دادستانی نەیشابوور هەڕەشەی كردوە كە لە ئەگەری هەر چەشنە هەوڵێكی دیكە بۆ بەڕێوەبردنی كۆنسێرتی شەهرام نازری، زۆر بە توندی لەگەڵ ناوبراو بەرەوڕوو دەبنەوە.
جەواد فەرەجی، ئامادەكاری ئەم كۆنسێرتە، لەم بارەوە ڕایگەیاندوە كە، پاش نهدواداچوونی زۆر لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، بۆ جارێكی دیكە مۆڵەتی كۆنسێرتی نەیشابوور لە ڕێكەوتی ١٠ و ١١ی جۆزەردان بە شەهرام نازری درا و بە مەبەستی دابینكردنی ئەمنیەت لە كاتی بەڕێوەچوونی ئەم بەرنامەیەدا، چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ فەرمانداریو كاربەدەستانی ئەمنیەتیی ئەم شارە بەڕێوەچووه و پاشان لهگهڵ سەرۆكی ئیدارەی ئیرشادی نەیشابوور سەردانی دادستانیان کردوه، بەڵام ئەو دیسانهکهش زۆر بە جیددی ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر بەڕێوەچوونی ئەم كۆنسێرتە دەربڕیوه.
وەك فەرەجی دەڵێ پاش ئەوەی كە ئاماژەی بە مۆڵەتە قانوونییەكانی ئەم كۆنسێرتە كردوەو باسی لە بەڵێنیی فەرماندار بە مامۆستا نازری لە بابەت بەڕێوەچوونی ئەم كۆنسێرتە كردوە، پێداگریشی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە مۆڵەتی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی ئەم كۆنسێرتە وەرگیراوە، بەڵام دادستان ڕاشكاوانە گوتوویەتی بێتوو ئەم كۆنسێرتە بەڕێوە بەرن زۆر بە توندی بەرەوڕووی شەهرام نازری دەبێتەوە.
ناوبراو لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی سوور بوونی ئێمە لەسەر بەڕێوە بردنی كۆنسێرتی نازری بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشت و بڕیارماندا ئەم كۆنسێرتە هەڵوەشێنینەوە.
عەلی جەننەتی، وەزیری ئیرشاد لە كاردانەوە بە هەڵوەشانەوەی ئەم كۆنسێرتانەی كە وەزارەتی ئیرشاد مۆڵەتی بەڕێوەچوونیان پێ دەدا، گوتی: هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم كۆنسێرتانە خۆتێهەڵقورتاندنی نابەجێی دادستانییە و ئەوان بە پێی لێكدانەوەی خۆیان هەوڵی لەم چەشنە دەدەن.