ڕۆژی هەینی رێكەوتی ١٦ی ڕێبهندان لە شارۆچكەی هەورامان تەختی سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە، رێوڕەسمی ئایینی و ئوستوورەیی “زەماوەندی پیرشالیار” بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر بەڕێوە چوو.
بەپێی سهرچاوهکانی هەواڵ ئەم جەژنە ئایینی، مێژوویی و ئوستووەرییە كە هەر ساڵە لە چل و پێنجەمین رۆژی زستاندا بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوە دەچێ، بە ساڵڕۆژی زەماوەندی پیری عیرفانی بەناوی “پیرشالیار” بەناوبانگە كە سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوەڕی ئایینی و دینیی دانیشتوانی هەورامان كە سەدان ساڵە پاراستوویانە.
رێوڕەسمی زەماوەندی پیر لەناو خەڵكی هەورامان و بەتایبەت “هەورامان تەخت” كە پاش هەزاران ساڵی هەوراز و نشێو گەیشتووەتە ئەمڕۆ، بەشێكە لە مێژوو و كولتووری نەتەوەی كورد كە بنەما و ریشەكانی بۆ ئوستوورە و هەوێنی باوەڕە دینییەكان دەگەڕێـتەوە.
ئەم رێوڕەسمە جیا لە دوو رۆژ كە لە ٤٥مین رۆژی وەرزی زستاندا بەڕێوە دەچێ، بەشی دووەمی لە ١٥ی مانگی یەكەمی وەرزی بەهار بەڕێوە دەچێ كە هەركام لەم رێوڕەسمانە بە كۆمەڵێك داب ونەریتی جوان و خۆماڵی و لێنانی چێشت و خۆراكی تایبەتی پیر و دابهشكردنی لەناو خەڵك و میوانان بەڕێوە دەچێ كە هەركامەیان واتا و جوانیی تایبەت بە خۆیان هەیە.
هەر ساڵە لە ناوچە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و باشوور و ناوچەكانی دیكەی ئێران و تەنانەت گەشتیاری بیانیش بۆ بەشداری کردن له رێوڕەسمی پیرشالیار ڕوو لە هەورامان تەخت دەكەن.