له رۆژی جیهانیی ژن دا پێش له چوونه ده‌ره‌وه‌ی سیمین بێهبه‌هانی له ئێران گیرا
9 / 3 / 2010
کوردستان و کورد نیوز: سیمین بێهبه‌هانی كه له‌سه‌ر بانگهێشتنی شاره‌وانیی پاریس ده‌یه‌ویست به مه‌به‌ستی به‌شداریی كردن له رێوڕه‌سمی رۆژی جیهانیی ژنان سه‌ردانی فه‌رانسه بكه، به هۆی پێشگرتنی مه‌ئمورانی فڕۆكه‌خانه‌وه پێش له چوونی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات گیرا. خاتوو بێهبه‌هانی كه سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی دووشه‌ممه 8 ی مارس ده‌یه‌ویست له رێگای فرۆكه‌خانه‌ی خومه‌ینییه‌وه له ئێران بچێته ده‌ره‌وه، له لایه‌ن مه‌ئمورانه‌وه پێشی پێ گیراوه و پاسپۆرته‌كه‌شی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه و دواتر بۆ چه‌ند كاتژمێر لێپرسینه‌وه‌ی لێ كراوه و پێیان راگه‌یاندوه كه ده‌بێ خۆی به دادگا بناسێنێ. سیمین بێهبه‌هانی شاعیر و ئه‌ندامی كانونی نووسه‌رانی ئێران بڕیار بوو له رێوڕه‌سمی تایبه‌تی كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 18ی ره‌شه‌مه له شاری پاریس به بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی ژنانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ ، به‌شداریی بكا و سه‌باره‌ت به گرفت و بابه‌ته‌كانی ژنانی ئێران وتارێك پێشكه‌ش بكا. بێهبه‌هانی مانگی رێبه‌ندانی ساڵی رابردوو به نوێنه‌رایه‌تیی كه‌مپه‌ینی "گۆڕین بۆ یه‌كسانی" خه‌ڵاتی "سیمۆن دۆبوار"ی له پاریس وه‌رگرتبوو. شایانی باسه سیمین بێهبه‌هانی له ساڵی 1331ی هه‌تاوی میداڵی نێوده‌وڵه‌تی ئاشتی بۆ شێعر و له ساڵی 1377 لۆحی رێزلێنانی توێژینه‌وه‌ی ژنانی ئه‌مریكای وه‌رگرتووه. ئه‌و شاعیره هه‌روه‌ها ساڵی 1378 ، خه‌ڵاتی رێكخراوی چاوه‌دێری به‌سه‌ر مافی مرۆڤ و میداڵی "كارڵ فۆن ئیستیسكی" پێ دراوه. جێی ئاماژه‌یه كه جگه له سیمین بێهبه‌هانی ، نه‌سرینی ستوده ، مه‌نسووره شوجاعی ، نه‌رگیس محه‌ممه‌دی ، ته‌لعه‌ت ته‌قی نیا و به‌دروسساداتی موفیدی له‌و ژنه چالاكانه‌ن كه مافی چوونه ده‌ره‌وه له ئێرانیان لێ زه‌وت كراوه.
|
|
|