مێرمنداڵێكی كورد كە بەوە تاوانبار كراوە لە تەمەنی ١٧ ساڵی كەسێكی كوشتوە، به بڕیاری دادگای سنە حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپا.
كۆڕی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، ناوی ئەم مێرمنداڵەی بە “ك ن” ڕاگەیاندووە.
بە سەپاندنی حوكمە ئێعدام بەسەر ئەم مێرمنداڵەدا كە لە زیندانی سنە بەند كراوە، ژمارهی بەندكراوانی ئەم زیندانە كە لەسەر ڕوودانی تاوان لە قۆناغی مێرمنداڵیدا بە ئێعدام مەحكوم كراون، گەیشتۆتە ٥ كەس.
یەكێك لە خزمەكانی ئەم مێرمنداڵە دهڵێ ئەم تازەلاوە كە لە دای بووی بانەمەڕی ١٣٧٦ە، لە ساڵی ١٣٩٣ لە شەڕێكی بەكۆمەڵدا كەسێكی كوشتوە كە هەر نەیدەناسی، ئەم بكووژە كەم تەمەنە لە كاتی ڕوودانی ئەم تاوانهدا تەمەنی تەنیا ١٧ ساڵو ٩ مانگ بووە.
ئەم مێرمنداڵە پارێزەری تەسخیری بووەو تەنانەت بۆ ئاشكرا بوونی گەشەی عەقڵیش بەڕێی پزیشكی قانوونی نەكراوە.
ئەم مێرمنداڵە تاوانبارە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٤ لە یەكەمین كۆبوونەوەی دادگادا بە سەرۆكایەتیی حامید سوڵتان بەخش لە لقی ١ی دادگای كەیفەریی سنە حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپا، بەڵام لەم دواییانەدا ئەو حوكمەیان پێ ڕاگەیاندووە.
جگە لەم مێرمنداڵە، ٤ مێرمنداڵی دیكەش بە ناوەكانی یوسف محەممەدی، هێمن ئەورامی نژاد، سیاوەش مەحموودی و ئامانج حوسێنی “ئووەیسی” لە زیندانی سنەدا بەند كراون كە ئەوانیش هەر بەهۆی ڕوودانی تاوان لە تەمەنی ١٧ ساڵی، حوكمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە.