یووسف كاكەمەمی، بەندكراوی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی ورمێ، بە تۆمەتی ناردنی نامەیەك بۆ ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانو پێوەندیگرتن بە ڕاگەیەنەكانی دهرهوهی زیندان، حوكمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە شاری ورمێ، یووسف كاكەمەمیی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی كۆماری ئیسلامیو گرتنی كۆبوونەوەو كەین و بەین بە مەبەستی هەوڵدانی دژی ئەمنیەتی میللی، حوكمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.
تۆمەتەكانی ناوبراو له سۆنگهی پێوەندیگرتنی بە ڕاگەیەنەكان، هەواڵ گهیاندن به میدیاکان، نووسینی نامە بۆ ئەحمەد شەهید، ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان لە كاروباری ئێران وەپاڵی دراون.
حوكمی ٥ ساڵ زیندانیی دیکه بهسهر یوسف کاکهمهمی ڕۆژی ڕابردوو لە زیندان لە حاڵێكدا پێی ڕاگەیەندرا كە ناوبراو تەنیا ٧ مانگی ماوە كە ماوەی بەندكرانی تەواو بێو قەراربوو مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ كۆتایی بە حوكمی ٩ ساڵەی بێ.
مەحكومكرانی دووبارەی یووسف كاكەمەمی لە حاڵێكدایە كە ناو لە هیچ كام لە قۆناغەكانی دادگایی كردنی پارێزەری نەبووەو بۆ ماوەیەكی درێژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە ژێر ئازارو ئەشكەنجەی لێكۆڵەراندا بووەو له دادگاش حاشای له هەموو ئهو تۆمەتانه کردبوو که دراونهته پاڵی.
یووسف كاكەمەمی، خەڵكی شاری مەهابادەو ساڵی ١٣٨٦ بە تۆمەتی هاوكاریی یەكێك لە حیزبە بەرهەڵستكارەكانی كۆماری ئیسلامی، بە ناهەق حوكمی ٩ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپا.