ئێران ده‌ڵێ که تۆڵه‌ی گیرانی هه‌واڵنێره‌كه‌مان له ئیتالیا ده‌كه‌ینه‌وه
8 / 3 / 2010
كوردستان و كوردنیوز: به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ڵێن که تۆڵه‌ی گیرانی هه‌واڵنێره‌كه‌مان له ئیتالیا ده‌كه‌ینه‌وه. به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی قۆڵبه‌ست كرانی هه‌واڵنێری رادیۆ ـ ته‌له‌ویزیۆنی ئێرانیان له ئیتالیا به "ته‌نزی سیاسی" ناو برد‌و رایانگه‌یاند كه تۆڵه‌ی ئه‌و کاره له ئیتالیا ده‌كه‌نه‌وه. به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی "مێهر" عه‌لی لاریجانی، سه‌رۆكی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی رۆژی یه‌كشه‌ممه 16ی ره‌شه‌ممه گوتویه‌تی كه قۆڵبه‌ست كرانی حه‌مید مه‌عسوومی‌نژاد پیلانی منداڵانه‌ی ئیتالیایه‌كه ده‌بێ به "ته‌نزی سیاسی حه‌وتوو" ناوی لێ ببرێ. لاریجانی هه‌روه‌ها گوتی كه ئیتالیا به قۆڵبه‌ست كردنی ئه‌م هه‌واڵنێره كایه‌ی به ئابڕووی سیاسی و ئه‌منیه‌تیی خۆی كرد. حه‌مید مه‌عسوومی‌نژاد هه‌واڵنێری رادیۆ و ته‌له‌ویزیۆنی ئێران حه‌وتووی رابردوو له گه‌ڵ ئێرانیه‌كی دیكه‌و پێنج ئیتالیایی به تۆمه‌تی قاچاخی چه‌ك وچۆڵ و پێشێل كردنی گه‌ماڕۆه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ئیتالیادا قۆڵبه‌ست كرا. محه‌ممه‌دعه‌لی رامین جێگری چاپه‌مه‌نیی وه‌زاره‌تی ئیرشاد رۆژی شه‌ممه، 15ی ره‌شه‌ممه له دژكرده‌وه‌یه‌كدا له هه‌مبه‌ر گیرانی ئه‌م هه‌واڵنێره گوتی: كه ئێران تۆڵه له ئیتالیا ده‌كاته‌وه. رامین میهمانپه‌رست وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی كه حه‌مید مه‌عسوومی‌نژاد له ئیتالیادا كه‌وتۆته ته‌ڵه‌ی ئامریكاییه‌كان. ناوبراو هه‌روه‌ها گوتی كه پیلاندانان بۆ خستنه داوی هاووڵاتیانی ئێرانی نوێترین شێوه‌ی ئامریكاییه‌كان بۆ رووبوڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه. به‌رپرسانی ئێرانی به بانگ كردنی باڵوێزی ئیتالیا له تاران ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان سه‌باره‌ت به گیرانی هه‌واڵنێری رادیۆ ته‌له‌ویزیۆنی ئێران به ناوبراو راگه‌یاندوه. پێوه‌ندییه‌كانی ئێران و ئیتالیا دوای رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران ئاڵۆزتر بووه ئیتالیا به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی سه‌باره‌ت به په‌لاماری سه‌فاره‌تخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له تاران به‌شداریی له رێوڕه‌سمی ساڵوه‌گه‌ڕی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی نه‌كرد.
|
|
|