ئیداره‌ی کاری پارێزگای سنه جارێکی دیکه‌ش له‌به‌رده‌م دروستبوونی شوڕای کرێکارانی شیرکه‌تی تراکتۆرسازیی کوردستاندا بوو به کۆسپ.
دوای چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی کرێکاران ئه‌و شیرکه‌ته له رێبه‌ندانی ئه‌مساڵدا، به‌شی حیراسه‌تی ئه‌و کارخانه‌یه کۆمه‌ڵیک له‌و کرێکارانه‌ی بانگ کردوه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردنی لێکردوون. هه‌روه‌ها ئیداره‌ی کاری سنه‌ش پێوه‌ندیی ته‌له‌فوونیی به چه‌ند که‌س له کاندیداکانی نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و شووڕایه گرتوه‌و داوای کشانه‌وه‌و وازهێنان له‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ی لێکردوون. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه شیرکه‌تی خاوه‌نی ئه‌و کارخانه‌یه، واته تراکتۆرسازیی ته‌ورێزیش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردوه که له ئه‌گه‌ر به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌و کۆبوونه‌وه‌ی دیکه‌ی کرێکاران هه‌موو کارخانه‌که داده‌خاو له کوردستانی ده‌باته ده‌رێ.
شایانی باسه کرێکارانی کارخانه‌ی تراکتۆرسازیی کوردستان تا ئێستا هیچ ڕێکخراوه‌یه‌کی تایبه‌ت به خۆیان نییه‌و تا ئێستا له ڕێگه‌ی پێوه‌ندی‌و خۆ رێکخستن له‌گه‌ل ئیداره‌ی کار به‌ته‌مای دامه‌زرانی ڕێکخراوه‌یه‌کی بوون که ئه‌ویش به به‌رده‌وامی ڕێگری لێکراوه.