سپای پاسداران لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ ڕێزلێنان لە خزمەتو هەوڵی قەڵەم بەدەستەکانی خۆی لە کوردستان پێکیهێنابوو، ناوی چەند کەس لەوانی ئاشکرا کرد کە لە ژێر ناوی ڕاگەیاندنو مێدیادا خزمەتی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو کۆمەڵە کەسە بەهۆی خۆشخزمەتیی لەڕادەبەدەریان بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمو دژایەتیی ویستو داوا نەتەوەیییەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان؛ لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕێزیان لێگیراو داوایان لێکرا زیاتر لەسەر ئەو کارە بەردەوام بن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ناوی چەند سایتو ماڵپەڕی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیم ئاشکرا کرا کە پێشتر بەڕێوەبەرەکانی حاشایان لەوە دەکرد سەر بە رێژیم بنو لە پێناو سیاسەتو ئامانجەکانی ئەواندا کار بکەنو هەڵسوڕانیان هەبێ.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرهەنگ قاسمی، بەرپرسی گشتیی سپا لە بەشی میدیا گوتی کە نیزامی کۆماری ئیسلامی باش نرخو بایەخی ئەو کەسانە دەزانێ کە بە دژی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەوەستنو خزمەت بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
دواتر لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا یەحیا سەمەدی، پەیامنێری کوردپرێس سەر بە سپای پاسداران؛ خەبات ساعدی لە هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران؛ ئۆمید بەهمەنی لە هەواڵدەریی ئیڕنا، شنۆ نووری لە هەواڵدەریی مێهر، کاوە ئەمجەدیان لە ماڵپەڕی کورد تودەی سەر بە بەسیج، کامڕان کەرەمی لە ڕۆژنامەی “پەیام زمان” سەر بە سپای پاسداران؛ فریاد فاتحی لە ماڵپەری ” نوای آبیدر” سەر بە سپای پاسداران و یاسین شەریعەتی لە حەوتوونامەی ڕۆژان وەک ڕۆژنامەنووسو قەڵەمبەدەستی بەسیجی بانگ کرانە سەر شانۆو لەلایەن فەرماندەی سپای پاسدارانەوە ڕێزنامەی خۆشخزمەتییان پێدرا.