Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۱۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 04/08/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

رۆژی جیهانی ئازادی چاپه‌مه‌نی و وه‌فایه‌ک بۆ قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی ده‌روه‌ست وده‌ربه‌ند.

07/05/2016 | 01:53:57
+A
-A

سێیه‌مین رۆژی مانگی مه‌ی به‌رانبه‌ر به‌١٤ی بانه‌مه‌ڕ به‌ رۆژی جیهانی ئازادی چاپه‌مه‌نی(مطبوعات) ناوزه‌د کراوه‌
له‌دوای داهێنانی یه‌که‌م ماشینی چاپ له‌سه‌رده‌ستی “یوهانس گوتینبرگی ئاڵمانی”یه‌وه‌ نزیک به‌ ٦٠٠ساڵ له‌مه‌وپێش ره‌نگه‌ بۆ خویشی نه‌یزانیبا که‌ئه‌م سه‌نعه‌ته‌ هێنده‌ کاریگه‌ریی ده‌بێ به‌سه‌ر ڕه‌وتی پێشکه‌وتن و‌پێشخستنی کۆمه‌ڵگای مرۆیی. سه‌نعه‌تی چاپ هه‌ر له‌ده‌سپێکه‌وه‌ تاکوو ئێستا له‌ بۆاره‌ جیاجیاکان ،چ بواری زانست،چ بواری فیکری وئه‌ده‌بی و گه‌شه‌ی هزروئه‌ندیشه‌کان رۆڵی به‌رچاوی گێراوه‌،هه‌ربۆیه‌ ئه‌م سه‌نعه‌ته‌ گرینگه‌ له‌ هێما به‌رجه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رۆشنگه‌رییه‌ورۆژبه‌رۆژ له‌ په‌رئه‌ستندایه‌.سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ پێگه و‌جێگه‌ی به‌رزی هه‌یه‌ چاپه‌مه‌نی به‌ڵام هیچکات به‌ته‌واوی ڕووی ئارامشت وئه‌هه‌وه‌نی به‌خۆی نه‌بینیوه،‌ مه‌لی بزیوی چاپه‌مه‌نی زۆرجار له‌ قه‌فه‌سی ده‌سه‌ڵات وسیاسه‌ته‌ به‌رته‌سکه‌کاندا هه‌ژارانه‌ هه‌ڵکوورماوه‌ونه‌یتوانیوه‌ به‌ چه‌شنی شیاو ڕه‌ها و سه‌ربه‌خۆ ،له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی ئازاد دا جریوه‌ی هه‌بێ.چونکه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا چاپه‌مه‌نی بۆ بانگه‌شه‌ی رووناکبیری و وه‌شانی بیروڕاجیاوازه‌کان و شێوه‌ ڕاونینه‌کان هاته‌ ئاراوه‌.چاپه‌مه‌نی گه‌یاندنی ده‌نگی بیروهزری هزرمه‌ندان و بیرمه‌ندانه‌ به‌ تاک به‌تاکی کۆمه‌ڵگه‌ هه‌ر بۆیه‌ به‌سه‌ر شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌کان وگۆڕانی ڕوانگه‌کان کاریگه‌ریی هه‌یه‌.به‌م پێناسه‌ کورته له‌م سه‌نعه‌ته‌ پڕبایه‌خه‌ ده‌توانین بیژین:کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ستیاروشوێندانه‌ری چاپه‌مه‌نی به‌هه‌موو لق وپۆپه‌کانیه‌وه‌(نووسه‌ر،ره‌خنه‌گر،رۆژنامه‌وان،ویبلاگنووس…)
به‌جۆرێک له‌ جۆره‌کان هه‌ڵگر یان نوێنه‌ری ده‌نگی سه‌رده‌م وخه‌ڵکی خۆیانن هه‌ر بۆیه‌ مێژوویه‌کی پڕله‌ چه‌وسانه‌وه‌یان هه‌یه‌ وزه‌بروزه‌ختی ئیگجار له‌سه‌ریان خراوه‌.ده‌سه‌ڵاته‌ دوگم ودیکتاتۆره‌کان بۆ پێشگرتن له‌هه‌ر چه‌شنه‌ گۆرانکاریی یان هه‌ڵایسانی ده‌نگی ناره‌زایه‌تی له‌ نێو جه‌ماوه‌ری ژێر ره‌کیفی ئه‌وان،به‌ توندترین شێوه‌ چنگیان له‌ناخی ده‌نگی نووسه‌ران ورۆژنامه‌نووسان ناوه‌و،به‌ ته‌وه‌ری به‌رچاوته‌سکی ومه‌قه‌ستی ملهۆریی که‌رامه‌تی قه‌ڵه‌میان شکاندوه‌و پروباڵی مه‌لی ئه‌ندیشه‌یان قرتاندوه‌.هه‌ربۆیه له‌ ئێستادا‌ گه‌شه‌ی بنه‌ما دیمۆکراتیکه‌کان وئاستی رۆشنبیری هه‌ر وڵاتێک به‌چه‌شنێک گرێدراوه‌ به‌ رێژه‌ی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاته‌و هه‌روه‌ها ئازادی چاپه‌مه‌نی له‌و کۆمه‌ڵگایه‌.به‌ واتایه‌کی دیکه‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک که‌ مه‌جالی ئازاد وبێ له‌مپه‌ڕ بۆ گه‌شه‌ی چاپه‌مه‌نی نه‌ره‌خسێنێ به‌ره‌به‌ره‌ له‌ دیکتاتۆرییه‌و به‌ره‌و تۆتالیته‌ریی هه‌نگاو ده‌نێ وله‌ هه‌ر وڵاتێک قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست وهه‌واڵنێرو رۆژنامه‌وان بخرێنه‌ زیندانه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ره‌رۆیی،توندوتیژی سیاسیی وفه‌رهه‌نگی و فه‌زای فیکریی داخراو رووبه‌روو ده‌بێته‌وه‌.هه‌روه‌ها بارهێنانی به‌ره‌ی نوێی وریاوچاوکراوه‌ به‌ هه‌بوونی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی ئازاروبوێر گرێدراوه‌.
به‌ پێی ئه‌م پێناسه‌و هه‌روه‌ها پێگه‌ی گرنگی چاپه‌مه‌نی ئه‌ڵبه‌ت له‌ که‌شوهه‌وای ئازاد و هه‌وڵدان بۆ بردنه‌سه‌ری ئاستی ده‌سئاواڵایی نووسه‌ران وخاوه‌ن بیران ورۆژنامه‌وان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان له‌لایه‌ک وله‌لایه‌کتر هه‌ڵسوکه‌وتی نه‌شیاوی ده‌وڵه‌ته‌کان له‌گه‌ڵ ئازادی چاپه‌مه‌نی بۆ به‌ بیانوویه‌ک که‌ رێکخراوه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌20ی دیسامبه‌ری١٩٩٣ له‌ ساڵرۆژی بڵاوبوونی جاڕنامه‌ی “ویندهوک”که‌ له‌باره‌ی گه‌شه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌ سه‌ربه‌خۆه‌کانی ئافریقایی له‌ساڵی ١٩٩١ده‌رچوبوو به‌م بۆنه‌وه‌ ویونسکۆ له‌ شاری “ویندهوک”پێته‌ختی وڵاتی “نامبیا” رۆژی سێ مانگی مه‌ی به‌ رۆژی ئازادی چاپه‌مه‌نی له‌ جیهان ڕاگه‌یاند.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ناوزه‌دکردنی وه‌ها رۆژگه‌لێک وه‌کو رۆژی جیهانی ئازادی چاپه‌مه‌نی به‌جۆرێک وه‌بیرهێنانه‌وه‌و پلتۆک لێدانه‌ به‌و ده‌سه‌ڵات وسیستمه‌ سیاسیانه‌ی که‌ رێگرن له‌ گه‌شه‌ی چاپه‌مه‌نی ئازادو چالاکانی ئه‌م بواره‌ له‌ دۆخێکی نه‌باش وناشیاودا ده‌ژین.وڵاتانی دیکتاتۆر که‌ به‌ سانسۆری سیستماتیک له‌هه‌وڵی کپ کردن وداخستنی ده‌نگ وده‌رگای بیروڕا جیاوازه‌کانن وهه‌ر رۆژ به‌بیانوویه‌ک له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ رۆژنامه‌ وبڵاوکراوه‌کانێک که‌ ڕووی ڕه‌خنه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌و به‌جۆرێک پاڵپشتی مافی شارۆمه‌ندانن داده‌خرێن و چالاکانی میدیاکاروڕاگه‌یاندنکار ڕه‌وانه‌ی زیندان ده‌کرێن.به‌ پێی ڕاپۆرتی “هه‌واڵنێرانی بێ سنوور” ئێران زیندانێکی به‌رینه‌ بۆ هه‌واڵنێران ورۆژنامه‌نووسان ووێبلاگنووسه‌کان و به‌کرده‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆمارئیسلامی دوژمنی ئازادی چاپه‌مه‌‌نین.به‌تاێبه‌تی له‌دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماریی له‌ مانگی جۆزه‌ردانی ١٣٨٨ی هه‌تاوی کۆمه‌ڵگه‌ی چاپه‌مه‌نی و میدیاکاران ورۆژنامه‌نووسان به‌ توندترین شێوه‌ که‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوی ره‌شبگیری وبه‌ پێی داتاکان له‌وسه‌رده‌مه‌ زیاتر له‌ ٢٠٠ رۆژنامه‌نووس وچالاکانی بواری ڕاگه‌یاندن ده‌سبه‌سه‌رکراون وهه‌روه‌ها به‌ ده‌ستووری رێبه‌رانی ئه‌سڵی نیزام نزیک به‌ ٣٠٠ ڕۆژنامه‌وبڵاوکراوه‌ له‌ ئێران داخراون. هه‌ر وه‌ها له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی حه‌سه‌ن رۆحانی ٣٤ رۆژنامه‌نووسی پێشه‌یی وغه‌یره‌ حرفه‌یی هێشتاکه‌ له‌ زیندان ڕاگیراون و ئێران به‌ زیندانی رۆژنامه‌نووس هاتووته‌ ئه‌ژمار هه‌ربۆیه‌ سازمانی”هه‌واڵنێرانی بێ سنوور” به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی به‌ پێشلکار ودوژمنی ئازادی چاپه‌مه‌نی تاوانبارده‌کا و خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نانه‌ت له‌م باره‌وه‌ دادگایی بکرێن..بێ گومان کۆماری ئیسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای به‌سه‌رکار هاتنی به‌ دامه‌زراندنی ناوه‌نده‌ جۆربه‌جۆره‌کان وه‌کوو هیئه‌تی چاودێری به‌سه‌رچاپه‌مه‌نیه‌کان و(ممیزی)که‌وته‌ سانسۆرکردنی هه‌رچه‌شنه‌ ده‌نگی موخالیف وناڕازی هه‌ربۆیه‌ ساڵ نیه‌ که‌ به‌شێکی به‌رچاو له‌ نووسه‌ران یان له‌ کار بێکار ده‌بن یان به‌ناچاری وڵاتی خۆیان به‌جێده‌هێڵن.ترسی سه‌ره‌کیی حاکمییه‌ت له‌ گه‌شی ئازادی چاپه‌مه‌نی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی نادیمۆکراتیکی خۆیه‌ وده‌زانێ له‌م باره‌وه‌ چاپه‌مه‌نی سه‌ربه‌خۆ ونادوڵه‌تی مه‌ترسیدارترین چه‌که‌.چونکه‌ له‌سه‌ر بیرو روانینی تاک به‌تاکی کۆمه‌ڵگه‌ کاریگه‌ریی داده‌نێ ورێگه‌خۆشکه‌ره‌ بۆ رێفۆرم وهه‌رچه‌شنه‌ گۆرانکاریه‌ک که‌ به‌ویست وخوازی ده‌سه‌ڵات نیه‌.رووی سانسۆری ره‌شی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر قه‌ڵه‌م وچاپه‌مه‌نی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ له‌ ئێران تیژتروزێده‌تره‌.هه‌ربۆیه‌ رۆژنامه‌نووسان وچالاکانی بواری چاپه‌مه‌نی له‌ کوردستانی ئێران زه‌بروزه‌ختی زیاتریان له‌سه‌ره‌.به‌تایبه‌تی ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ ده‌روه‌ستانه‌ی که‌ له‌خزمه‌تی وشیاری وبردنه‌سه‌ری ئاستی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌نووسن وحازرنین قه‌ڵه‌می ئه‌وان ببێته‌ تریبۆنێک بۆ بانگه‌شه‌ی سیاسه‌ته‌ ناره‌واکانی ده‌سه‌ڵات،به‌ڵکوو هه‌موو کاتێک ده‌نگی گویا وبه‌رزی خه‌ڵکی خۆیان وبۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری دواکه‌وتوویی سیاسی وفه‌رهه‌نگی له‌ تێ‌کۆشاندان.ئه‌گه‌رچی به‌هۆ نه‌بوون یان که‌می چاپه‌مه‌نی ناده‌وڵه‌تی قه‌ڵه‌مبده‌ستانی ئه‌مرۆکه‌ی ژێرسێبه‌ری نیزامی کۆماری ئیسلامی ناتوانن به‌ پێی ویستی خۆیان قه‌ڵه‌مه‌که‌یان بنووسن به‌ڵام له‌ که‌مترین ده‌رفه‌تی ره‌خساویش زۆر به‌ باشی و به‌ده‌روه‌ستی ده‌رکه‌وتوون ته‌نانه‌ت له‌م باریشه‌وه‌ تێچووی زۆریان داوه‌و ده‌یان نووسه‌ریش له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان یان تووشی زیندان بوون یان له‌ بێکارکراون یان وڵاتیان به‌جێهێشتووه‌.که‌سانێک وه‌کووعه‌دنان حه‌سه‌نپوور،برایانی کوردپوو،که‌ماڵ شه‌ریفی،سدیق که‌بوودوه‌ند و هتد.. نموونه‌ی به‌رچاوی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی ده‌روه‌ست وبه‌ندکراون. وه‌ هه‌روه‌ها به‌ربه‌ست خستنه‌ سه‌رڕی به‌شێکی دیکه‌ له‌ چالاکانی بواری چاپه‌مه‌نی نێشان له‌وزه‌بره‌یه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی له‌جه‌سته‌ی چاپه‌مه‌نی ئازاد ده‌داو ئازاری ئه‌م سانسۆره‌ له‌ چاپه‌مه‌نی کوردیدا کوشه‌نده‌تره‌.به‌ ئاوردانه‌وه‌یه‌ک به‌سه‌ر ڕه‌وتی چاپه‌مه‌نی کوردی له‌ ژێر ڕه‌کێفی پاوانخوازانه‌ی کۆماری ئیسلامی بوومان ده‌رده‌که‌وێ که‌ به‌راستی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی ده‌روه‌ست له‌ گه‌شه‌ی هزروبیری نه‌ته‌وه‌یی وئینسانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وته‌نانه‌ت له‌ ئاستی گه‌وره‌تر له‌ پانتایی ئێراندا چه‌نده‌ کاریگه‌ریی ئه‌رینییان هه‌بووه‌،هه‌ر بۆیه‌ له‌ م بۆنه‌ مه‌زنه‌دا واته‌ رۆژی ئازادی چاپه‌مه‌نی له‌جیهان ، ده‌بێ له‌لایه‌ن رێکخراوه‌جیهانیه‌کان و “هه‌واڵنێرانی بێ سنوور” به‌ نیسبه‌ت ڕاده‌ی ئازادی رۆژنامه‌نووسان و ویبلاگنووسانی کورد و گیروگرفته‌کانیان سه‌رنجی زیاتر بدرێت هه‌تا هه‌موو تێکۆشه‌رانی ئه‌م بواره‌ هه‌ستیاره‌ بتوانن زیاتر له‌جاران به‌شێوه‌ی پێشه‌یی و بێ ترس دادکۆکیکاری مافه‌کانی خه‌ڵکی خۆیان بن.
ژێده‌ر؛ماڵپه‌ڕی “بی بی سی”..
لە ژماره‌ ٦٧٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌