ماوه‌ی ده‌سبه‌سه‌رکرانی کاوه کرماشانی بۆ یه‌ک مانگی دیکه‌ش درێژ کرایه‌وه
7 / 3 / 2010
کوردستان و کورد نیوز: دادسه‌رای کرماشان رایگه‌یاندوه که ماوه‌ی ده‌سبه‌سه‌رر کرانی کاوه کرماشانی مانگێکی دیکه‌ش درێژ کراوه‌ته‌وه. هه‌واڵده‌ریی چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کرده‌وه که ماوه‌ی ده‌سبه‌سه‌رکرانی به‌ر له دادگایی کردنی کاوه قاسمیی کرماشانی، ئه‌ندامی شووڕای به‌رزی رێکخراوی به‌رگری له مافی مرۆڤی کوردستان بۆ مانگێکی دیکه‌ش درێژ کراوه‌ته‌وه. خاتوو فه‌ره‌نگیس داوودی، دایکی کاوه کرماشانی به هه‌واڵده‌ریی چاوه‌دێری مافی مرۆڤی کوردستانی راگه‌یاندوه که پێیان راگه‌یاندوه که په‌روه‌نده‌ی کاوه بۆ دادسه‌را نێردراوه، به‌ڵام کاتێک که مسته‌فا ئه‌حمه‌دیان، پارێزه‌ری کاوه کرماشانی بۆ به‌دواداچوونی په‌روه‌نده‌که سه‌ردانی دادسه‌را ده‌کا، له‌وێ ئاگاداری ده‌که‌نه‌وه که ماوه‌ی ده‌سبه‌سه‌رکرانی کاوه کرماشانی له لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامییه‌وه مانگێکی دیکه‌ش درێژ کراوه‌ته‌وه. کاوه قاسمیی کرماشانی، ئه‌ندامی شووڕای به‌رزی رێکخراوی به‌رگری له مافی مرۆڤی کوردستان و ئه‌ندامی چالاکی ئه‌و رێکخراوه‌یه رۆژی چوارشه‌ممه، 14 ی رێبه‌ندان له ماڵی باوکی له کرماشان له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامییه‌وه ده‌سبه‌سه‌ر کرا. شایانی باسه که له‌و کاته‌وه تا ئێستا ته‌نیا 1 جار ئیزنیان به ناوبراو داوه که به ته‌لیفوون له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی پێوه‌ندی بگرێ و رۆژی سێشه‌ممه، 12 ی ره‌شه‌ممه‌ش له سه‌ر پێداگریی زۆری دایکی کاوه ئیداره‌ی ئیتلاعاتی کرماشان رێگه‌ی دا که بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆ ماوه‌ی 15 ده‌قه چاویان پێی بکه‌وێ.
|
|
|