کێشهو ههرای نێوان شورای شارو شارەداری ئیلام لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاشكرابوونی گهندهڵیی ٨٠٠ میلیارد تمەنی لە بەشی فەزای سەوزدا لێكەوتەوە. ئەم بڕە پارەیە وەك پاداشی شارەداری بە كاربەدەستان لە لیستی ماڵیی ئەم ئیدارەیەدا نووسراوە.
لە سەرەتای دانانی یەزدان قوبادیان وەك شارەداری ئیلام لە ڕەشەممەی ٩٣ هەر لە سەرەتاوە كێشە لە نێوان شارەدارو شورای شاردا دروست بوو، تەنانەت چەند جار داوای ڕوونكردنەوە كرابوو.
تا دوو جار کۆبوونهوهی ئیستیزاحو لێپرسینهوه له شارەداری ئیلام لە لایەن شورای شارەوە بەڕێوەچووه كە هیچ کام لهو دوو جاره بۆ لابردنی شارهدار دەنگی نەهێناوهتهووە، له ئێستادا كێشەكە قووڵتر بۆتهوه. شورای شاری ئیلام ئێستا لە هەوڵی ئەوە دایە كە بۆ سێهەمین جار شارەداریی شار ئیستیزاح بکا.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وێنەیەك لە شارەداری ئیلام لە تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان بە شێوەیەكی بەربڵاو بڵاوكراوەتەوە كە لەم وێنەیەدا شارەدار پاداشتی میلیۆنیی بە ٢٥ كەس لە كاربەدەستانی پارێزگای ئیلام دهدا.
حوجەت حەسەنزادە، سەرۆكی شورای شاری ئیلام وێڕای بڵاوكردنەوەی لیستی ئەم كەسانەی پاداشیان لە شارەدار وەرگرتووە، ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردۆتهوهو دهڵێ: ئەو بڕە پارەیەی كە لە لایەن شارەداری ئیلام وەك پاداش بە بەڕێوەبەرانی ئەم شاره دراوە ڕاستەو ناقانوونییهو؛ لە دەرەوەی پەسندكراوی شورای ئیسلامیی شارە.
حەسەنزادە دەڵێ ئەم بڕە پارەیەی كە دراوە پێچهوانهی ئیدیعای ئاغای شارەدار، هەقی كۆبوونەوە نەبووە، بەڵكوو وەك پاداش بەم بەرپرسانەی پارێزگا دراوە.
لهلایهکی دیکهوه سادق نوورمحەممەدی یەكێكی دیكە لە ئهندامانی شوڕای ئهم شارە ڕایگهیاندوه که بڕی ٨٠٠ میلیۆن تمەن پارەی فەزای سەوزی ئیلام لە لایەن شارەدارەوە تەخشان پەخشان كراوەو خوراوە.
وادیاره کێشهی نێوان شوڕای شارو شارهدار جارێ درێژهی دهبێ.