دەبیری ئیجڕایی ماڵی کرێکاری کرماشان دەڵێ سەدی ٦٠ خانەنشینکراوانی کرماشان کەمترین مووچەیان دەدرێتێ.
جەواد ئەکبەری دەڵێ لە ئێستا ٢٥٠ هەزار کەس لە پارێزگای کرماشان بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتییان هەیە، لەوەندە کەسە ١٤٥ هەزارو ٨٠٠ کەسیان کرێکارنو بیمەی زۆرەملێیان هەیە.
دەبیری ئیجڕایی ماڵی کرێکاری کرماشان دەڵێ نایشارێتەوە کە ئاماری ڕاستو دروستی کرێکاران لە کرماشان زۆر لەوە زیاترە، چونکی زۆر کەس کرێکاری دەکەنو هیچ بیمەیەکیشیان نییە.
ئەکبەری لە قسەکانیدا کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەیکرد، ئاماژەیەکی بە بارودۆخی کرێکارانی خانەنشینکراو کردو گوتی ژمارەی ئەو کەسانە لە کرماشان ٢٠ هەزار کەسو لە ئاستی پارێزگادا ٣٠ هەزار کەسە. ئەو گوتی لە نێو ئەو ٣٠ هەزار کەس کرێکاری خانەنشینکراوەی پارێزگادا سەدی ٦٠ ی ئەوان کەمترین مووچەیان دەدرێتێو لە نێو ئەواندا هەیە کە کەمتر لە لانیکەمی مووچەش وەردەگرن.
ئەکبەری لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە کێشەی کۆمەڵگای کرێکاری کردو گوتی کرێکاران لاوازترین توێژی کۆمەڵگان، ئەوان لەگەڵ ئەوەی قەت ئەمنیەتی شوغڵییان نییە، ئەو مووچەو حەقدەستەش کە وەری دەگرن زۆر کەمەو بەشی لانیکەمی بژیوی ژیانیان ناکا.