Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۷ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 18/09/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

وتووێژی “کوردستان” دەگەل ” صلاح الدین عباسی”

26/05/2016 | 01:39:29
+A
-A

چەند ساڵێکە بەشێک لە رووناکبیران و بژاردەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە هەوڵدان و پێیان
وایە سازکردنی دیالۆگ لە گەڵ رووناکبیرانی ناوەندنشین دەتوانێ یارمەتی بە تێگەیشتی ئەوان لە پرسی کورد بکات.

هەروەها بەشێک لە نوخبەکانی کوردستان رەخنە لە رووناکبیرانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرن کە نەیانتوانیوە گوتاریکی هاوبەشی رووناکبیری درووست بکەن و وەک دەسمایەیەکی فکری و نەزەری بۆ دیالۆگ لە گەڵ رووناکبیرانی دیکەی غەیرەکورد لە سەری راوەستن.
لەم پێوەندییەدا “کوردستان” هەڤپەیڤینێکی لە گەڵ نووسەرو چالاک، بەڕێز سەلاحەدین عەبباسی سازکردوە کە سەرنجتان بۆ ئەم وتوێژە رادەکێشێن:

1 ـ دیالۆگی نێوان رووناکبیرانی کورد وەک نەتەوەیەک کە مافەکانی لە لایەن چەند نەتەوەیەکی باڵادەستی دیکەی وەک عەرەب و تورک و فارس لێ زەوت کراوە لە گەڵ رووناکبیرانی سەر بەم نەتەوانە لە چ ئاستێکی دایە، ئایا بەراستی لە ئەساس‌دا دیالۆگێک بوونی هەیە یان لە رابردووش دا هەبووە؟
ئەوە کە مافەکانی ئێمەی کورد لە لایەن نەتەوەکانی فارس و تورک و عارەب زەوت کرا بێ، من بە راستی نازانم. پێموایە مافەکانی ئێمە لە لایەن دەسەلاتدارانی ئەو دەسەلاتانەی کە کوردیان لە بەر دەست دایە یان کوردیان لێ بەش کردن پێشێل کراوە و دەکرێ. ھەر وەک چۆن زۆرێک لە مافەکانی خودی ئەو نەتەوانەش لە لایەن دەسەلاتەکانیان لە ژیر پێ خراوە. ھەڵبەت من زۆر لە بارودۆخی رابیتەی رووناکبیرانی کورد لە تەک رووناکبیرانی تورک و عەرەب ئاگادار نیم. بەڵام لەسەر بوونی دیالۆگ لە مابەینی رووناکبیرانی کوردو فارس، کە ئاگاداری تەواوم ھەیە، دەبێ عەرزتان بکەم بە داخەوە ھیچ چەشنە دیالۆگێک بوونی نیە و نەشبووە. نە دیالۆگی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، نە دیالۆگی فەرمی یان نافەرمی. پێموایە لە زەمانی قەجەرەکان ھاتوچۆیەک لە مابەینی خوێندەوارانی کوردو تورک و فارس ھەبووە، بەلام لە دەورانی پەھلەویه‌کاندا ئەو ھاتوچۆیە پچڕا و تا ئێستەش ئیدامەی ھەیە. بۆ وێنە ئەوەی عەزیز خانێک لە گەورە دێیەکی ئەوسەردەم لە لایەن دانیشتوانی دەسەلاتداری مەرکەز دەناسرێ و بانگ دەکرێ تا پلەی وەزارەت ئەویش وەزیری شەڕ دەگا، خۆی بەڵگەیەکە. لەسەردەمی مەشروتەدا کە بازاری رووناکبیری وەبرەو کەوت ئەو پێوەندییه‌ چڕتر بووە.
2 ـ هێندێک لە رووناکبیرانی کورد پێیان وایە جەوهەری تێروانین و بیرکردنەوەی رووناکبیرانی ئەم نەتەوە باڵادەستانە بە نیسبەت پرسەکانی کوردەوە راست هەمان جۆری تێڕوانینی نیزامی دەسەڵاتداریی دەوڵەتەکانیانە. ئێوە چۆن بیر دەکەنەوە؟
بێ شک روانینی رووناکبیرانی فارس بۆ کورد، کاریگەریی دەسەڵاتەکیانی بە سەرەوه‌. بەڵام ئەوەی ھەمان جۆری روانینی دەسەلات بێ، نا. ئەگەر ئاوا بێ ئیتر لە رووناکبیر بوونیان دەبێ گومان پەیدا بکەین. یەکێ لە دیاردەکانی رووناکبیر و روناکبیری، رزگاربوون لە ژێر ھەیمەنەی نەرم ئەفزاری و سەخت ئەفزاری دەسەڵاتەکانە. ئێمە دەبێ رووناکبیر لە قەڵەم بەدەست جیا کەینەوە. روناکبیر مانا و تاریفی تایبەت و دیاریکراوی خۆی ھەیە. ئێستاکە لە نێو فارسەکاندا مرۆڤی ھەڵکەوتووی زۆر ھەیە کە بە مانای واقعی رووناکبیرن. ھەر چەند لە رابردوودا بەشێک بوون لە دەسەڵات. ئەوەی سرووش و حەجاریان و عەباس عەبدی و جەلائی پور و… رووناکبیرن پێویستی بە دان پێدانی من و جەنابت نیە. بەشی رووناکبیری نێونەتەوەیی و رەسانەیی دانی پێداھێناون. ھەر کام لەوانە سەردەمانێک لە دەسەلاتدا بەرچاو بوون. سرووش لە شۆرشی کولتووریدا، حەجاریان لە بنیادنانی موخابەراتدا، جەلائی‌پور لە فەرمانداری نەغەدە و مەھاباددا و… تازە من پێموایە بە پێچەوانە بەشێکی زۆر لە دەسەڵات، وەک ئیسلاح تەڵەبەکان راستەوخۆ و بناژۆخوازەکان ناراستەو خۆ، لە ژێر کاریگەری ئەو روناکبیرانەدان. تاقمی خوێندکاری زانستگاکان کە لە داھاتوودا دەچنە بازنەی دەسەلاتدارانەوە زۆر لە ژێر کاریگەری ئەو روناکبیرانەدان. ئەوە بابەتێکی گرینگە کە ئێمە ھەر لە ئێستاوە دەبێ لەبیری دابین.

3 ـ لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە رووناکبیرانی کورد پێیان وایە گوتارێکی هاوبەشی رووناکبیری لە نێو کۆمەڵگای کوردستان دا بوونی نیە کە بتوانێ رەوتێکی وا ساز بکات کە رووناکبیرانی نەتەوانەکانی دیکە ناچار بە دیالۆگ و قسەکردن لە سەر پرسەکانی کورد بکات. ئایا ئەمە راستە؟
ئەوە بەداخەوە راستیەکی حاشا ھەڵنەگرە. کێشەکە ئا لێرەدایە. ئەو ئیستلاحی “ھاوبەشیە” لە نێو ئێمەدا زۆر غەریبە. ھاوبەشی زمان، ھاوبەشی رووناکبیری، ھاوبەشی سیاسی، ھاوبەشی حیزبی و ھەر چەشنە ھاوبەشییه‌ک بۆ ئێمەی کورد نامۆیە. تەنانەت لە کاروباری ئابووری و ئیقتسادیشدا ھاوبەشیمان لاوازە. شەراکەتەکان ناگەنە پێنج ساڵ. ئەو کێشەیە لە نێو چینی روناکبیری کورددا زۆر سەیرە و جێگەی سرنجە. دەبێ لە سەری بدوێین و لێی بکۆڵدرێتەوە کە بۆچی ئاوایە. خۆ ناکری باوەر بکەین ئەوە لە زاتی کورددایە.
گەورەترین گرفت لەسەر رێگای دیالۆگی روناکبیرانی کورد و لایەنەکانیتر، ئەو بابەتەیە کە جەنابت ئاماژەت پێکرد. ھیچ جۆرە دانیشتنێک لە نێوان روناکبیران نابیندرێ. دانیشتنی موجادەلە و موباحەسە و ڕاگۆڕینەوە. تەنانەت لە زۆربەی شارەکان ئەنجومەنە ئەدەبیەکانیش چۆڵن و شاری وایە دوو ئەنجومەنی ئەدەبی تێدایە. بۆتە قاقڵاوا، دێیەکی 12 ماڵی و 13 کەیخودا. ئەوان کە دەبێ پەیکەرەی ئەدەب بن پێکەوە ناحاوێنەوە. لەوە سەیرتر مامۆستایانی ئایینی ھەموو شارەکان لە یەکتری نامۆن. دوستێک گوتەنی دو مامۆستای کورد نابینی کە بەڕاستی یەکتریان قەبوڵ بێ.
پێشەکی ھەڵایسانی مەشغه‌ڵی دیالۆگی رووناکبیرانی کورد و روناکبیرانی نەتەوەکانیتر ھەڵایسانی چرای دیالۆگی ھاوبەش لە نێو روناکبیرانی کورد دایە. سوتەمەنی ئەو چرایەش پێکەوە دانیشتن و سینگ فراونی و یەکتر تەحەمول کردن و توانایی گوێدان و وەرگرتنی رەخنە و خۆبەزل نەزانین و خۆ بە ئاقڵی کول دانەنانە. کە بە داخەوە ھەمووی ئەوانە و زۆر بابەتی دیکەش بە ئاشکرایی دەبیندرێن. بۆیە من زۆر جار لە بوونی رووناکبیر لە نێو خۆماندا گومانم ھەیە. چلۆن دەکرێ کابرا خۆی بە روناکبیر بزانێ، بەڵام نەزانێ چۆن رەخنە بگرێ، نەتوانێ گوێ لە رەخنە بگرێ، بەرامبەری پێ تەحەمول نەکرێ، و… و… و….
4 ـ لە ئەساس دا دیالۆگی نێوان رووناکبیرانی کورد و رووناکبیرانی بۆ نموونە “فارس” لە ئێران‌دا دەتوانێ چ قازانجێک بە پرسی کورد وەک نەتەوەیەکی مافخواز بگەیەنێ؟
ئەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە ئەگەر دیالۆگ بە تەنیا رێگای گەیشتن بە مافەکانمان نەزانین، لانیکەم بە یەکێ لە رێگاکانی بزانین. پرسی کورد لە ئێران لە گەل پرسی کوردی تورکیە و عێراق و سوریە و ئەرمەنستان و ئازەربایجان‌دا جیاوازی ھەیە. ئێرە شوێنی ئاواڵەکردنی ئەو بابەتە نیە. جوابی ئەو پرسیارە دەگەرێتەوە بۆ ئاگا لێبوونی کاریگەری و رۆڵی روناکبیرانی فارس لە سەر کۆمەڵگای خۆیان. بەداخەوە ئێمە ئاگامان زۆر لەو بابەتە نیە. ئێمە ناسین و شناختمان لە سەر کۆمەڵگای فارس نیە. ھیچ خوێندەوارێکی کورد لەسەر ناساندنی کۆمەڵگای فارس بە کورد لێکۆلینەوەی نەکردوە و کەسیش پایاننامەی لەسەر نەنووسیوە. ئەوەش کەلێنێکی دیکەیە لە بواری خوێندەواریماندا. سیاسەتمەدار و روناکبیر و خوێندەوار و دوکاندار و وەرزێری کورد، کۆمەڵگای فارس لە رووی سەفەرە ئاساییەکان و شاشەی تەلەویزیۆنەکان دەناسێ. لە سێبەری نەبوونی ئەو ئاگاییە قووڵە، ئێمە تووشی ئیفرات یان تەفریت بوین. یان مەسحوور و عاشقی فارسین، یان دەست دەکەین بە جوێن و بێ رێزی. یان دیواری ماڵەکانمان پڕە لە وێنەی ھونەرپیشە و گۆرانیبێژ و شاعیر و نووسەری فارس، یان سەعدی و حافز و مەولەوی و شاملوو بە ھیچ دەزانین. یان دەبینە لاساکەرەوی ھەرچی کولتور و بابەتی فارسییە، یان لە ھەرچی فارسییە بێزمان ھەڵدەستێ.
رووناکبیرانی فارس لە دوو شوێنه‌دا کاریگەرییان لە سەر دەسەڵاتی ناوەندی ھەیە. شوێنی ھەوەڵ کاریگەریان لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستادا زۆرە. راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ. دەتوانن بیرورای ئەوان بۆلای پرسی کورد رابکێشن. وا بکەن کە پرسی کورد وەک چۆنە، بێتە پێش چاوی دەسەڵاتداران. ھەڵبەت بە پێچەوانەی ئەوەی باوە من پرسی کورد تەنیا بە پرسی نەتەوەیی نازانم. پێموایە پرسی کوردی ئێران سێ رەھەندی ھەیە کە لێک جیا نابنەوە. نەتەوایەتی، مەزھەبی، ئابووری. بە قازانجی کوردە کە دەسەڵاتدارانی ناوەندنشین پرسی کورد لە زمانی رووناکبیران و قەڵەم بەدەستان ببیستن نەک لە زمانی نیزامیان و چەک بەدەستان و دەمارگرژانی مەزھەبی. شوێنی دووھەم، کاریگەری رووناکبیرانی فارس لەسەر خوێندکاران زۆرە. ئەو خوێندکارانە کاربەدەستانی داھاتووی ئەو دەسەڵاتەن. ئەگەر ھەر لە ئێستاوە کە تووشی نەخۆشییه‌کان و کەمایەسییه‌کانی دەسەڵاتداری نەبوون، پرسی کورد وەک خۆی بزانن، زۆرێک لە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن و ئەوان لە کورد دەگەن. زۆرێک لەو کێشانەی کە ئێستا دێنە بەرچاو بە ھۆی لەیەک تێنەگەیشتنە. ئەگەر ئێمە بتوانین روناکبیرانی فارس، ئەگەر نە ھەموویان بەڵکوو بەشێکیان، لە کیشەی کوردی ئێران تێ بگەیێنین، خۆی ھەنگاوێک بەرەو پێشە.
5 ـ ئێوە چەند جارێک باسی ئەوەتان کردوە کە “ئیقراری روناکبیرانی فارس بە مافەکانی کورد زۆر گرینگە”، ئەم ئیقرارو دانپێدانانە دەتوانێ چ سوودێک به‌ قەزییەکە بگەیێنێ؟
بەرامبەری ئێمەی کورد لە کێشەکانمان‌دا، دەسەڵاتی ناوەندی لە تارانە. بۆ کاریگەری لەسەر دەسەڵاتەکان ھۆگەلی زۆر لەبەر دەست دایە. یەکێ لە ھەرە گرینگترین و بێ ھەزینەترین ھۆیەکان، رووناکبیرانی فارسن. روناکبیر بە ھۆی ئەوەی دەخوێنیتەوە، باوەری بە دێمۆکراسی و مافەکانی مرۆڤ ھەیە، ھاسانتر و زووتر لە دەسەڵاتداران لە ئێمە و مافەکانمان دەگەن. بێ گومان تێگەیشتنی رووناکبیران کاریگەری پۆزیتیوی لەسەر دەسەڵاتداران دەبێ. ئەو قسانەی رێزدار زیباکەلام ماوەیەک لەمەوبەر کە لە ورمێ کردیان دەنگدانەوەی زۆری ھەبووە. ئێمە ئەگەر بتوانین زار و پێنوسی رووناکبیرانی غەیرە کورد بکەینە تریبۆنێک بۆ راگەیاندنی داخوازەکانمان، گوێدێری زیاترمان دەبێ. بۆچی ئەگەر کەسێکی ئوروپی یان ئەمریکی باسێکی ئاسایی لە کورد دەکا پێی موعجیب دەبین و دەسدەکەین بە رێز گرتنی. ھەر چەن ئەو ھەڵوێستە رەنگە ببێتە ھۆی ھەڵبەزینەوەی بەرامبەرەکانمان. لە ھەمان کاتدا ئەگەر روناکبیرێکی فارس، چەشنی زیباکەلام کە کاریگەری لە سەر تکنۆکراتەکان و باڵی رەفسەنجانی زۆرە، نە تەنیا بە ھیچ دەزانین بەڵکوو دەس دەکەین بە ناونیتکە ھەڵدان و …
6 ـ چۆن دەکرێ ئەم دیالۆگەی کە باسی دەکەن لە نێوان رووناکبیرانی فارس و کورددا ساز بێت؟
نەخشە رێگای ئەم دیالۆگەم لە بەرواری ٣١/١/٨١ لە شومارە ٤٤ی رۆژنامەی “بنیان” کە لە تاران و لە لایەن ریفۆرمخوازەکان دەردەچوو، بە زمانی فارسی و لەژێر سەردیری ” ضرورت گفت وگوی روشنفكران فارس و كرد ” بلاو کردەوە. بەڵام بەداخەوە لە لایەن خوێندکاران و روناکبیرانی کورده‌وه‌ نە تەنیا پێشوازی لێ نەکرا، بەڵکو بە ساردی وەرگیرا. کەس نەھات بلێ با بێین و لە نێوخۆمان‌دا باسی لەسەر بکەین. بەڵام لە لایەن تاقمێک رووناکبیری فارسه‌وه‌ پێشوازی لێکرا. بارودۆخی ئەورۆی ئێران و رۆژھەلاتی نێوەراست دەبێ سرنجی ئێرانییه‌کان، بە دەسەڵات و بیرمەندان و روناکبیرانەوە، بۆ لای پرسی نەتەوەکان رابکێشێت. ھەڵبەت لێرەدا بەرپرسایەتی روناکبیرانی فارس قووڵتر و زیاترە. ھەرچەند لە دەیەی رابردوودا چەن رۆژنامە و گۆڤار، کە لە لایەن رێفۆرمخوازەکان دەردەچوو، لاپەڕەیەک یان ستونێکیان بۆ پرسی نەتەوەکان، لە ژێر ناوەکانی وەک ” نگاە ملی ” یان ” صفحە اقوام”، تەرخان کردبوو. بەلام ته‌نیا ئەوەندە بۆ چارەسەری پرسەکە تەواو نیە.
لێره‌دا به‌ پێویست ده‌زانم بەشێک لەو نەخشە ریگایە دوپات بکەمەوە:
1- ناوەندێکی ئیستراتژیک بۆ دیالۆگ دیاری بکرێ. ئەو ناوەندە لە ژێر سەرپەرەشتی نوخبەکانی ھەموو نەتەوەکانی ئێران ئیدارە بکرێ. بە دانانی سمینارو کۆبوونەوە بیروڕای رووناکبیران و پسپۆڕانی نەتەوەکان، ببیسێ، کۆبکاتەوە و شیبکاتەوە. ئەو ناوندە لە شارەکانی نەتەوەکان ناوەندی فەرعی ببێ.
2- بەربەرەکانی لە تەک ھەرجۆرە ھەڵوێست یان نوسراوە یان قسەی دوژمنانە و دەمارگرژانە بکرێ. وا بکرێ ئیحساسی میللی بە سەر ئیحساسی قەومی دا زال بێ. مافەکانی هاووڵاتی بۆ ھەموو نەتەوەکان بەرامبەر بێ.
3- ئەوەی کە زمانی فارسی زمانی رەسمی و فەرمی ھەمو ئێرانیه‌کانە نابێ ببێتە ھۆی ھەیمەنەی ھوییەت و پێناسەی فارسی بەسەر پێناسەی نەتەوەکانی دیکە. نوسەران و روناکبیرانی فارس پێویستە بۆ ئەو بابەتە هەولی زۆربدەن.
4- پێوەندی روناکبیرانی فارس و کورد لەسەر بنەمای تەوافوق و سازان بێ نەک لەسەر بنەمای سازش. جیاوازیه‌کان بە فەرمی بێنە بەرچاو و باسیان لەسەر بکرێ.
5- فارس و کورد نیزیک ٢٧٠٠ ساڵە پێکەوە دەژین. ئەوە بکرێتە بنەمای دیالۆگ و پێکەوەژیانی شیاوی سەدەی سەردەم.
پێویستە بزانین گرینگ ئەوەیە کە ئەم دیالۆگە ئێستا دەس پێ‌بکرێ. چونکو کارەکە گەورە و گرینگە، لە ھەوەڵدا گیرو گرفت و کەمایەسی زۆر دەبێ، بەڵام پێویستە، ھەم بۆ فارس، ھەم بۆ کورد، ھەم بۆ ئێران، ھەم بۆ کوردستان، تەنانەت بۆ بەشەکانیتری کوردستانیش. فارس نەتەوەیەکی مەزنە و میژوویەکی دورودرێژی ھەیە. خاوەنی زمانێکی ئێجگار پاراو و شیرینە. نەتەوەیەکی زانا و نەجیب و بیرمەندە. دانیشتن لە تەکیان بێ سەمەر و قازانج نابێ. روناکبیرانی کورد پێویستە، لە ھەردوو باڵی بناژۆخواز و رفۆرمخواز، ئەو روناکبیرە فارسانەی کە باوەڕیان بە دیالۆگ ھەیە و خولیا و تینووی چارەسەری پرسی نەتەوەکانن بناسن و پێوەندی‌یان لە گەڵ بگرن.
بەڵام بەر لەھەمووی: روناکبیرانی کورد دەبێ یەکتر بناسن و لە تەک یەکتر دانیشن و دیالۆگ بکەن.