فرۆشتنی بێنزین به ئێران له لایه‌ن گه‌وره‌ترین کۆمپانیاکانه‌وه راگیرا
9 / 3 / 2010
کوردستان و کورد نیوز: هه‌نارده‌کاره گه‌وره‌کانی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌کان له ترسی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا فرۆشتنی به‌نزین به ئێرانیان راگرتوه. به پێی هه‌واڵێکی بی‌بی‌سی، رۆژنامه‌ی ئابووریی به‌ریتانیایی "فاینه‌نشاڵ تایمز" له راپۆرتێک‌دا بڵاوی کردۆته‌وه که گه‌وره کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، به بێده‌نگی فرۆشتنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌کان، به‌تایبه‌ت بێنزینیان به ئێران راگرتووه که نیشانه‌ی نیگه‌رانیی ئه‌وان سه‌باره‌ت به سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان دژی ئێرانه و هه‌روه‌ها نیشانده‌ری سه‌رکه‌وتنه نهێنییه‌کانی ئه‌مه‌ریکایه سه‌باره‌ت به باوه‌ڕ پێهێنانی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ سزادانی ئێران. به پێی ئه‌م راپۆرته، کۆمپانیاکانی ڤیتۆڵ، گێله‌نکۆر و تراڤیگۆرا، که سێ کۆمپانیای وڵاتی سوئیسن و به‌شێکی زۆری به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌کانی جیهان دابین ده‌که‌ن، فرۆشتنی به‌نزینیان به ئێڕان راگرتووه، به‌ڵام ئه‌وه نیشانه‌ی پچڕانی ته‌واوی هه‌نارده‌ی به‌نزین به ئێران نیه. شایانی باسه که له ئێستادا، کۆمه‌ڵه کۆمپانیایه‌کی بچووک له دوبه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا چینییه‌کان، جێگه‌ی ئه‌م کۆمپانیا گه‌ورانه‌یان گرتۆته‌وه. له کاتی ئێستادا، ئێران جگه له به‌رهه‌می خۆی، رۆژانه پێویستیی به کڕینی ١٣٠هه‌زار بۆشکه بێنزین له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌یه. فاینه‌نشاڵ تایمز له‌سه‌ر زاری به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمپانیای ڤیتۆڵ که نیوه‌ی به‌نزین ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیان دابین ده‌کرد،نووسیویه‌تی که درێژه‌دان به مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێران له لایه‌ن سیاسییه‌وه و لایه‌نی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌کانی چالاکیی کۆمپانیاکه، کێشه‌یان بۆ ساز ده‌کا. به گوته‌ی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانه، داهاته داراییه‌کانی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه ئه‌و ئه‌نجامه خراپانه‌ی که لێی ده‌که‌وێته‌وه ناهێنێت و هه‌ر به‌م هۆیه، کۆمپانیا گه‌وره‌کان له موناقه‌سه‌ی فرۆشتنی ساڵانه‌ی بێنزین به ئێران‌دا به‌شداریان نه‌کردوه
|
|
|