ژمارەیەک لە لاوانی تێکۆشەری شاری مەهاباد سەردانی گڵکۆی پیرۆزی پێشەوای مەزن، سەیف و سەدری قازییان کرد و تاجە گوڵینەی رێز و وەفایان لە سەر گۆڕی ئەو نەمرانە دانا.
لاوان کە بە هۆی دۆخی ئەمنیەتیی سەپێندراو لە لایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران، دەرفەتیان نەبوو رۆژی ١٠ی خاکەلێوە سەردانی گۆڕی پێشەوای مەزن بکەن، بڕیاریان دا بە هەڵمەتی “سێ چەپکە گوڵی وەفاداری” لە رۆژی سێزدەبەدەردا وەفا و ئەمەگناسیی خۆیان بۆ سەرکۆماری کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دووپات بکەنەوە.
ئەگەرچی دۆخی ئەمنیەتی هەروا بەردەوام بوو بەڵام لاوان بە بێ گوێدان بە بوونی هێزە ئەمنیەتی و لیباس شەخسیەکان، لە بەرەبەیانیی رۆژی ١٣ی خاکەلێوەوە بە تاک یان پۆل پۆل سەردانی گڵکۆی نەمرانیان کرد و بە دانانی سێ چەپکە گوڵ، رێز و ئەمەگناسیی خۆیان بۆ رێبازی سەرکۆماری شەهید و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دووپات کردەوەو بەرەو ئامێزی سروشت چوون.