Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱۳ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 03/08/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

چەند سەرنجێک لەسەر نووسین بۆ منداڵان

26/05/2016 | 01:58:40
+A
-A
ئەحمەدی قادری

تا ئێستا زۆر جاران ئەو پرسیارە دووپات کراوەتەوە کە داخوا نووسین بۆ منداڵان هێندە سووک و ساکارە هەموو نووسەرو خاوەن خامەیەک لە بارانی دابێ بۆ منداڵان بنووسێ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لەلای هەموو ئەدیب و نووسەرێکی خاوەن بەهرەو، تەنانەت ئەوانەش کە بۆ منداڵان دەنووسن و پەیتا پەیتا شێعر و چیرۆکیان بۆ بڵاو دەکەنەوە، روون و ئاشکرایە. رەنگە هەموو نووسەرێک لەوە تێگەیشتبێ کە نووسین بۆ منداڵان لە نووسین بۆ گەورەکان ئەگەر قورستریش نەبێ هاسانتر نیەو، هەموو نووسەرێک لەو گۆڕەپانەدا ناتوانێ ئەسپی سەرکەوتن تاودا.
بێگومان هەموومان لەوە ئاگادارین کە منداڵانیش هەروەک گەورەکان خاوەنی بیر و بۆچوونی دنیای تایبەت بە خۆیانن. ئەوانیش حەز و تاسەی منداڵانەی خۆیان هەیە و هەر بەرهەمێکی ئەدەبی کە بە دڵیان نەبێ و چێژی لێ وەرنەگرن و شتی لێ فێر نەبن، بەهی خۆیانی نازانن. کەوابوو باشتر وایە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دووپات کراوەیە، دەبێ ڕووبکەینە خودی منداڵان و ئێمە لە وەکیلیی ئەوانەوە جواب نەدەینەوە. جا گرینترین و سەرەکی‌ترین خاڵ کە لێرەدا وەبەرچاو دەکەوێ ئەوەیە کە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان ئەو بابەت و نووسراوانەی بۆ منداڵانی دەنووسن ئەگەر لەسەر منداڵانی تاقی بکەنەوە و لە راوبۆچوونی ئەوان سەبارەت بە نرخ و بایەخی بەرهەمەکەیان کەڵک وەرگرن، بێ‌گومان لە کارەکەیان‌دا سەرکەوتووتر دەبن و نووسراوەکانیان بەپێزتر و پڕکاکڵ و نێوەڕۆکتر دەبێ.
ئەگەر سەرنجێک بدەینە کتێب و لاپەڕەی گۆڤار و رۆژنامەکانی سەردەمی خۆمان بەتایبەت ئەم چەند ساڵانەی دوایی کە بە زمانی کوردی بڵاوبوونەتەوە، خوانەی بڕێ بەپێی فیلان شێعرو پەخشان و چیرۆک و داستانی جۆراوجۆری تایبەت بە منداڵان وەبەرچاو دەکەوێ کە دەتوانین بڵێین: ئەگەر لە گەلانی دیکە لە پێشتر نەبین، کەمتریشمان نەنووسیوە. دیارە ئەوە لە لایەکەوە جێگای خۆشحاڵی‌یە کە لە ساڵێ‌دا دەیان کتێب و نووسراوی ئەدەبی منداڵان لە ژێر چاپ دێتە دەرێ و چاوی جگەرگۆشەکانمانی پێ روون دەبێتەوە. بەڵام داخوا لە نێوەڕۆک‌دا بەڕاستی ئەو کتێبانەن کە منداڵ لە دوورەوە بۆیان شاگەشکە دەبێ و لە پێگەیاندن و هەڵدان‌دا دەورێکی کاریگەریان هەیە؟ داخوا هەڵ‌دەگرێ نووسەرەکانیان منەتمان سەرکەن لە پێناوی پەروەردە و فێرکردنی منداڵ‌دا چاکی مەردانەیان بەلادا کردووە و ئارەقەیان ڕشتووە و شەونخوونی‌یان کێشاوە؟ یاخۆ بە زۆری زۆرداری بەسەریاندا سەپێنراوە و بە ناهەق و لە خوتووخۆڕایی ناوی ئەدەبی منداڵانیان لەسەر داناون و بە عالەمی ئاشکرا و لەبەرچاوی کۆمەڵ بوختانیان پێ‌کردوون.
بە بڕوای ئێمە بەشێک لەو نووسراوانە بە مەبەستی بازرگانی کردنی ئاشکراو بۆ دەرخستنی ناوو ناوبانگ کە خۆیان لە ڕیزی نووسەران بژمێرن و لە نێو خەڵک‌دا سنگی خۆیان ڕەپێش کەن ئەو کارە دەکەن و بە ناوی ئەدەبی نوێ‌وە سەر لە منداڵانیش دەشێوێنن. دیارە ئەگەر خوێندەوارانی بەهەست و، ڕووناکبیرانی خاوەن ئەزموون چاوێک بەو بەرهەمە نوێ‌یانەدا، بەتایبەت ئەو بەرهەمە شیعری‌یانەی بە ناوی هەڵبەستی منداڵانەوە نووسراون،بخشێنن، داخوا جیا لە شوێن پێ‌هەڵگرتن و لاسایی کردنەوە و لەبەر داگرتنەوەی شیعری شاعیرانی وەک: گۆران، پیرەمێرد، زێوەر، قانیع، بێکەس، کاکەی فەللاح، عەلی شەونم، بێ‌خەو، لەتیف هەڵمەت و…، چ داهێنانێکی نوێ‌یان هەست پێ‌دەکەن؟ بۆ وێنە کاتی خۆی مامۆستا گۆران شیعری “بەرخەکەم”ی بۆ منداڵان نووسیوە کە بە دوای ئەودا بەهەمان کێش و سەرواو تەنانەت بابەتیشە وە چەند هەڵبەستی دیکەمان وەبەرچاو دەکەوێ! یان لاسایی کردنەوە لە بارەی شیعری قوتابخانە و مامۆستا و گاڵتەکردن و پاک و خاوێنی و گوێ ڕایەڵی و زۆرشتی لەو بابەتانە.
بەڕاستی تۆ بڵێی منداڵانی ئەمڕۆش وەک هی دەیان ساڵ لەمەوبەر خەون و خەیاڵیشیان هەر لەلای مام پشی و مام ورچ و ڕێوی و کەڵەشێر بێ؟! بێ‌گومان ئەو پرسیارە لە هەر کەس بکەین وەڵامی “نا” دەبیستین. منداڵانی ئەمڕۆ لە دەورو زەمانێک‌دا دەژین کە لە گەورەکان زۆرتر لە بەرانبەر شەڕی ئەستێرەکان و شۆڕشی تێکنۆلۆژی و ئاڵۆزی‌یەکانی ئەم دنیایە سەرسوڕماو و حەپەساون. ئەی ئەوەنیە بێ پسانەوە تەلەڤیزیۆن لە فیلمە کارتۆنی‌یەکان داو لە بەردەمی منداڵان عەجایبات و شتە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەم چاخە لەسەر سەحنە، وەک پیاوی ئاسمانی، مرۆڤی ئەستێرەکان زانست و پێ‌گەیشتن، فڕین بە ئاسمان‌دا و، ئەتۆم و شەڕوشۆڕ و تاقیگە و فیزیک و شیمی‌ نیشان دەدەن. دەی خۆ لە دنیای مەجازیی ئەمڕۆدا عەتاری و کامپیوتەر و ئینتێرنێت و مۆبایل و زۆر شتی دیکەش بەتەواوی جێگەوپێگەویان بە یاریە کۆنەکان لەق کردوە و، بێ‌گومان ئەمانە هەموویان لە تێگەیشتن و پێگەیشتنی منداڵ و کامڵ‌بوونی هەست و بیری شوێنەوار دادەنێن. جا ئەگەر لەگەڵ ئەوانەدا ئەدەبیاتەکەشی لەو قاپووڕە کۆنەی داستانی مشک و پشیلە و ئەو جۆرە شتانەی لە بەرەو پێش بردنی زەینی منداڵ‌دا بێ‌کەڵکن بێتە دەرێ و نووسەرانی ئەدەبیاتی منداڵان ڕێ‌ڕەوێکی نوێ بگرنە بەر، ئەمجارە بۆیە دەبێ منەتمان لەسەر دانێن و لەبەرانبەر خزمەتەکەیان‌دا بە قەرزداری خۆیان‌مان بزانن. بەڵام لێمان تێک نەچێ، کاتێک دەڵێین ئەدەبی منداڵان نوێ بکرێتەوە و نموونەشمان بەشتە سەرسوڕهێنەرەکان هێنایەوە، مەبەستمان ئەوە نیە کە شەڕی ئەستێرەکان بۆ منداڵان بنووسین. بەڵکوو لە شتە ساکار و سەرەتاییەکانەوە دەبێ دەست پێ بکەین و هەر نەبێ وەک: “نۆسۆف”ی نووسەری ڕووسی (خێزانوو چکەیەکی بەختیار) بنووسین.
نۆسۆف کە چارەکەسەدەیەک مامۆستا و هاوڕێی منداڵان بووە و لە پەروردە کردن و بارهێنانیان‌دا بەتەواوی شارەزا بووە و ئاگای لە هەست و نەستی ئەوان بووە، ئەتۆمی نەکردۆتە نێوەڕۆکی چیرۆکێکی منداڵانە و بەسەریان‌دا ساخ بکاتەوە. بەڵکوو زۆر بە ساکاری پێی ناوەتە مەیدان و باسی کەرەسەیەکی جووجیلە هەڵێنانی کردۆتە نێوەڕۆکی چیرۆکەکەی. چونکە بەتەواوی لەوەتێ گەیشتووە کە بۆ منداڵ قسە دەکا و ئەگەر بە زمانی ساکار و پاراو لە گەڵیان نەدوێ، نووسراوەکانی لەگەڵ پلەی تێگەیشتنی ئەوان ناتەبایی دێنێتە گۆڕی و چیرۆکەکانی بێ لایەنگر دەمێننەوە. لەلایەکی دیکەشەوە منداڵانی لە خەون و خەیاڵ‌دا ڕانەگرتوون و لەبەرانبەر راستی‌یەکان‌دا دواندوونی. چونکە زانیویەتی سبەینێی ئەوان رۆژێکی دیکەیە و لە ئەمرۆ ناچێ. “سەمەدی بیهڕەنگی” لە مێژە گوتوویەتی: “نووسەری منداڵان با بەس بڵێین گوێ ڕایەڵ بەو قسە لە قسەی گەوران‌دا مەکەو پاک و خاوێن بەو شەوانە زوو بخەوە و بەیانیی زوو هەستە! با هیچ نەبێ منداڵ لەوە ئاگادار بێ کە لە دەوروبەری خۆی چی هەیە”.
دیارە ئەوەش بەو مەبەستە ناڵێین کە نووسەران بەتەواوی پشت لە فۆلکلۆر و کەلەپووری نەتەوایەتیمان بکەن و حەکایەت و بەسەرهاتی گیانبازی و فیداکاری و نیشتمان پەروەری‌مان موتوربەی چیرۆکەکانیان و هەڵبەستەکانیان نەکەن. چونکە منداڵان بەر لە هەموو شتێک دەبێ لە ڕابردووی باپیرانیان ئاگاداربن. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە نووسەر بە چ شێوەیەک لەگەڵ سەردەمی نوێ‌دا پێڵۆزی بکاو، لەو چوارچێوە رزگاری بکا کە شەوانی درێژی زستان‌دا پیرە لە گوێی ئاگردان بۆ دەگێڕانەوە.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر تەمەنی نووسینی بۆ منداڵان‌دا پێویستە ئەدەبی منداڵان گۆڕانێک بە خۆیەوە ببینێ و، وێڕای ئەدەبیاتی گەورە ساڵەکان رێگای نوێ بوونەوە بگرێتەبەر. دیارە بەخۆشیەوە لەم چەند ساڵانەی دوایی‌دا ئێمەش چەند نووسەرێکمان تێدا هەڵکەوتوون کە بەهۆی ئەو ئەزموونانەی لە ئەدەبیاتی بێگانە و دراوسێ‌کان وەسەر یەکیان ناوە، نووسینی بۆ منداڵانیان گەیاندۆتە ئاستێکی بەرز و قۆناغێکی نوێ. بەڵام ئەوانیش لەگەڵ ئەوەدا کە ڕادەیان زۆر کەمەو بە قامکی دەستان دەژمێردرێن، ئەم هۆیانەی کە باسیان دەکەین، رێگای گەشەکردن و بەرەوپێش چوونیان لێ بەربەست کردوون و بەو شێوەکە پێویستە دەستیان ئاوەڵا نییە. هۆیەکانیش ئەمانەن:
1ــ خۆتەرخان نەکردنی تەواوە وەختیان بۆ نووسین بۆ منداڵان و ئەدەبی منداڵان.
2ــ هاوکاری نەکردنی پێویستی دەزگا چاپەمەنی و بڵاو کردنەوەکان بۆ لەچاپ‌دانی بەرهەمەکانیان.
3ــ دەست ڕانەگەیشتن‌یان بەو بەرهەمە ناوازانە کە بەدەست و خامەی نووسەرانی بەتوانای هەندەران کە بۆ منداڵان هاتوونە بەرهەم.
دیارە کاتێک باس لە نووسەرانی شارەزا و پسپۆڕی ئەدەبی منداڵان دەکەین مەبەستمان ئەم چەند نووسەرەیە: “گڕاڵ چێف”ی بوڵغاری، “نۆسۆف”ی ڕووسی، “بینۆ بلۆدرا”ی ئەڵمانی، “سەمەدی بێهرەنگی” و هێندێکی دیکەش. ئیدی مەبەستمان لەو بەرهەمە بازرگانیانە نیە کە بە زۆر و بۆری و بەڵیشاو کەوتوونە نێو کتێبخانەی منداڵان.
ئێستا بگەڕێینەوە بۆ لای پرسیارەکەمان کە داخوا هەموو نووسەرێک لە بارانی دایە بۆ منداڵان بنووسێ؟ لە وەڵام‌دا بە دڵنیایی‌یەوە دەڵێین: نا. چونکە کەسێک لەو مەیدانەدا دەتوانێ بەختی خۆی تاقی بکاتەوە کە ئەم تایبەتمەندی‌یانەی خوارەوە لە خۆی‌دا ببینێ:
1ــ نووسەری منداڵان دەبێ خاوەنی بەرهەمی بە پێز و ئەدەبیاتی ڕەوان و پاراو بێ.
2ــ دەبێ شارەزایی تەواوی لە زانستی دەروون ناسیی منداڵان‌دا هەبێ و ئاگای لە قۆناغەکانی گەشە کردن و هەڵدانی بووبێ.
3ــ دەبێ لە نزیکەوە منداڵ بناسێ و بە ئۆگریەوە حەز لە نزیکایەتیی ئەوی بکا.
4ــ دەبێ بە زمانی منداڵ بدوێ و، بەو وشانە بۆی بنووسێ کە بەسەر زارو زمانی خۆیەوەن.
5ــ دەبێ لە درکاندنی ڕەمزەکان لە چیرۆک‌دا زۆر بە لێزانی هەنگاو هەڵ‌گرێ. چونکە بەکارهێنانی ڕەمز لە ئەدەبی منداڵان‌دا شارەزاییەکی فرەی گەرەکە.
6ــ ئەرکی سەرەکیی سەر شانی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان ئەوەیە کە پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی منداڵ لەبیر نەکەن.
7ــ دەبێ ڕێبازێکی ساکارو هاسان بگرنە بەر و بە زمانێکی ناسک و ڕەوان و لووس لەبار بنووسێ و لە درێژدادڕی و ئاڵۆزکردنی باسەکان خۆ ببوێرن و، رستەکان کورت و پڕ مانابن.
هێندێک لە نووسەران بە ڕواڵەت بۆ منداڵان دەنووسن، کەچی زۆربەی ئەو مەرجانە کە بۆ نووسینی ئەدەبی منداڵان پێویستە، ژێرپێی دەنێن و بایەخیان بۆ دانانێن و تەنیا پشت بە توانای خۆیان و خۆشەویستیی منداڵ دەبەستن. هەر بۆیە سەرەڕای ئەوە کە لە بایەخی نووسراوەکانیان کەم دەبێتەوە، قۆناغی بازرگانی کردنیش بە ئەدەبی منداڵانەوە دێتەگۆڕێ. بەو هیوایە خامە بەدەستانی خۆشەویست وەخۆ کەون و بەرهەمی بە پێز بۆ جگەرگۆشەکانمان بخولقێنن.

ساوای ئاشتی‌خواز
مناڵێکم کۆرپەی ناز
وەک باوکی خۆم ئاشتی‌خواز
کۆتری سپی تەقڵەباز
لە چەقەڵ ئەکەم دەرباز
مناڵێکم، مناڵێکم ئاشتی خواز
نامەوێ گرمەی بۆمبا
بە کوتەک لە کەللەم با
نامەوێ چەپۆکی شەڕ
ماڵی باوکم با بە با
باوکم نابێ بێ کار بێ
رووت و قووت و هەژار بێ
نامەوێ هەتیو کەوم
کەلاوە بێ جێی خەوم
لەبەر ئەوە مایەی شەڕ
کێ‌ بێ دوژمنی ئەوم
ئەم جا مەرجە تا ماوم
گۆرانیی ئاشتی بڵێم
ئاشتی رووناکی چاوم
مناڵێکم، مناڵێکم ئاشتی خواز شیعری مامۆستا گۆران.
سەرچاوەی ئەو باسە وتارێکی کاک محمد رەشید فەتتاح.

لە ژماره‌ ٦٨٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌