تێکۆشەرێکی لەمێژینەی دێموکڕات لە ناوچەی سەردەشت بەهۆی پیریو نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ڕۆژی هەینی ١٤ ی ڕەشەممە کاک قادر پەیڕەوان، ئەندامی لەمێژینەوەی حیزبی دێموکڕات لە ناوچەی سەردەشت لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.
کاک قادر پەیرەوان ساڵی ٤٢ی هەتاوی بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانو لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ٤٧-٤٦ ی حیزبی دێموکڕات دەبێتە پێشمەرگەو تێکەڵ بەو جوڵانەوەیە دەبێ. دوای تێکشکانی جووڵانەوەکەش لەگەل دەیان کەس لە تێکۆشەرانی حیزب پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێ.
کاک قادر پەیرەوان دوای ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئەلجەزایر لە نێوان ڕێژیمی بەعسی عێڕاقو ڕێژیمی پاشایەتیی ئێراندا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی دێموکرات لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە ڕادەستی ئێران کرانو کەوتنە بەندیخانەوە.
کاک قادر دوای کێشانی ماوەیەک زیندانیو ئازادبوونی تێکەڵ بە کاری سیاسیی بۆوەو لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧و دەستپێکردنەوەی ئاشکرای تێکۆشانی حیزب هاتەوە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبو بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە زۆربەی شەرەکانی ناوچەی سەردەشتدا ئازایەتیی نواند.
کاک قادر ساڵی ٦٤ ی هەتاوی بەهۆی کۆمەڵێک گرفتی ژیان وازی لە پێشمەرگایەتی هێناو چۆوە بناوێ، گوندەکەی خۆیان، بەڵام هەر وەک ئەندامی حیزب درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دا. بە دوای ئەوەش بەهۆی ئەوەی کوڕەکەی حوسێن پێڕەوان یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزب لە ناوچە بوو، بەردەوام لە ژێر فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمدا بوو و لە سۆنگەیەوە زۆر جار خرایە زیندانو ئەشکەنجە کرا.
کاک قادر پەیڕەوان جیا لە خۆیو کوڕەکەی، زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکڕاتدا بوون. مام برایم پێڕەوان، برای کاک قادر دوای ٣٦ ساڵ پێشمەرگایەتی ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کردو کاوە پەیرەوان، برازایەکیشی لە ئێستادا یەکێک لە کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک قادر پەیڕەوان سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری بەڕێزیان بە تایبەت هاورێ حوسێن و کاوە پەیرەوان دەکاو خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.