ئەفشین سۆهڕابزادە، زیندانیی سیاسی کوردی نەخۆشو دوورخراوە بۆ زیندانی میناب بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مەرخەسیی پزیشکی حەوتوویەکە مانی لە خواردن گرتوە.
ئەفشین سۆرابزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە شێرپەنجەی ڕیخۆڵەی هەیە، ئێستا تووشی کێشەی هەناسەدانو خوێنبەربوونی هەناویش بووەو؛ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆی بە خۆبواردنی کاربەدەستانی زیندان لە پێدانی مەرەخەسی بەو، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دادستانی چەتی خستۆتە سەر پێدانی مەرەخەسیی پزیشکی بە ئەفشین، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ماوەیەک لەوە پێش ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا لە ژێر ناوی ” پێداویستیی ژیانەکیی زیندانییەک بە دەرمانو چارەسەری” داوای لە کاربەدەستانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی کردبوو دەسبەجێ بواری مەرەخەسیی پزیشکی بۆ ئەفشین سۆهرابزادە پێک بێنن، بەڵام ئەو داوایەش تا ئێستا بێ وەڵام بووە.
ئەفشین سۆهرابزادە جۆزەردانی ساڵی ٨٩ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیارانەوە دەسبەسەر کرا و لە لقی ٢ ی دادگای شۆڕشی شاری سنەدا بە تۆمەتی دژایەتیی خۆدا بەهۆی ئەندامەتیو هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٢٥ ساڵ زیندانو دوورخراوەیی بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.
ئەو لە نامەکەیدا بۆ ئەحمەد شەهید نووسیبووی کە پێش گیرانو زیندانیکرانم ساغ و سڵامەت بووم، بەڵام لە ئیدارەی ئیتلاعات ئەوەندەم لێدرا کە هەم لووتم شکا و هەم بەهۆی ئەو لیدان و کوتانەی مەئمورەکانی ئیدارەی ئیتلاعات فتقم تەقی.
ئەفشین سۆهرابزادە ڕوو بە ئەحمەد شەهید نووسیبووی: بەڕێز ئەحمەد شەهید، با زۆر بە ڕوونی و بە ئاسانی پێت بڵێم کە خودا خودامە بمرم. ئەمن ساڵانێکە بە دەم دەرد و ژانەوە چاوەڕوانی مردنم، بەڵام زگم بە دایکم دەسووتێ لە من زیاتر بەو دەردەوە ئازات دەچێژێو دەستی بە هیچ کوێش ڕاناگا. ئێستاش تەنیا لەبەر دڵخۆشیی دایکمە کە ئەو نامەیە دەنووسم، هەر لە بەر ئەوەی بیسەلمێنن کە ئێوەش فەرقو جیاوازی لە نێوان کوردو غەیرە کوردەکان دانانێن، جا بۆیە چیتان بۆ دەکرێ بۆمی بکەن.