بە تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ لە دەسبەسەركرانی چالاكێكی كورد لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، تا ئێستاش بنەماڵەكەی نەیانتوانیوە چاویان پێی بكەوێو تەنانەت ناشزانن لە کوێش ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیوز، بنەماڵەی سەڵمان حوسێن پەناهی کە دوو مانگ لەو پێش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گیرا، بەردەوام سەردانی ناوەندە ئەمنیەتیو قەزاییەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سنەیان کردوە، بەڵام تا ئامادەكرانی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەكیان لەسەر کوڕەکەیان دەست نەکەوتوە.
سەڵمان حوسێن پەناهی، چالاكی كوردی خەڵكی ئاوایی قروچیای سەربە شاری دێولان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ ڕێبەندانی ساڵی ٩٤ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە ماڵی خۆیان دەسبەسەركرا.
بەپێی زانیارییەکان ناوبراو بەتۆمەتی هاوكاریكردنی یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی گیراوەو، هێندێك هەواڵیش هەیە كە گویا ناوبراو لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەند کراوە، بەڵام بنەماڵەکەی لێی دڵنیا نین.