محه‌ممه‌د شه‌ریف، پارێزه‌ری به‌ندكراوی كورد زێنه‌ب جه‌لالیان، ده‌ڵێ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ داوای مه‌ره‌خه‌سیی ناوبراو كراوه. زێنه‌ب جه‌لالیان ماوهی٨ساڵه بێ ئه‌وه‌ی كه تاقه ڕۆژێكیش مه‌ره‌خه‌سی پێ بدرێ له به‌ندیخانه دایه.
محه‌ممه‌د شه‌ریف، به كه‌مپه‌ینی نێوده‌وڵه‌تیی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێرانی ڕاگه‌یاندووه كه زێنه‌ب جه‌لالیان تا ئێستا چه‌ندین جار داوای مه‌ره‌خه‌سی كردووه، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستان به‌دژی ئه‌م داواكارییه ڕاوه‌ستاون.
ئه‌م پارێزه‌ره هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی” دوای٤ مانگ له‌مه‌وبه‌ر بوو كه داوای مه‌ره‌خه‌سیمان بۆ ئه‌م به‌ندكراوه كورده كرد، به‌ڵام بۆ جارێكی دیكه‌ش ئه‌و داوایه ڕه‌د كرایه‌وه، به قسه‌ی ناوبراو كاربه‌ده‌ستان یا به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌ره‌خه‌سی ناده‌ن، یان ئه‌گه‌ر مهرهخهسیشی پێ بده‌ن مه‌رجی بۆ داده‌نێن.”
شه‌ریف بۆ ڕوون كردنه‌وه‌ی “مه‌ره‌خه‌سیی به مه‌رج” گوتی: به سه‌رنجدان به‌م بارودۆخه من پێم وایه مه‌رجی پێدانی مه‌ره‌خه‌سیی به زێنه‌ب جه‌لالیان لێدوانیی ته‌له‌ڤیزیۆنی بۆ دانپێدانانی زۆره‌ملی، یان بابه‌تی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه بێ.”
پێشتریش هه‌واڵ گه‌لێك له بابه‌ت ئازیه‌ت و ئازاری جه‌سته‌یی و فشاری ڕووحی بۆسه‌ر زێنه‌ب جه‌لالیان بڵاوكرابۆوه تا له‌م ڕێگه‌وه ناچاری بكه‌ن به دانپێدانانی زۆره‌ملیی ته‌له‌ڤیزیۆنی قایل بێ، چونكی له ڕابردووش‌دا چه‌ندین جار زیندانیانی سیاسیی له‌ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دا ناچار كراون دان به كارگه‌لێك دابنێن كه دوور له ڕاستین. ئه‌م جۆره دانپێدانانه‌ش له ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێرانه‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه.
زێنه‌ب جه‌لالیان له ساڵی ١٣٨٦ له ته‌مه‌نی ٢٤ ساڵیدا له جاده‌ی كرماشان بۆ سنه ده‌سبه‌سه‌ر و ڕاپێچی زیندانی كرماشان كرا. ناوبراو ئێستا له زیندانی شاری خۆی توند كراوه.
جه‌لالیان له ساڵی ١٣٨٨ به تۆمه‌تی ئه‌ندامه‌تی له پژاك حوكمی ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا، به‌ڵام ئه‌م حوكمه له ساڵی ١٣٩٠ بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی گۆڕدرا.
بارودۆخی ناله‌باری ئه‌م گیراوه كورده له‌نێو زیندان، له حاڵێكدایه كه كۆمه‌ڵێك له توێژه‌رانی مه‌ده‌نی، سیاسی و چالاكانی مافه‌كانی ژنان له مانگی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ به بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك داوای پێدرانی مافی مه‌ره‌خه‌سی و چاره‌سه‌ر و ئازادكرانی خێرای ناوبراویان كردبوو.
له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه كه بارودۆخی جه‌سته‌یی و سڵامه‌تیی ناوبراو به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه و ئازاری زۆر شپڕزه، به جۆرێك كه له ئێستادا مه‌ترسیی له ده‌ست دانی چاوه‌كانی و نابینا بوونی لێ ده‌كرێ. جگه له‌مانه‌ش ڕیخۆڵه‌ی زۆر به توندی چڵكی كردووه و تووشی خوێنبه‌ربوونی هه‌ناوی هاتووه و پێویستی به ده‌رمان و چاره‌سه‌ری خێرا هه‌یه.
محه‌ممه‌د شه‌ریف پارێزه‌ری ئه‌م گیراوه سیاسییه گوتوویه‌تی زۆرمان هه‌وڵ داوه حوكمی هه‌تاهه‌تایی زێنه‌ب بۆ ١٥ ساڵ زیندان بگۆڕدرێ، به‌ڵام تا ئێستاش به هیچ ئه‌نجامێك نه‌گه‌یشتووین.