Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 19/06/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

یەکەم دیدار‌و دوا دیدارم لە گەڵ عەلیی حەسەنیانی( مامۆستا هاوار)دا

10/03/2016 | 21:55:30
+A
-A
قادر وریا

کۆتاییەکانی جۆزەردان یا دەسپێکی مانگی پووشپەڕی ١٣٦٠(١٩٨١) بوو کە شێعری «ژیانەوە»م نووسی. بنکەی کۆمیتەکەمان (کۆمیتەی حیزبیی ناوچەی حەسەننووران) لە ئاوایی «تاچیناوێ» بوو‌و بە مەرەخەسی‌و سەردان هاتبوومەوە ماڵێ. پێشنیوەڕۆیەک، سەرەتاکەیم لە نیو باغی سێوانی خۆمان لە گوندەکەمان چەشمەگۆل دامەزراند. لە بیرم نیە لە ژێر کاریگەریی چ ڕووداوێک یا خوێندنەوەی چ کتێبێک‌دا بوو کە بۆ نووسینی شێعرێک بۆ بانگەوازکردنی کچی کورد بۆ نێو کۆڕی تێکۆشان، دەست بە کار بووم. ئەوەشم لە بیر نیە کە هەر ئەو ڕۆژە‌و ئەو کاتە تەواوم کرد یا لە دوو سێ کاتی لێک دابڕاو دا. ماوەیەک دواتر، هەیئەتێکی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات بۆ کاروباری تایبەت بەو ڕێکخراوەیە هاتنە ناوچەی شنۆ. لە بیرمە ئەو وەختە بوو کە جاری وا بوو لە شەو‌و ڕۆژێک دا چەند جار بوومە‌لەرزە دەهات. کاک ڕەحمان سۆفیزادە‌و کاک موحسین شاسواری(کۆچەر)، ئەندامی ئەو هەیئەتە بوون. کاک موحسین لە شێعر‌و ئەدەبیات‌و زمانی کوردی شارەزا دەهاتە بەر چاو. بەو هۆیەوە کە ئەو کات بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە ناوچەی حەسەننووران بووم، هەیئەتی میوان چەند شەوێک لە بنکەی ئێمە مانەوە. دەرفەت بوو کە هێندێک شێعر‌و نووسینی خۆم بۆ کاک موحسین بخوێنمەوە‌و لە سەرنج‌و تیبینی‌و ئەزموونەکانی سوود وەربگرم. هەرلەو سەروبەند دا چەند دەورەی یەک بە دوای یەک بۆ ڕاهێنانی یەکەم خولی خوازیارانی مامۆستایەتیی شۆڕش لەناوچەکانی شنۆ، نەغەدە و پیرانشار، لە شاری شنۆ بەڕێوە چوون. لە یەکێک لەو کۆبوونەوانە دا کە ئێوارەیەک لە قوتابخانەی حافز،هەیئەتی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوان بۆ خوازیارانی مامۆستایەتیی شۆڕش پێکی هێنا، لە سەر پێشنیار‌و داوای کاک موحسین شاسواری، «ژیانەوە»م خوێندەوە . نازانم لە بەر ئەوەی کاک موحسین بەر لە بانگکردنی من بۆ خوێندنەوەی شێعرەکەم کەمێکی پێدا هەڵگوت، یا هەر بەشداران بە ڕاست پێیان باش بوو، بە چەپڵەیەکی باش پێشوازیم لێ کرا.
پاییزی ١٣٦٠ کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات بڕیاری دا، گۆڤاری»لاوان» وەک ئۆرگانی ئەو ڕێکخراوەیە بڵاو بکاتەوە، منیش بووم بە هاوکاری بەڕێوەبەریی گشتی‌و بە تایبەتی هاوکاری هەرە نزیکی گۆڤارەکە. کاک تەیفوور بەتحایی کە ڕابیتی نێوان یەکیەتیی لاوان‌و دەفتەری سیاسی بوو، داوای شێعرێکی بۆ یەکەم ژمارەی گۆڤاری «لاوان» لێ کردم. منیش ئەو شێعرێكی خۆم بە ناوی «ژیانەوە»ڕەگەڵ بابەتەکانی دیکەی ئەو ژمارەیە خست.‌ بابەتەکان دەبوایە کەسێک لە دەفتەری سیاسیی حیزب دیتبانی. چەند ڕۆژ دواتر بۆ وەرگرتنەوەیان لە گەڵ کاک کەریم ئەڵلاوەیسی کە بەرپرسی گشتیی یەکیەتیی لاوان بوو، لە بنکەکەمان لە «خدراوێ» ڕا چووین بۆ «شێوەجۆ» کە بنکەی دەفتەری سیاسیی لێ بوو، بابەتەکانی دیکە کاریان تەواو ببوو، تەنیا شێعرەکە مابوو و گوتبوویان با کاک عەلی حەسەنیانی(هاوار) بیبینێ. لە پڕ دیتمان کاک بابا عەلی مێهرپەروەر‌و کاک عەلی حەسەنیانی لە لای سەرەوە ڕا بەرەو ساڵۆنی گشتی دێن. کاک کەریم کە دەیناسین و دەیانناسی، منی پێ ناساندن‌و داواشی لە کاک عەلی کرد بە شێعرەکەم دا بچێتەوە و کەموکوڕییەکانیم بۆ چاک بکا. بە ئامادەبوونی کاک بابا عەلی‌و کاک کەریم، مامۆستا هاوار بە حەوسەلە‌و بەڕاستی مامۆستایانە بە شێعرەکەم دا چووەوە. لە بیرم نیە کە چ وشەیەک یا وشەگەلێکی لێ زیاد و کەم کرد، بەڵام دەزانم هەم لە ڕووی واتا‌و هەم لە ڕووی کێشەوە، ئەوەندەی دەگونجا یارمەتیی بە جوان کردنی فۆرم و ناوەرۆکی شێعرەکە کرد. پێشتر هەم ناویم بیستبوو هەم لە چاپەمەنییەکانی حیزب‌دا شێعرم لێ خوێندبۆوە،بەڵام ئەوە یەکەم جار بوو لە خزمەت کەسێک کە خۆی شاعیرێکی ناسراو‌و دیار بوو، دادەنیشتم‌و ڕێنوێنی‌و ئامۆژگاریم وەردەگرت. ئەم یەک سەعات دانیشتنە لە گەڵ مامۆستا هاوار، بۆ هەمیشە ئەوی لای من خۆشەویست کرد. دواتر کە شاخی جێ هێشت‌و گەڕایەوە شارو کۆمەڵێک وتارو بابەتی خۆی لە کتێبێک لە ژێر ناوی «شاری وێران»دا چاپ کرد، دیتم لە یەکێک لە بابەتەکانی دا منیشی لە ڕیزی ئەو شاعیرە لاوانە‌دا ناوبردوە کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هاتوونە مەیدانی شێعر‌و شاعیرییەوە.
بە داخەوە مامۆستا هاوارم هەر نەدیتەوە. ساڵانێک دواتر زانیم کە ئێرانی بە جێ هێشتوەو چووە بۆ دەرەوەی وڵات‌و لە دانمارک گیرساوەتەوە. سەرئەنجام لە سالانی سەرەتای دەیەی ٩٠ی زایینی لە بارودۆخێکی دەروونی‌و ماڵیی نالەبار‌دا لە دانمارک کۆچی دوایی کرد.ساڵی ٢٠١٠کە بە سەفەرێکی کورت ڕێگام کەوتە کۆپێنهاگ، زۆرم مەراق بوو بچمە سەر گڵکۆی کاک نەبیی قادری کە هەم لە قۆناغی دەبیرستان مامۆستام بوو هەم لە حیزب و حیزبایەتییش‌دا بۆ فیربوون‌و خۆپێگەیاندن، دڵسۆزو پپشتیوان‌و هاندەرم بوو. کاتێک چاوساغەکەم کاک ناسر پیرانی وتی گڵکۆی کاک عەلی حەسەنیانییش هەر لەم گۆڕستانەیە،زۆرم پێ خۆش بوو، چونکە لە مێژ ساڵ ىوو دەمەویست لە دەرفەتێک‌دا وەفا و پیزانینی خۆم بۆ ئەو مامۆستایە نیشان بدەم. لە گەڵ کاک ناسر‌و کچەکانی چووینە سەر گڵکۆی هەر دوو کەسایەتیی کۆچکردوو و چەپکە گوڵی ڕێزو خۆشەویستیمان لە سەر دانان. گڵکۆی مامۆستا هاوار، کەوتبووە شوێنێکی هەژارانە‌و چەپەک و لە نێو بێنازی‌و پێڕانەگەیشتن دا ئەوەندەی دیکە ون ببوو، خاوەنی کێل‌و بەردەنووسی شایانی ئەو کەسایەتییە ئەدەبییە نیشتمانپەروەرەش نەبوو. تەنیا لە سەر تەختەدارێک، ناوەکەی‌و ساڵی لە دایکبوون‌و مردنەکەی بە دەسخەت‌و بە دوور لە هەر جوانکارییەک نووسرابوو. بە ڕاستی بە دیتنی گڵکۆی هەژارانە‌و غەریبانەی، دڵ‌و چاوم پڕ بوون. عەلیی حەسەنیانی (مامۆستا هاوار)لە سیاسی و خەباتکارانی سەردەمی ڕێژیمی شایەتی‌و لە بەندییە سیاسییە بە ناوبانگەکانی سەردەمی زەبروزەنگی ساواک بوو. هاوڕێ‌و هاوخەباتی «سوارەی ئێلخانیزادە»‌و «چاوە»‌و کۆمەڵێک لە پێشڕەوان‌و ڕەچەشکێنانی شێعر‌و ئەدەبیاتی نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو‌. ئەگەر خۆی‌و نەتەوەکەی خاوەنی کوردستانێکی ئازادو خودان کیانێکی کوردی‌و حکوومەتێکی خەڵکی‌و نەتەوەیی‌و قەدرزان بایەو لە هەلومەرجێکی سیاسیی دڵخواز لە نێو نەتەوەکەی خۆی‌دا مردبا، بە دڵنیاییەوە مەزار‌و گڵکۆی شایانی خۆی دەبووو ساڵانە بە هەزاران کەس لە ڕۆڵە قەدرزانەکانی نەتەوەکەی دەچوونە سەر گڵکۆکەی. دیوانی شێعرەکانی‌و سەرجەم بەرهەمەکانی سەرلەنوێ‌و لە فۆرمێکی جوان دا، چاپ‌و بڵاو دەکرانەوە‌و بە نەوەی نوێ دەناسێندرا. بەڵام ئەوەتا ئێستا بە مردووییش گۆشەنشین‌وپشتگوێخراوەو لە سووچێکی هەژارانەی گۆڕستانێکی کۆپێنهاک، نوقمی فەرامۆشییە! نەم دەزانی ئەو فرمێسکانەی هەڵیان دەوەرێنم بۆ چارەنووسی خەماویی شاعیر، نووسەر‌و خەباتکارێکی کوردە یا بۆ بێبەشی و بندەستیی نەتەوەکەی خۆم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟

لە ژماره‌ ٦٧٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌