Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۱۹ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 09/08/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

دژە ڕۆژهەڵات ناسی ئێدوارد سەعید (1)

09/06/2016 | 03:45:45
+A
-A

ڕەچەڵەک ناسی پەیوەندی نێوان زانست و ڕۆژهەڵات ناسی لە ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا
لە واقیعدا بیری ڕەخنەگەرانەی ئێدوارد سەعید *دژە ڕۆژهەڵات ناسییە* پاش هێنانە گۆڕی ئەم بۆچوونە فەلسەفیانەی سەعید کۆمەڵێک بیرمەندی ڕۆژهەڵاتی و موسوڵمان کەوتنه تەقالای دۆزینەوەی ئاڵتێرناتیڤ بۆ گۆڕینەوە و سڕینەوەی ڕەوتی ڕۆژهەڵات ناسی که وەکوو خاڵێکی بەرانبەر،ئەو پارادایمه بێگانەیە بدۆڕێ.
تێکڕای شرۆڤەکارانی بەرهەمەکانی سەعید پێیان وایە که ئەو بیرمەندێکی پۆست مۆدیرنه، بۆیە دەبێت بۆ ناسینی باشتری کۆی بەرهەمەکانی لە گەڵ ئاستی بیری پۆست مۆدێرنیتە و پرەنسیبەکانی لە بواره جۆراوجۆرەکانیدا وەکوو جیهان ناسی مرۆڤ ناسی، مەعریفە ناسی ،پرس ناسی ،نەریت ناسی و ئەنجامدا ئاکامناسی ئاشناییمان هەبێت.
لە سەردەمی هاوچەرخ و لە ساڵی 1970 ی زایینی یەکێک لە هەرە گرینگترین رووداوەکان “هەڵاتنی مەکتەبی دواپێکهاتەخوازی” لە ژیانی ڕۆشنبیری فەڕانسەدا بوو. ئەرک و فانێکشێنی ئەم مەکتەبە ; بەرەنگاری و بەرهەڵستکاری لە گەڵ عەینییەت و گشتی بوون و شوناسی فەرمی و هێزی سەردەست بوو که پێشتر زانستە مرۆیەکانیدا لە باوشی خۆی ڕاگرتبوو.
بە تایبەتی لە بەرهەمی بیرمەندانێکی وەکوو دریدا، فۆکۆ ،بارت لیوتار ،لاکان و بۆردیار ئەم دیاردە زانستییە زەق و بەرچاوە که ئەو پارادایمه فیکریانه لە ئەندێشەی نیچە و هایدگر سەرچاوە دەگرێتەوە.
لە دونیای پۆست مۆدیرندا نه هەر زانست بەڵکوو جیهانی واقیع لە دڕناڵی زمان و زەیندا ساز دەکرێ و لە نێوانی جیهان و زماندا شتێک بوونی نییە. هەر بەم هۆیە کاتێک جیهانێکی دیاری کراو هەبوونی نەبێت زانستێکیش سەبارەت بە ناسینی ئەو جیهانە نییە. هەر تاک و گرووپ و کۆمەڵێ بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی که هەڵقوڵاوی مشوور و چاوەڕوانی تایبەتی و جیاوازە بۆ جیهانی دەرەکی دەڕوانێ . هەر تاک و گرووپ و کۆمەڵێ بە چەشنێکی تایبەت جیهانی خۆی ساز کردووە و تێی گەیشتووە و مەعریفەیەکی جیاوازی لە گەڵدایە. بە گشتی زانست و مەعریفه و ڕەهەند و هزرێکی یەکانگیربوونی نییە و هەمووی شوناسی مێژوویین و لە ڕێگای دۆخی کۆمەڵگایی پێناسە دەکرێن.
لیوتار لە پەرتۆکی *بارودۆخی پۆست مۆدێڕن* که بە هەڵنەهاتن لە گەڵ مۆدێڕنیزم لە قەڵەم دەدرێت لە پەلەقاژەی سەروو لێ گێڕانەوە” واتە لێ گێڕانەوەی گەورە باس دەکات و دەڵێ سەردەمی ئێمە،بینەری لە ناوچوونی ئەو لێ گێڕانەوانەن که بەڵێنی حەقیقەت و دادپەروەری و بەختەوەری بە خەڵکی دەدات!
فۆکۆ یەکێک لە گرینگترین مەرجەعە فیکریەکان ئێدوارد سەعیده. سەعید لە *ڕۆژهەڵات ناسی* دا دەڵێ چەمکی دیسکۆرس بە پێی پێناسەی فۆکۆ لە دوو پەرتۆکی *دێرین ناسی زانست* و * چاودێری و سزا* یارمەتی زۆری دام بۆ داڕشتنی بناغەی ڕۆژهەڵات ناسی. و هەروها دەڵێ ئەگەر ئەم چەمکە وەکوو دیسکۆرسێ چاوی لێی نەکەین ناتوانیین لە ڕەوتێکی هەرە پێکهاتەیی که ڕامیاری و چاند و هزری ڕۆژهەڵاتی لە ئاپلۆقەی خۆیا دیل کردووه تێبگەین.
توێژینەوەکان سەعید ئەم پرسە ڕوون دەکات که چلۆن ڕۆژهەڵات ناسی وەکوو ئامێرێکی زانستی ; مێکانیزمێکی بۆ بەربار کردنی بیرە گشتییەکان ساز کردووه که بە پێی بەرژەوەندی و قازانجی دەسەڵاتی ئێستیعمار بێت.
سەعید پێی وایە لە بازنەی ڕۆژهەڵات ناسیدا کە نووسەران و هەڵسووڕاوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا پێکیان هێناوە جوگرافیایەکی خەیاڵاوی بە دی هاتووه که جیهان بە دوو جەمسەری “بەشی گەورە و جیاواز! واته ڕۆژهەڵات زەوین” و “جیهانی ئێمه واتە ڕۆژئاوا زەوین” دابەش کراوە.
هەر بەو چەشنه که فۆکۆ لە پێوەندی زانست و دەسەڵات چەتەکان ،بەلاڕێداچووەکان ،هەرزەکاران و شێتەکان لە دەزگای فیکری خۆیدا تیوریزە دەکات کە بە چ رەوش و بارودۆخێک شناسایی و لێ وردبوونەوەیان لێ دەکرێت و دەچنە نێو بازنەی کۆنترۆڵ و سزادا.
ڕۆژهەڵات ناسیش هەمان حوکمی بۆ ئێدوارد سەعید هەیە. چەمک هایەک وەکوو جەوهەر ،عیرفان، ئێستێبداد،گەندەڵی، ڕۆح و شکۆ و هەوەس لە ڕێگای ئەو دیسکۆرسه خولقێندراوەی ئاکادیمیسیەنە ڕۆژئاوایەکان هاتووەتە گۆڕەپانی خۆێندنەوە و چاودێری گشتی که هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا زۆربەی ئەو داهاتە زانستیانە لە پێناوی بەرژەوەندی ئەمپریالیزمی نوێدایە.
بە بڕوای سەعید لانی کەم هەتا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە تا ئەمڕۆ کاردانەوەی جیهانی ڕۆژئاوا لە هەمبەر ئایینی ئیسلام به پێی هزری * ڕۆژهەڵات ناسی* بووه . هەر بەم هۆکارەش ئەم ئایینه بە هەموو خوێندنەوە جۆراوجۆرەکانی پابەندی ڕۆژهەڵات زەوین ناسراوه .و تێڕوانین سەبارەت بە وی تێکەڵاوی مەترسی و دوژمنایەتی کراوه. هەڵبەت سەرەڕای ئەم دیسکۆرسە سەلمێندراوه هۆکارە ڕامیاری ،ئایینی و سایکۆلۆژیانەش پێچوونیان هەبووە.
سەعید پیشان دەدا کە* ڕۆژهەڵات ناسی* لە هۆکەری چوار لێ گێڕانەوەی تیوریک لە بارەی ڕۆژهەڵاتدا کار دەکا . که ئەم چوار تەوەرە زەینی تاک و کۆمەڵی ڕۆژئاوایی لە ژێر کاریگەری خۆی دادەنێ
لێ گێڕانەوەی یەکەم : دەسەڵاتی ئیستیبدادی
لێرەدا دەتوانین به لێکۆڵینەوەی دەقاودەقی مۆنتسکیو لە پەرتۆکی * دەست خەتە فارسیەکان* وتارەکانی ویتفۆگل لە بارەی ئێستبدادی ڕووسی و هەروەها بڕیاری *شێوەی بەرهەم هێنانی ئاسیایی* کاڕڵ مارکس ئیشارە بکەین.
لێ گێڕانەوەی دووهەم: نەبوون و بۆشایی گۆڕینی کۆمەڵایەتی
دەتوانین بە پەرتۆکی *ڕامیاری* ئەرەستوو ; * سامانی نەتەوەکان* ی ئادام سمیت و فەلسەفەی فایدەخوازانەی جرمی بنتام و جۆن ستوارت میل و پەرتۆکی * ڕاوەستانی چینی* ئاماژە بکەین.
لێ گێڕانەوەی سێیەم: جینسیەت و شاوەت
پەرتۆکی *داب و نەریتی میسرییە مودێڕنەکان* و *ئەخلاقی پڕۆتێستانی*و *ڕۆحی سەرمایەداری * ماکس وێبر و بۆچوونەکان هۆرکهایمێر و ئادۆڕنۆ لەم بارە دان
لێ گێڕانەوی چوارەم: نەبوونی دۆزەنە و بیرکردنەوە
بەرهەمەکانی ماکس وێبر سەبارەت بە بیرکردنەوە و دیوان سالاری لە ڕۆژهەڵات نموونەێیکە لەو شێوە لێ گێڕانەوە.
کۆتایی به‌شی یه‌که‌م.

لە ژماره‌ ٦٨١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌