ژنڕاڵ پترایۆس ده‌ڵی که ئێران خه‌ریکه ببێته حکومه‌تی لات و چه‌قۆکێشه‌کان
9 / 3 / 2010
کوردستان و کورد نیوز: ژنراڵ ده‌یوید پترایۆس،فه‌رمانده‌ی ئه‌رکانی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له باشووری ئاسیا و رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست له وتووێژێک دا له‌گه‌ڵ تۆڕی ته‌له‌فزیۆنی "سی ئێن ئێ"ی ئه‌مریکا دا رایگه‌یاندوه که ئێران ورده ورده به‌ره‌و حکومه‌تێک ده‌چێ که تاقمێک لات و چه‌قۆ کێش حوکمی به سه‌ردا ده‌که‌ن. ناوبراو به ئاماژه به سه‌رکوت و گرتن و کوشتنی نه‌یاران و دژبه‌رانی حکومه‌ت له لایه‌ن هێزه سه‌رکوتگه‌ره‌کانه‌وه گوتویه‌تی که ره‌وتی گۆڕانکارییه‌کان له نێو حکومه‌تی ده‌سه‌لاتبه‌ده‌ستی ئیران‌دا له‌و کاته‌وه ده‌ستی پێ کرد که حکومه‌ت به دزین و زه‌وتکردنی ده‌نگی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری دا، هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ره‌ڕۆ و لاسار هه‌ڵهێنایه‌وه و ئه‌وه بوو که ئه‌و کاره‌ی رێژیم له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی توندی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئیران به‌ره‌وڕوو بووه‌وه. ژنڕاڵ پترایۆس له وڵامی پرسیارێک دا سه‌باره‌ت به کێشه‌ی ناو‌کیی ئێران گوتی که ئیمه ناتوانین بڵێین که ئێستا ئێران سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ناو‌کییه، هه‌رچه‌ند زانین یان نه‌زانینی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه شتێکی ئه‌ونده گرینگ نیه، چونکه ئێران ئێستا هه‌موو که‌ره‌سته و ئامرازێکی به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ناو‌کی له به‌رده‌ست دایه و شتێکی سه‌یریش نیه که خه‌ریکی دروستکردنی بۆمبیکی ناو‌کی بێ. ناوبراو له درێژه دا رایگه‌یاندوه که‌لاڕێی و پێمل نه‌بوونی ئێران بۆ بڕیار و یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کاری ئێمه بۆ پێک هێنانی کۆبه‌ندی و هاوده‌نگییه‌کی به‌رین دژ به‌و وڵاته ئاسانتر ده‌کا. ناوبراو ئاشکرای کردوه که له‌گه‌ڵ زۆر له‌و وڵاتانه‌ی که پێشتر دژی سه‌پاندنی سزای زیاتر به سه‌ر ئیران‌دا بوون قسه‌ی کردووه و زۆریان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه که پشتگیری ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئامریکا بکه‌ن. به باوه‌ڕی ژنڕاڵ پترایۆس ئێستا ئێران بۆ خۆی یه‌کێک له باشترین هاریکاره‌کانی ئامریکا بۆ پێکهێنانی ئه‌و کۆ ده‌نگییه بوه
|
|
|