رچه‌شکێنی یه‌كه‌مین ژنانی گۆرانیبێژ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
6 / 3 / 2010
كاكشار ئوره‌مار
كاتێك ناوی ئێران خانمم به‌بیر دێته‌وه، یان كه‌سێك له‌سه‌ر كار و ژیانی داوای زانیاریم لێ ده‌كات، ته‌زوویه‌كی سارد به له‌شمدا دێت، چونكه به‌منداڵی ناوی ئێران خانمم بیستبوو. ئه‌و وه‌ك خانمێكی گۆرانیبێژ، ده‌نگخۆش له‌ناو گه‌لدا رێزێكی زۆری هه‌بوو، به‌ڵام زۆر كه‌سیش هه‌بوون سووكایه‌تییان پێ ده‌كرد، كچه گوندییه‌كان ده‌یانگوت:" مه‌گه‌ر ئێران خانم شه‌رم ناكات له ناو پیاوان و له‌رادیۆدا گۆرانی ده‌ڵێت...". به‌ڵام جێی سه‌رنج بوو كه ته‌واوی ژنان و كچانی هه‌رێمه‌كانی ئورمێ، سۆما، برادۆست، سه‌ڵماس، ده‌شته‌بێل، خۆی، ماكۆ، زینده‌شت و بازرگان زۆر حه‌زیان له‌ده‌نگی ئێران خانم بوو. كاتێك گوێیان له‌گۆرانییه‌كانی ده‌گرت، بیستنی ده‌نگی، گوێگرانی بۆ نێو دنیای خه‌م و مه‌ینه‌ته‌كان، ده‌گه‌ڕانده‌وه. له نه‌وه‌ده‌كان كاتێك له شاری ته‌ورێز ده‌رسم ده‌خوێند هه‌ركات ده‌رفه‌ت هه‌بایه‌ت زوو ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ شه‌قامی ئیسلام ئابادی ئورمێ و ته‌نیشت" گره كۆ"، گردی جووله‌كه‌كان دووكانێك له‌سه‌ر رێگا سه‌ره‌كییه‌كه بوو. ژنێك كه دووكانه‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌برد، سه‌ری به هه‌ورییه‌كی ره‌ش به‌ستبوو و جلوبه‌رگی كوردی له‌به‌ر بوو، ئه‌و به زارێكی پڕ له پێكه‌نینه‌وه له‌گه‌ڵ موشته‌رییه‌كانی قسه‌ی ده‌كرد و به‌ڕێی ده‌كردن. كاتێك مرۆڤ به‌وردی سه‌یری روخساری ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ته‌مه‌نی 50 ساڵیی تپێه‌ڕاندبوو، جوانییه‌كی تایبه‌ت به سیمایه‌وه ده‌بینرا. قسه‌خۆش بوو، زۆر به رێزه‌وه وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی ده‌دایه‌وه. ئه‌و خانمه هه‌مان ئێران خانمی گۆرانیبێژ بوو كه من چاوه‌ڕوانم نه‌ده‌كرد رۆژێك له رۆژان ئاوه‌ها به ساده‌یی و له نزیكه‌وه بیبینم. له چاو و روخساریدا هه‌زاران قسه‌ی نه‌بیستراوی حه‌شار دابوو، دیار بوو كه چیرۆكی ژیانی هێشتا له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه نه‌بیسترابوو و نه‌نووسرابوو. پێشتر له چه‌ند كه‌سم بیستبوو ده‌رگای دڵی خۆی بۆ كه‌س ناكاته‌وه. ئه‌وه‌بوو كه ژنێكی ناودار و ده‌نگخۆش، به‌بێ ناوونیشان سه‌ری نایه‌وه. من خۆمم به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانی، چونكه له‌وانه‌بوو به‌هۆی خزمێكم بمتوانیبا وتوێژێكی له‌گه‌ڵدا بكه‌م، به‌ڵام نه‌مكرد. چاره‌نووسی ئێران خانم،" له‌و كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتووه‌دا" كۆتایی هات. له‌و ساڵانه‌دا كه ئورمێم جێهێشت و هاتمه ئه‌ورووپا، زۆر هه‌وڵمدا به هاریكاری هه‌ڤاڵانم هه‌ڤپه‌یڤینێكی له‌گه‌ڵدا چێ بكه‌م، به‌ڵام له‌ژێر سته‌م و ترسی به‌رپرسانی حكوومه‌تی ئێران‌دا له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كه‌س جورئه‌تی نه‌كرد، ئه‌و ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه ئه‌نجام بدات. دواتر من زانیم كه ئێران خانم، ماڵئاوایی له ژیان كردووه و حه‌سره‌تی دیداری دووباره‌ی له دڵمدا مایه‌وه. ئێران خانم كێیه؟ نازناوی هونه‌ری" ئێران خانم"ه و ناوی راسته‌قینه‌ی" ئێران موجه‌رد"ه. پاش ئه‌وه‌ی له رادیۆی ئورمێ ده‌ستی به‌كار و تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی كردووه، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی رادیۆ و هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌وه نازناوی "خانم"ی له‌سه‌ر دانراوه. خانمی ده‌نگخۆش ئێران، له‌ساڵی1950-1951 له بنه‌ماڵه‌یه‌كی جووتیار و هه‌ژار له‌دایك بووه. ئێران، له گوندی ئینكه‌سوی هه‌رێمی برادۆست له‌دایكبووه. ناوی باوكی عه‌بدولڕه‌حمان و دایكیشی ناوی په‌رێشان بووه. وه‌ك ده‌گوترێت "په‌ریشان ژنێكی ده‌نگخۆش بووه" ئه‌وه‌ش وه‌ك میراتێك بۆ ئێرانی كچی ماوه‌ته‌وه. جگه له‌وه‌ش سروشتی ده‌ستلێنه‌دراو و ره‌نگینی هه‌رێمی برادۆست كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر حه‌ز و خۆشه‌ویستی ئێران بۆ هونه‌ر و گۆرانبێژی داناوه. تافی منداڵی و گه‌نجێتی ئێران خانم، له گوند ده‌رباز بووه و ئه‌و بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ناو گه‌وره‌ماڵانی هه‌رێمه‌كه‌دا كاری كردووه. ساڵانێكی دوور و درێژ له‌ماڵی خانمی "كیشوه‌ر مامه‌دی"دا وه‌ك كچێكی ماڵ كاری كردووه. به‌پێی ئه‌و شاهیدانه‌ی كه ئه‌وكات له نزیكه‌وه ئێران خانمیان بینیوه، كچێكی زۆر هێژا و شیرین و ده‌نگخۆش بووه. زۆرجاران له ته‌مه‌نی گه‌نجی خۆیدا له دیوانی گه‌وره ماڵان‌دا گۆرانییه پیاوانه‌كانی گوتووه‌ته‌وه. له‌و ساڵانه‌دا ده‌نگی ئێران خانم شایی و داوه‌ته‌كانی خه‌مڵاندووه و كه‌م داوه‌ت هه‌بووه كه ئه‌و تێیدا به جلووبه‌رگی ره‌نگین و گۆرانیه خۆشه‌كانیه‌وه به‌شداری تێدا نه‌كردبێت. ئێران خانم پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ" سه‌عید"ناوێك زه‌واج ده‌كات، له گوندی سۆمانئاوا نیشته‌جێ ده‌بێت و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌وێ ده‌مێنێته‌وه. له‌و گونده به‌هاریكاری مێرده‌كه‌ی باشتر له ساڵانی پێشوو كاری گۆرانیبێژی درێژه پێده‌دات. مێرده‌كه‌ی رێی لێ ناگرێت و ئه‌و هاوكارییه‌ش شیرینی پێكه‌وه ژیانیان زیاتر ده‌كات. له رادیۆی كوردی ئورمێ له ساڵی1969 به‌دواوه رادیۆی شاره‌كانی ئورمێ، تاران و كرماشان پرۆگرامی كوردی- زاراوه‌ی كورمانجییان هه‌بووه، به‌ڵام ماوه‌ی په‌خشیان له نیو كاتژمێره‌وه بۆ 2 كاتژمێر گۆِردراوه. پاش دامه‌زراندنی به‌شی كوردی رادیۆی ئورمێ، ئیتر ده‌نگی گۆرانبێژانی كورمانجی ده‌گه‌یشته باكوور و باشووری كوردستان، ئه‌وكات ژنی گۆرانیبێژ له رادیۆكاندا نه‌بوون. ئێران خانم له هه‌رێمه‌كه‌دا ژنێكی ناسراو بوو. له‌سه‌ر داواكاری گۆرانبێژانی وه‌ك" حه‌مید یوسفی، موسته‌فا عه‌لیزاده، ئیبراهیم نه‌ورۆزی و هه‌روه‌ها گرووپی مۆسیقای رادیۆ" ئێران خانم، له‌ساڵی 1971دا له رادیۆی ئورمێ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌ستی به گۆرانیبێژی كرد. ئێران خانم له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان یه‌كه‌مین ژنی كورده كه به زاراوه‌ی كورمانجی سه‌روو گۆرانی گوتووه و ده‌نگی له رادیۆ تۆمار كردووه. جێی ئاماژه‌یه كه ئێران به‌ر له‌وه‌ی كاری گۆرانیبێژی له رادیۆدا ده‌ست پێ بكات، ساڵانێك بوو كه ناوبانگی ده‌نگی له شار و گونده كورمانجنشینه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاو ببوویه‌وه و هه‌تا له باكووری كوردستانیش ئێران خانم، له ناو خه‌ڵكیدا كه‌سێكی ناسراو بوو. كاتێك له رادیۆ دا ده‌ستی به‌كار كرد، ئیدی وه‌ك كه‌سێكی به‌ناوبانگ له هه‌ر شوێنێكی كوردستان خۆشه‌ویست و ناسراو بوو. له‌ناو كورد، میراتی ژن له بواری هونه‌ر و گۆرانیبێژیدا زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده، به هه‌زاران ژن و كچ هه‌بوونه و ( ئێستاش هه‌ن) كه له بواره‌كانی وه‌ك ده‌نگخۆشی، داهێنان و گۆرانیبێژیدا سه‌رمه‌شقن، به‌ڵام له‌به‌ر سیسته‌مه پیاوسالاره‌كان و هه‌ندێك له یاسای ئیسلامییه وشكه‌كان، ده‌نگه‌كانیان كپ بووه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌دا كه له به‌رده‌م ژنی كورد بوونه، دیسان ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌و ژنانه گوێیان نه‌داوه‌ته ئه‌و عورف و عاده‌تانه‌ی كه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی سه‌رده‌م نه‌بوون. ئه‌وان كه‌لام و قه‌سیده‌یان گوتووه، له شایی و بۆنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌شدار بوونه و شانبه‌شانی پیاوه‌كانیان شایسته‌یی خۆیان له گه‌له‌ك بواردا سه‌لماندووه. له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا كه به‌ر له ئێران خانم، ژنی ده‌نگخۆش و هونه‌رمه‌ند هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ك ئێران خانم به‌جه‌رگ نه‌بوونه و وه‌ك ئه‌و نه‌یانتوانیوه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كاری هونه‌ری خۆیان له رادیۆ و ستۆدیۆكان تۆمار بكه‌ن. چونكه ئه‌و كاره له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا عه‌یبێكی گه‌وره بوو و هه‌مووان گاڵته‌یان پێ ده‌كرد و به‌چاوێكی سووكه‌وه سه‌یری كاره‌كانیان ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر هونه‌ری گۆرانیبێژی خۆی پێ‌داگر بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی بژێوی بوو و هه‌میش له ناخی دڵه‌وه حه‌زی لێ ده‌كرد. له‌سه‌ر ئه‌و بنامه‌یه‌ش مرۆڤ ده‌توانێ بڵێت كه ئێران خانم، ره‌وشێكی فه‌رمی دابووه كاری هونه‌ری خۆی و وه‌ك یه‌كه‌مین ژنی كوردی گۆرانیبێژ له ناوچه‌ی باكووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ناسرێت. له‌ناو كورده‌كانی پارێزگای خۆراسانیشدا ژنێك هه‌بووه به‌ناوی (بان‌و شێروانی) كه به زاراوه‌ی كورمانجی له رادیۆی شاری مه‌شهه‌د گۆرانی چڕیوه. به‌ڵام نازانرێت كه ئایا به‌ر له ئێران خانم، ده‌ستی به گۆرانی كردووه یان نا؟ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌و دوو ژنه له ناو كورده كورمانجه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا رچه‌شكێن بوون. له ناو دراوسێكانی كورددا ئه‌گه‌ر ژنێك بیویستایه ئه‌م كاره بكات، زه‌حمه‌ت بوو كه بتوانێت له ناوچه‌كه‌دا بمێنێته‌وه، بۆیه ناچار رووی له تاران ده‌كرد و له‌وێش به زمانی فارسی گۆرانی ده‌گوت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان، ئێران خانم و بانوو شێروانی وه‌هایان نه‌كرد و له‌ناو گه‌لدا مانه‌وه. به‌پێی شاهیدان و كه‌سانی نزیكیان هه‌ردوو ژنه‌كه له بواری ئه‌خلاق و پێوه‌ره كولتوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه هێژا بوون و خاوه‌نی كه‌سایه‌تی خۆیان بوون. له هه‌رێمی ئه‌رده‌ڵانیش یه‌كه‌مین كچ كه به زاره‌وه‌ی كورمانجی ناوه‌ڕاست(سۆرانی) گۆرانی گوتووه، فه‌تانه وه‌لیدی بوو كه به شێوه‌یه‌كی پرۆفیشناڵ گۆرانییه‌كانی خۆی له رادیۆی سنه‌دا تۆمار كردووه. له ناوچه‌ی موكریانیش مه‌نیج حه‌یران، یه‌كه‌م ژن بووه كه گۆرانی گوتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه گۆرانیه‌كانی تۆمار نه‌كراوه. ئێران خانم له‌ساڵی1971 تا ساڵی 1979 كه كۆماری ئیسلامی له‌و ساڵه‌دا دامه‌زرا مانگی 2 جار له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی به‌ناوی" گولیستان" ده‌چووه، رادیۆی كوردی ئورمێ و گۆرانیه‌كانی تۆمار ده‌كرد. كاتێك گۆرانیه‌كانی له رادیۆوه پێشكه‌ش ده‌كرد، نامه‌ی هۆگرانی ده‌نگی جارله‌جار زیاتر ده‌بوو. حه‌ز و خۆشه‌ویستی ئێران بۆ گۆرانی گوتن زۆر بوو، به‌ڵام به‌رپرسانی حكوومه‌تی په‌هله‌وی، نه‌یانده‌ویست ماوه‌ی كاری رادیۆی كوردی زیاتر بكه‌ن. چونكه كارێكی وا رێی له پرۆسه‌ی تواندنه‌وه‌ی زمان و كولتووری كوردی ده‌گرت. ئامانجی ئه‌وان له دامه‌زراندنی رادیۆی كوردی له ئورمێ، كرماشان و تاران ئه‌وه بوو، كه رێ له كوردانی رۆژهه‌ڵات بگرن تا تێكه‌ڵ به شۆرشی نه‌مر موسته‌فا بارزانی له باشووری كوردستان نه‌بن. ناوه‌رۆكی گۆرانییه‌كانی ئێران خانم گۆرانیبێژیی، له هه‌رێمی ئورمێ تا ماكۆ و كورمانجه‌كانی خۆراسان له‌ژێر كاریگه‌ری گۆرانیبێژیی سه‌رحه‌دی باكووری كوردستاندا بووه. ئه‌و كلامه كوردییانه‌ی كه له‌رێگای رادیۆی ئیریڤانه‌وه بلاوده‌كرانه‌وه، كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر گۆرانیبێژی كوردانی رۆژهه‌ڵات داناوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كاتێ مرۆڤ گوێ له گۆرانییه‌كانی ئێران خانم ده‌گرێت، كاریگه‌رییه‌كی له‌و جۆره‌ی بۆ ئاشكرا ده‌بێت. ناوه‌رۆكی زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی ئێران خانم سه‌رچاوه‌یان له فۆلكلۆری ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستانه‌وه گرتووه. ئه‌و وه‌ك گوته‌بێژێكی گه‌لی هه‌رێمه‌كه گۆرانی گه‌له‌ری ده‌ڵێت كه باس له كێشه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌كات. گۆرانی وه‌ك: عاریفۆ لاوۆ، باژۆ ئه‌میرێ من، باڤێ لالۆ، ده‌لال ئه‌ز حه‌یران، ده‌لال لۆ، ده‌لالێ مالێ، دلێ من لۆی لۆی، دۆتمام و پسمام، فلیتێ قوت‌و، حه‌دۆ رابه، كوڕێ خه‌لاقێیو ده‌لال، لێ لێ یه‌مان(دۆمامێ)، شه‌ڕێ جه‌ز و سالیحبه‌گێ، یار گه‌وره و چه‌ندین گۆرانی دیكه كه به ناوه‌رۆك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هه‌موویان گه‌له‌رین و باس له ئه‌ڤین و وه‌فاداری ژنی كورد ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئاغا و مێرخاس و به‌گه‌كانی كورد گوتراون. كاتێك ئێران خانم گۆرانی ئه‌ڤینداری ده‌ڵێت، هونه‌ری گۆرانیبێژییه‌كه‌ی باشتر بۆ بیسه‌رانی ئاشكرا ده‌بێت، ره‌نگه هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بووبێت كه ئێران له ژیانی خێزانی و ئه‌ڤینداری خۆیدا شكستی هێنابێت. هه‌رچه‌نده ژماره‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه ئێران خانم له رادیۆی كوردی ئورمێ تۆماری كردووه، نازانرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و 8-9 ساڵه‌ی كاری فه‌رمی خۆیدا(1971تا1979) مانگێ دووجار چووبێته رادیۆ، ژماره‌یه‌كی زۆری گۆرانی تۆمار كردووه. هاوكات ئه‌وه‌ش نه‌زانراوه كه چه‌ند گۆرانی بێ موزیك و به موزیكه‌وه تۆمار كردووه. پاش تێكچوونی رژێمی شاهه‌نشاهی، رژێمی ئیسلامیش ده‌رگای ئه‌رشیفی كوردی رادیۆكه‌ی داخستووه و رێگه به كه‌س نادرێت كه له‌وباره‌یه‌وه لێكۆڵینه‌وه بكات. پێده‌چێت كه به‌رپرسانی حكوومه‌تی نوێ له ساڵانی شه‌ڕی نێوان كورد و پاسداره‌كاندا، هه‌موو ئه‌رشیفی كلام و گۆرانییه كوردییه‌كانی له‌ناو بردبێت. هونه‌رمه‌ند ئێران خانم له31 ساڵ خه‌باتی هونه‌ری خۆیدا زیاتر له 100 گۆرانی گوتووه كه له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا بڵاوبووه‌ته‌وه. ئه‌وه ته‌نیا ژماره‌ی ئه‌و گۆرانیانه‌یه كه به‌ناوی ئه‌وه‌وه له ناو گه‌لدا بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێران خانم سه‌دان گۆرانی فولكلۆری و گه‌له‌ری گوتووه و له رادیۆدا تۆماری كردووه. چاره‌نووسی ئێران خانم ده‌گۆڕدرێت! دوای نزیكه‌ی 30 ساڵ ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌عیدی مێردی، كه ببوونه خاوه‌ن كچێك و دوو كوڕ، سه‌عید به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی ئێران خانمه‌وه ژنی دووهه‌می هێنا. ئه‌وكات ماڵیان له گوندی سۆمانئاوا بوو. ئه‌و ره‌وشه لاپه‌ڕه‌ی ژیانی ئێران خانمی گۆڕی و نه‌یتوانی ده‌ردی هه‌وێ قبووڵ بكات. پاش شه‌ڕ و پێداگرییه‌كی زۆر، ئێران خانم بڕیاری جیابوونه‌وه له سه‌عیدی مێردی ده‌دات. پاش ئه‌وه‌ش گوندی سۆمانئاوا و منداڵه‌كانی به‌جێده‌هێڵێت و ماوه‌یه‌كیش لای باوكی ده‌مێنێته‌وه. دواتر بۆ جاری دووهه‌م له‌گه‌ڵ پیاوێك به‌ناوی"داداش ناسری" ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێت و له‌شاری تاران نیشته‌جێ ده‌بێت. سێ ساڵ له‌وێ ده‌مێنێته‌وه و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ڵماس و15 ساڵیش له‌وێ ده‌ژیت. دواتر دێنه ئورمێ و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له گه‌ڕه‌كی ئیسلام‌ئاباد خانوویه‌ك ده‌كڕن و پێكه‌وه دووكانداری ده‌كه‌ن. ئیتر له‌و ساڵانه‌دا بێده‌نگ ده‌بێت و ته‌نیا له ناو بۆنه تایبه‌تی و خێزانییه‌كان و كه‌سانی ناسراودا ده‌نگی ده‌بیسترێت. له‌و ساڵانه‌ی كه ئێران خانم له تاران بووه، كه‌س نازانێت له‌كوێ بووه و چۆن ژیاوه. منداڵه‌كانیشی ئاگاداری ره‌وشی ئه‌وكاتی نین! به‌ڵام پاشان ده‌ركه‌وتووه كه بێده‌نگ نه‌بووه و هونه‌ره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه درێژه پێداوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه بێده‌نگییه‌دا ئێران خانم، چه‌ند كاسێتی نوێی خۆی بۆ شاره‌كانی باكووری كوردستان ده‌نێرێ، پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی كاسێته‌كانی له كوردستان و توركیا وه‌ها ده‌زانرێت كه ئێران خانم له باكووری كوردستانه!(له‌وێ ده‌ژی)، به‌ڵام وه‌ها نه‌بوو، ئه‌و له تاران بوو. ئاشكرایه كه ئه‌وكات په‌یوه‌ندی ئه‌و له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی هونه‌ری كوردی له باكووری كوردستان باش بووه و كاتێك كه مافی گۆرانی گوتنی له ئێران نه‌بووه، به‌نهێنی كاسێته‌كانی گه‌یاندووه‌ته باكووری كوردستان. ئه‌وه‌ش زیاتر خۆشه‌ویستی ئێران خانم بۆ هونه‌ری كوردی ده‌سه‌لمێنێت. ژیانی ئێران خانم له سه‌رده‌می بێده‌نگیدا ره‌نگێكی تر ده‌گرێته خۆی و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی گۆرانییه‌كانی داده‌نێت و به ته‌واوه‌تی ده‌یگۆڕێت. ناوه‌رۆكی ته‌واوی گۆرانیه‌كانی ئێران خانم، له‌ده‌ستپێكی ژیانی له‌گه‌ڵ مێردی دووهه‌میدا تا ئه‌وكاته‌ی ده‌مرێت، باس له بێبه‌ختی و زوڵمی پیاوی كورد له‌ژن ده‌كات؟! به‌ڵێ ئه‌ڤینی30 ساڵانی سه‌عید هه‌رگیز له‌بیری ئێران خانم نه‌چووه‌ته‌وه. ئێران خانم له مێردی دووهه‌می كوڕ و كچێكی هه‌یه. مردنێكی گوماناوی و تراژیك ئێران ژنێكی زیره‌ك و قسه‌خۆش بوو. ته‌ندروستی باش بوو، له ساڵانی دوایی ژیانیدا هه‌میشه خه‌ریكی دووكانداری بوو. له‌ره‌وشێكی وه‌هادا و له 10/8/2001 هه‌واڵێك له ناو خه‌ڵكی ئورمێدا بڵاوبووه‌وه كه لایه‌نگرانی هونه‌ری كوردی و دۆستانی ئێران خانمی زۆر غه‌مگین كرد. هه‌واڵه‌كه وه‌ها بوو:" ئێران موجه‌ره‌د به خنكاندنی خۆی كۆتایی به ژیانی هێنا!!". ئه‌و هه‌واڵه پرسیاری زۆری لای ئه‌و كه‌سانه دروست كرد كه له نزیكه‌وه ده‌یانناسی. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له‌لای منه و له هه‌ڤاڵانی نزیكیم بیستووه، ئێران كه‌سێكی دیندار بووه و زه‌حمه‌ته كه‌سێكی بڕوادار كاری وه‌ها بكات. چونكه له‌باری ده‌روونییه‌وه نه‌خۆش نه‌بوو تا مرۆڤ بتوانێت گومانێكی وا بكات و خۆكوشتنی بسه‌لمێنێت. له‌باره‌ی مردنه‌كه‌یه‌وه شتی جۆراوجۆر ده‌گوترێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه به فه‌رمی له‌لایه‌ن پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ی ئورمێیه‌وه گوترا ئه‌وه بوو:" خۆی كوشتووه...". هۆكاری ئه‌و رووداوه تراژیكه وه‌ك هه‌ندێك له نزیكانی ئێران خانم كه(نایانه‌وێت ناویان ئاشكرا ببێت) باسی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه:" له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئێران و مێرده‌كه‌ی به كاری دووكانداریی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند ببوون، به‌ڵام منداڵانی ژنی پێشووی مێرده‌كه‌ی چاویان بڕیبووه ئه‌و سامانه‌یان و شه‌ڕیان پێ ده‌فرۆشتن و داوای پاره و پولیان لێ ده‌كردن. به مه‌زنده‌ی ئێمه كوڕی داداشی مێردی له‌به‌ر پاره، ئێران خانمی خنكاندووه...". به‌هه‌رحاڵ تا ئێستا هیچ كه‌س شتێكی روون له‌باره‌ی مردنه‌كه‌یه‌وه نازانێت و به‌داخه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له‌باره‌ی هۆكاری خنكاندنه‌كه‌یه‌وه نه‌كراوه. ناوی ئێران خانم ده‌چێته پاڵ ژنانێكی وه‌ك مریه‌م خان، نه‌سرین شێروان، ئایشێ شان، گوڵبه‌هار، مه‌رزیه فه‌ریقی، فه‌تانه وه‌لیدی و گه‌لێك هونه‌رمه‌ندی كورد. سه‌رچاوه: هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ خه‌بات برادۆستی، هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژانی كورد سۆفی عه‌لی، عه‌لی حه‌وسه‌د و برا نه‌ورۆزی و هه‌روه‌ها هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سی نزیكی ئێران خانم كه رازی نه‌بوون ئاماژه به ناوه‌كانیان بدرێت. وه‌رگیراوه له ماڵپه‌ڕی "وارڤین"
|
|
|