Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

هەست و بیروڕای چه‌ند قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستی بە هەستی رۆژهه‌ڵاتی سه‌باره‌ت به‌ نه‌ورۆز و گرینگی ئه‌م بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌

29/03/2016 | 01:06:01
+A
-A
ئامادەکردنی : عەلی لەیلاخ

عه‌لی له‌یلاخ : گرینگی نه‌ورۆز له‌ چی دایه‌؟ بۆ ده‌ڵێین نه‌ورۆزی کورده‌واری ئایا ئه‌مه‌ هه‌ڵگری مانای تایبه‌ته‌؟
شەریف فەلاح: ئەگەر مەبەستت لە گرنگیی نەورۆز واتا گشتییەکەی بێت، جیا لەبارە سروشتییەکەی و بووژانەوەی ژیان، هەڵگری گەلێک واتایە، چونکە لە نەورۆزدا مرۆڤ دەبووژێتەوە، خوێنی نوێ دەگەڕێتەوە دەمارەکانی مرۆڤ، شینایی و کەسکیی سروشت و دڵڕفێنی و نوێبوونەوە گیانێکی دیکە بە بەر مرۆڤدا دەکات و بە جۆرێک مرۆڤ هەست بە دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە ژیان دەکات، ئەگەر مەبەستیشت گرنگیی نەورۆز لەلای کورد بێت، ئەوا دەبێ بڵێم کورد و نەورۆز و ئاگر و شۆڕش بە جۆرێک لێک گرێ دراون کە هیچ هیزێک ناتونانێ لێکیان هەڵاوێرێت، چونکە لە نەورۆزدا شۆڕشەکانی کورد دەبووژێنەوە، کورد هەست بە بوونی خۆی دەکات. کورد نەورۆز و راسانی سروشت بەهار و ژیان دەکات ئاخێزگەی شۆڕش و بەرخودان، بۆیە بەڕای من نەورۆز و گرنگگیەکەی لەلای کورد واتایەکی سیاسی و نەتەوەیی هەیە و دەبێ زۆر گرنگیی پێ بدات و دەتوانێ لەم رەهەندەوە زۆر کار بۆ بەرەوپێشبردنی شۆرش و بزووتنەوە رەواکەی بکات. لەبەر ئەوەش دەڵین نەورۆزی کوردەوای، چونکە هەموو هێما، توخم و واتا و نیشانە سەرەکییەکانی نەورۆز و رووداو و ئەفسانەکانی ئەم بۆنە دێرینە لە کوردستان روویان داوە و لەم دەڤەرەوە بۆ ناوچە و کولتوورەکانی دیکە گوازراونەتەوە.
عه‌لی له‌یلاخ: وه‌کوو توێژه‌رێکی ئه‌ده‌بی،پێگه‌ی نه‌ورۆز له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی کوردیدا چۆن ده‌بینی؟
شەریف فەلاح: نەورزۆ لە سەرلەبەری ژیان و کایە سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و بەتایبەت ئەدەبییەکانی کورددا رەنگی داوەتەوە، بۆیە شاعیرانی کلاسیکی کورد بە تێکڕا ئاوڕیان لە نەورۆز داوەتەوە و لە پانتایی ئەدەبی کوردیدا، نەورۆز بووەتە هەوێنی گەلێک شیعر، چیرۆک و تەنانەت رۆمان، من شاعیری کوردم پێ شک نایەت کە شیعری بۆ نەورۆز و سەرەتای بەهار نەبێت. بۆیە ئەگەر بمانەوێ نەورۆز لە ئەدەب و شیعری کوردیدا و چۆنیەتیی روانین و دیداگای جوانیناسانەی ئەدیب و نووسەرانی کورد هەڵسەنگێنین کات و دەرفەتیکی زۆری دەوێت، لەم دەرفەتە کورتەدا تەنبای ئەوە دەڵێم، نەورۆز لە شیعری کوردیدا پیگەی بەرزە و شاباڵی پەیڤی شیعری ساعیرانی کلاسیکی کوردە، چونکە نەورۆز لە شیعردا وەک هەوێن، ئاخێزگە وچەخماخە شاعیر و هۆنەر بۆ ناو دنیای هەست و سۆز پەلکێش دەکات، بۆیە نەورۆز خۆی دەقە شیعرێکی رەسەنە.

ساماڵ ئەحمەدی: یەکێک لە خەسڵەتەکانی جێژن ئەوەیە، کە تێیدا زەمان مێژووی نییە. یان بە واتایەکی ڕوونتر، جێژن، خۆی داهێنەری زەمانە. واتە لە جێژندا ڕێکەوتێک یان ساڵوەگەڕی ڕووداوێک، نەک هەر بەرزڕادەگیرێ و دەنرخێنرێ، بگرە دووبارە دادەهێنرێتەوە؛ ئەو ڕووداوەی لە زەمانێکی دووری مێژووییدا ڕووی داوە، لە جێژندا تازەتازە دەست پێ دەکات، زەمانە دوورە مێژوویییەکە دەبێتە ئێستایەکی تاهەتایی. نەورۆزیش جێژنێکە، هەرچەند لە لایەن گەلانی زۆر وڵاتی ئاسیایییەوە یادی دەکرێتەوە، بەڵام بۆ نەتەوەی کورد واتای خۆی هەیە. نەتەوەی کورد یەکێک لە نەتەوە هەرە دێرینەکانی مێژووە. هەرچەند مێژووی نەتەوەی کورد، بەتایبەت لە سەردەمی نوێدا لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە شێوێندراوە، بەڵام سەرباری ئەوەش کۆمەڵێک سەربردە و ئوستوورە و ئەفسانەی تایبەت بە خۆی هەیە، کە یەکێک لە ئوستوورەکانی نەتەوەی کورد ئوستوورەی نەورۆزە. واتە نەورۆز بۆ کورد جێژنێکی ئوستوورەیییە. ئۆستوورەی نەورۆز لە لایەن کوردەوە چەندین گێڕانەوەی هەیە؛ ئوستوورەی کاوەی ئاسنگەر و ئەژدیهاک (زەحاک)، ئوستوورەکانی ئایینی میترایی و ئاگرکردنەوە لە چەند ڕۆژێکی دە رۆژەکەی کۆتایی ساڵدا کە بە جێژنەکانی ”فەروەردەکان” ناویان هاتووە و چەندین ئەفسانەی دیکەی، کە باس لە پێوەندیی ژیانی مرۆڤی کورد بە سروشتەوە دەکەن. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە لە سەرلەبەری ئەم گێڕانەوانەدا، زەمان مێژووی نییە، بگرە سەرەتایەکە، ساڵێکە، ڕۆژێکە، کە فڵان سەرەتا و فڵان ساڵ و فڵان ڕۆژ نییە، بگرە هەموو سەرەتاکان و هەموو ساڵەکان و هەموو ڕۆژەکانە و، دەگەڕێتەوە بۆ زەمانێک کە تێیدا هەموو بوارەکانی ژیان و هەموو شتەکان لە یەک چرکەدا دەست پێ دەکەن، واتە ژیان و واتای ژیان هەرئێستا، لەم جێژنەدا دەست پێ دەکات. نەتەوەی کورد لە سەردەمی نوێدا وڵاتی لێ داگیر کراوە، زمانی لێ قەدەغە کراوە، فەرهەنگەکەی وەبەر شاڵاوی لەنێوبردن دراوە، بەڵام خۆی بەدەست لەنێوچوونەوە نەداوە، ویستوویەتی خۆی ڕزگار بکات، بۆ ئەم هەوڵ و خەباتە چەندین هێمای فەرهەنگی و نەتەوەیی کردووەتە چەکی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و قەڵاچۆکەران؛ یەکێک لەو هێمایانە، جێژنی نەرۆزە، کە تێیدا کورد زەمانی تاهەتایی هەبوونی خۆی زیندوو دەکاتەوە. لە ئوستوورەی کاوەی ئاسنگەردا، کاوە داهێنەری زەمانی تاهەتایی ڕزگاربوونە لەژێر باری ستەم، بۆیە نەتەوەی کورد، خولقاندنەوەی کاوەی کردووەتە هێمای خولقاندنەوەی هێز و توانای ڕووخاندنی ستەم و ستەمکاری (هەرچەند گێڕانەوەی دژی ئەم گێڕانەوە باوە لەبارەی کاوەی ئاسنگەرەوە هەیە، کە دواین پادشای کورد، ئەژدیهاکی ڕووخاندووە و…ئیدی). لە ئوستوورەکانی ئایینی میتراییدا ئاگر هێمای بەرەنگاربوونەوەی تاریکی و ستەمە، نەتەوەی کورد لە جێژنی نەرۆزدا بە کردنەوەی ئاگر، یەکەم چرکەی بەرەنگاربوونەی تاریکی دەبووژێنێتەوە و دەیکاتە چرکەی خەباتی تاهەتایی و ئێستایی لەدژی ستەم و تاریکی و داگیرکەری. بابەتەکە زۆری بە بەرەوە هەیە و لێرەدا لەمە زیاتر دەرفەت نییە لێی بدوێین، بەڵام گرینگترین هۆکاری گرینگایەتیی نەورۆز بە لای نەتەوەی کوردەوە، بە باوەڕی من ئەوەیە، کە کورد بە بەرزڕاگرتن و نرخاندنی نەورۆز دەیهەوێ، بوونی خۆی لە زەمانێکی تاهەتاییدا، واتە لە جێژنی نەرۆزدا بپارێزێت.
پرسیار: به‌رێزت وه‌کو قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستێکی کورد، پێگه‌ی نه‌ورۆز له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی کوردیدا چۆن ده‌بینن؟
ساماڵ ئەحمەدی: ئوستوورەی نەورۆز لە ئەدەبیاتی کوردیدا مۆتیفێکی زۆر دیار و بەرچاوە. بەتایبەت لە ئەدەبیاتی بەرەگریی کوردیدا، وەکو لە سەرەوە باسم کرد، مۆتیفی نەورۆز، بەردەوام وەکو هێمای سەرهەڵدانەوە، بووژانەوە، ڕسکانەوە، تێهەڵچوونەوە و دەستپێکردنەوەی زەمانی تاهەتایی هەبوونی نەتەوەیی کورد و گەیاندنەوەی نەتەوەی کورد بە سەرەتاییترین و تاهەتاییترین چرکەی هەبوونی خۆی دەکارهێنراوە. تەنانەت لە ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیدا نەورۆز وەکو مزگێنیدەری بووژانەوە و هاتنەوەی فەرعانە، گەیشتنەوە بە ئەو کەس، شوێن یان چرکەیەی کە شاعیر لێی دابڕاوە، دەکار هێنراوە:
نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن ”مەولەوی”
یان
نەسیمی بادی نەورۆزی شەمیمی عەبھەری ھینا
موریدی عاشقان دیسان پەیامی دولبەری ھێنا ”وەفایی”
یان
تەشریفی نەوبەھارە کە عالەم دەکا نوێ
دڵ چونکە میسلی خونچەیە بۆیە دەپشکوێ ”نالی”
دیارە لە شیعری بەرگریی کوردیدا بە شێوەیەکی بەرچاوتر مۆتیفی نەورۆز وەکو هێمای لەدایکبوونەوە و ڕاپەڕینەوە و سەرهەڵدانەوەی چرکەی هەبوونی نەتەوەیی دەکار هێنراوە؛ شاعیرانی وەکو پیرەمێرد، قانع، دڵدار، هەژار، هێمن، هێدی، گۆران، عەبدوڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و…
عه‌لی له‌یلاخ: گرینگی نه‌ورۆز له‌چیدایه‌؟به‌رێزت وه‌کوو نووسه‌رێکی کورد چۆن ده‌روانیته‌ نه‌ورۆزو کاریگه‌رییه‌کانی؟
ئ..مه‌حه‌مه‌دی: نەورۆز وشەیەکی سروشت ماناییە و توانیوویە بە جوانی ماناکەی خۆی بچەسپێنێ.
هەمیشە سروشت وەکوو مامۆستایەک وانەی بە گیانداران و بێ گیانان وتووتەوە و هیچ کام لە گیاندار و بێ گیان نەیانتوانیوە خۆیان لە ژێر کاریگەری نەورۆزدا بەدەربگرن.
بۆ هەموو گیانداران و بێ گیانان گرینگی نەورۆز لە زیندوو بوونەوەدایە، هەموو هێزێکی نوێی گیانبەخش دەگرن و دەست دەکەن بە ڕەو و باڵاکردن و نوێی بوونەوە؛ نوێی بوونەوەیەک کە بە تەواوی مانا نوێیگەری و خوڵقاتدنی شت و گیانی تازە و نوێییە.
نوێی بوونەوەیەک کە ئەتوانێ لە گەڵ ژیانی ساڵانی دوور و درێژی ڕابردوودا , زۆر جیاوازی بێت.
تەنانەت لە ڕەنگ و بۆن و بەرامەی گوڵ و گیا و چەند ڕەهەند بوونەوە لە سەر یەک ڕیشە ۆ بنەمادا , کە خۆدی ئەوەی وا لە پێشدا بووە دەپارێزدرێت بەڵام شتێکی کاریگەرتر دە خوڵقێت , ۆ کوو : درووست بوونی چەندین جۆر دەرمان و خۆراک و ڕازێنەری نوێی کە جیاوازی کارکرد و کارتێکردنیان دیار ۆ بەر چاوە.
ئەڵبەت هەر میللەتێک لە دوێی ئەوەدا دەگەرێت کە زۆر گرینگ بێت و بتوانێ گرینگایی خۆی لە کارپێکردندا بخاتە بەر چاو.
بۆ میللەتی کورد ژیان و دەسەڵات و دەرهاتن لە ژێر دەسەڵاتی زاڵمانەی زۆر بێژاندا , گەلێک گرینگ بوونە.
چۆن جوغرافیای کوردستان هەر هەمووی دەکەوێتە ژێر کاریگەری نوێی بوونەوەی سروشت و هاتنی وەرزی بەهار ; هەر جۆرە ماناکردنەوە و نوێی بوونەوە بە جوانی بۆ خەڵکەکەی ڕوون دەبێتەوە و توانای تێفکرین و لێحاڵی بوونی بۆ هەموو تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردی بەرچاو و کەڵک لێگیراوە.
میللەتان و تاکەکان هەمیشە و هەموو کاتێک لە دوای ویستە تاک و کۆیەکانی خۆیان گەڕاون و لەو بوونە سروشتییانە کەڵکیان وەر گرتووە.
کورد هێزێکی دەوڵەتی و دەسەڵاتدار بووە , دوای ئەوەی دەسەڵاتی وڵاتداری یان ناوچەیی خۆیانیان لە دەستداوە , ئیتر بۆ دووبارە گرتنەوەی دەسەڵاتی کوردی کەوتوونە تێکووشان و لە سروشت کە زۆرترین کاریگەری لە سەر چاو و هزری ڕاستەقینەی مرۆڤ هەیە کاریان کردووە و توانیویانە لە نەورۆز بۆ یەکگرتنەوەی نەتەوەیی کەڵک وەر بگرن.
چۆن سەرەتای ژیانەوەی ساڵ تێکۆشانی پڕ هەست و بزوێنەری هەیە و دەتوانێ لە سەر هەست و دەروونی مرۆڤەکان کاریگەری ئانی و کاتی هەبێت , بۆ کورد ئامرازێکی سروشتی زۆر بە هێزە کە خەڵکی خۆیی پێی ببەستێتەوە و له هێما و شتە بەرچاو و هەست بزوێنەکانی بۆ یەکگرتنەوەی گەل کەڵک وەر بگرێت.
بە وتەی مامۆستا هێمن :”ئاژەڵداری و ژیانی کشتوکاڵی گەلی کورد بە گشتی کە لە ناوچەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریدا دەژین ” گەورەترین هۆکار بووە بۆ کردنەوەی ئاگر و بەرپاکردنی شایی و درووستکردنی بۆنەیەکی میللی بۆ میللەتی کورد.
بە ڕای من هەر بۆنەیەک , هەر نیشانە و شتێکی سروشتی کە بتوانێ بۆ یەکخستنی میللەت کەڵکی لێی بگیردرێت , ئەتوانێ باشترین هۆکار و یارمەتیدەر بێت یەکخسنەوەی گەل و خەڵکی کورد.
مۆرتین ئەڵێت: “سروشتی مرۆڤی ئێرانی مردنی نییە و نەمریی باوەڕە کۆنەکان لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی ئێرانییە. ”
بە پێی ئەم بۆچوونە , نەورۆز یەکێک لە گرینگترین نەریتە سروشتییەکانی جوغرافیای کوردستانە و قەتیش لە ناو ناچێت.
چۆن نەو رۆز هەتا جوغرافیا کوردستان وەها بێت , هەر دەمێنێتەوە , کوردیش دەبێ بە پێی زانستی دەروونناسی, کۆمەڵناسی, فەرهەنگی و ژیاری میللی , کەڵکی ڕەوا و درووستی لێبگیردرێت و نەتەوەی خۆیی بۆ ڕێک بخرێ.
چۆن گەورەترین کەڵکەڵەی گەلی کورد درووستکردنی دەوڵەت و وڵاتی یەکگرتوو و ئاڵادار بووە , هاتنی ساڵی نوێی و ئاڵۆگۆڕی کەش و هەوا و جوغرافی ناوچەکە بووە بابەتێکی کەڵک لێگراو بۆ گەلی کورد.
شاعیران و نووسەرانی کوردیش ئەمە هەلەیان بە جوانی لە پێش چاو گرتووە و بۆ یارمەتیدانی گەل و نەتەوە کەڵکیان لە سروشت وەر گرتووە و یەکگرتنی نەتەوەییان کردووە دروشمی خۆیان و لە شێعر و نووسیندا بە کاریان بردووە.
بەهار و جوانییەکانی سروشتیش بووە هەوینی شێعر و نووسراوەی شاعیرانی کورد.
هەر وەک چۆن سروشت گەرایی (ناتورالیستی) لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی٢٠دا شێوازێکی فەلسەفی و ئەدەبی باو بووە؛ ئەم شێوازە کەڵک گرتنە لە سروشت لە نێو هەموو گەلاندا و گەلی کوردیشدا , هەمیشەیی و هەتاهەتاییش ئەبێت.
شاعیران و نووسەرانی کوردیش لە سەرەتای نووسیندا و پێموایە هەتا هەتاییش‌دا هەر لە سروشت وبەهار کەڵک وەردەگرن و لە شێعر و نووسینیشیاندا ڕەنگ دەداتەوە.
نەورۆزیش گەورەترین ئامێر و هێزی سروشتە کە دەتوانێ ڕۆحی نەتەوەیی لە گیانی گەلی کورددا بنەخشێنێ و کورد زیندوو بکاتەوە.

لە ژماره‌ ٦٧٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌