆی رۆژنامه‌ی کوردستان ژماره 529
گه‌شه كردنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد، هه‌موو كات بایه‌خ دان به زمانی كوردیی به‌دواوه بووه. له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش، دوای خه‌رمانانی 1320 و لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی رێژیمی پاشایه‌تی له كوردستان كه گه‌شه‌كردنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی لێ كه‌وته‌وه، جارێكی دیكه ده‌ره‌تان بۆ بووژانه‌وه‌ی زمانی كوردی پێك هات. پێشوازیی ئۆگرانی زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی له گۆڤاری "نیشتمان"ی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف، تامه‌زرۆیی خه‌ڵكی كوردستان بۆ خوێندنه‌وه به زمانێك نیشان ده‌دا كه دوو ده‌یه بوو به توندی سه‌ركوت كرابوو. بایه‌خدان به زمانی كوردی له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا به راده‌یه‌ك بوو كه له یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان دا، گرنگییه‌كی تایبه‌تی به زمانی كوردی درا. له به‌ندی دووهه‌می ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌دا داوای مافی خوێندن به زمانی زگماكی كراوه‌و گوتراوه ته‌واوی كاروباری ئیداره‌كان له كوردستان ده‌بێ به‌هۆی زمانی كوردییه‌وه بێ.(1) ئه‌مه به‌م مانایه بوو دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی دێموكراتی كوردستان ده‌یانزانی "زمان نیشانه‌ی هه‌ره گرینگ و هه‌ره ئه‌ساسیی فه‌رهه‌نگی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌و به به ره‌سمی ناسینی زمانی كوردی رێگا خۆش ده‌كرێ بۆ ئه‌وه هه‌م گه‌لی كورد به مافی خۆی بگا و هه‌م بۆ په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییش هه‌لومه‌رجێكی له‌بار پێك بێ".(2) دوای ئه‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان له 2ی رێبه‌ندانی 1324، جمهووریی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د دامه‌زراند، ئه‌م كۆماره ئاواتێكی له‌مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌م به‌شه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی هێنایه دی: زمانی كوردی كرا به زمانی ره‌سمی، كرا به زمانی خوێندن و نووسین و له ئێداره‌كان دا كاری پێ كرا. ته‌نانه‌ت خوتبه‌ی رۆژانی جومعه‌ش كرا به كوردی. له رێگای رۆژنامه‌ی "كوردستان"ی زمانحاڵی كۆماره‌وه، له‌سه‌ر ئه‌مری پێشه‌وا داوا له خه‌ڵكی مه‌هاباد كرا "هه‌ر كه‌سێك كوڕ‌و كچی هه‌بێ كه عومری ئیقتیزای خوێندن بكا، ده‌بێ بینێرێته مه‌دره‌سه" و راشگه‌یه‌ندرا كه له‌مه‌ودوا خوێندن له مه‌دره‌سه‌كان به كوردی ده‌بێ: (3) جمهووریی كوردستان باوه‌شی بۆ ئه‌و كوردانه كرده‌وه كه له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه بۆ خزمه‌تی كۆمار‌و ئه‌م به‌شه ئازاده‌ی نیشتمانه‌كه‌یان روویان كردبووه مه‌هاباد. له‌م نێوه‌دا مامۆستایانێك كه ئه‌زموون و پسپۆریی وانه وتنه‌وه به زمانی كوردی‌یان له باشووری كوردستان هه‌بوو، كه‌لكی زۆریان لێ وه‌رگیرا. خوێندن به زمانی كوردی، سنووری پایته‌ختی به‌زاند و شاره‌كانی دیكه به‌تایبه‌تی شاری بۆكانیشی گرته‌وه. ئارچیبالد رۆژڤێڵت له باره‌ی ده‌رس وتنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی مامۆستایان له قوتابخانه‌كاندا ده‌نووسێ: "سه‌ره‌تا مامۆستایانی كورد ناچار بوون له پۆله‌كانی ده‌رس گوتنه‌وه‌دا فارسی به‌زار بۆ خوێندكاران وه‌رگێڕن. به‌ڵام پێش رووخانی كۆمار كتێبی فێركردنی زمانی كوردی بۆ خوێندنی سه‌ره‌تایی چاپ كرابوون..... ته‌نانه‌ت خولی ئێواران كرابۆوه بۆ له‌ناوبردنی نه‌خوێنده‌واری بۆ به ساڵاچووه‌كان و، زمانی كوردیش بوو به زمانی خوێندن."(4) ده‌سه‌ڵاتی تازه دامه‌زراوی كورد، هه‌روا كه خوێندن به زمانی زگماكی به مافی بێ ئه‌م لاو ئه‌ولای رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌زانی، له دابینكردنی ئه‌م مافه بۆ كه‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌یی یه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمار غافڵ نه‌بوو. له 3ی بانه‌مه‌ڕی 1325 (23ی ئاوریلی 1946) له شاری ته‌ورێز په‌یمانێكی دۆستایه‌تی و هاوكاری له نێوان كۆماری كوردستان و حكوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان دا له‌لایه‌ن دوو هه‌یئه‌تی ره‌سمی‌یه‌وه به سه‌رۆكایه‌تیی پێشه‌وا قازی و جه‌عفه‌ری پێشه‌ره‌وی مۆر كرا. له به‌ندی 6ی ئه‌و په‌یماننامه 7 به‌ندییه دا هاتوه: “حكومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان بۆ پێشخستنی زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و كوردانه كه له خاكی ئازه‌ربایجان‌دا ده‌ژین و حكوومه‌تی میللیی كوردستانیش بۆ پێشخستنی زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ئازه‌ربایجانی‌یانه‌ی كه له خاكی كوردستان‌دا ده‌ژین، به پێی توانا هه‌ول ده‌ده‌ن."(5) .....هاوكات له‌گه‌ڵ دامه‌زرانی قوتابخانه و به‌رێوه بردنی گه‌لێك چالاكیی دیكه‌ی فه‌رهه‌نگی له مه‌هاباد، قوتابخانه بۆ منداڵانی جووله‌كه‌ی نیشته‌جیێ ئه‌م شاره‌ش ده‌سته‌به‌ركرا. بۆ ئه‌وه‌ی زمانی زگماكیی خۆیان فێربن و له هه‌موو قۆناغه‌كانی فێركاری و په‌روه‌رده‌یی‌دا له‌گه‌ڵ قوتابیانی دیكه‌ی نیشتمان یه‌كسان و بێ‌جیاوازی بن."(6) به رووخانی كۆماری كوردستان چرای هومێدی كوردان له‌م به‌شه‌ی نیشتمانه‌كه‌یان كوژایه‌وه. جارێكی دیكه رۆژگارێكی ره‌ش له مێژووی كورددا ده‌ستی پێ كرده‌وه. نه‌ك هه‌ر كۆتایی به خوێندن به زمانی كوردی هات، به‌ڵكوو نووسین به كوردی و چاپه‌مه‌نیی كوردی قاچاغ بوونه‌وه. په‌هله‌ویی دووهه‌میش وه‌ك باوكی سیاسه‌تی زاڵكردنی زمانی فارسی و سه‌پاندنی وه‌ك تاقه زمانی خوێندن له ئێران‌دا درێژه‌دا. "سه‌پاندنی زمانی فارسی له لایه‌ن حكوومه‌تی په‌هله‌وییه‌وه به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كانی ئێران‌دا، جیاكردنه‌وه‌ی زمانی خویندن له زمانی زۆرایه‌تیی خه‌ڵك، سه‌پاندنی زمانی سێ‌یه‌كی خه‌ڵكی ئێران به‌سه‌ر دووله‌سێی خه‌ڵكی وڵات بوو.... وڵات به‌هۆی راسیسم و دواكه‌وتوویی رێژیمی شایه‌تیی په‌هله‌وییه‌وه، به تایبه‌تی به هۆی دابڕانی دووله‌سێی حه‌شیمه‌ت له دایك و زمانی دایكیان، نوقمی به‌ره‌ودواگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو كه نموونه‌كه‌ی له سه‌رده‌می ئیستادا، له هیچ وڵاتێك‌دا ناتوانین به‌دی بكه‌ین."(7) سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م وتاره له ئه‌رشیڤی "كوردستان"دا پارێزراون.
ئه‌م بابه‌ته له پاشکۆی رۆژنامه‌ی کوردستان ژماره 529، تایبه‌ت به رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی بڵاوبۆته‌وه
|
|
|