هونەرمەندی گەورەی کورد کەریم کابان کۆچی دوایی کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٤ ی بەفرانبار هونەرمەندی گەورەی کورد کەریم کابان پاش ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد..
هونەرمەند کەریم کابان زیاتر لە ٦٠ ساڵ خزمەتی هونەری نەتەوەکەی کردو پاش مردنی ناوێکی بەرزو خەرمانێک بەرهەمی هونەریی لە پاش خۆی بۆ نەتەوەکەی بەجێهێشت.
هونەرمەند کەریم کابان لە ساڵی ١٣٠٦ ی هەتاوی لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی لەدایک بووە، ھەر بە منداڵی ناردویانەتە حوجرەو لەوێ وەبەر خوێندنی ئاینیی نراوە.
لە ساڵی ١٣٢٠ ی هەتاویدا یەکەمین گۆرانی گوتوەو لەساڵی ١٣٢٤ بۆتە بەڕێوەبەری بەشی کوردی لەرادیوی بەغدا.
هونەرمەند کەریم کابان لە ژیانیدا توشی زۆر ناخۆشیو دەربەدەری بووەو بەڵگەفیلمێک بە ناوی «تەمەن» لە سەر ژیانی کەریم کابان دروست کراوە.
کەریم کابان مرۆڤێکی بە هەڵوێست و نیشتمانپەروەر بوو. ئەو ساڵی ١٣٤٢ ی هەتاوی تا ١٣٤٨ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ناوچەکانی نێوەراستی عێراق دوور خراوەتەوەو هەروەها ساڵی ١٣٥٣ی هەتاویش جارێکی دیکە بە هۆی هەڵوێستی سیاسییەوە لە نیشتمانەکەی دورخراوەتەوە. کەریم کابان ساڵانێکیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوەو لە خەم و ئازارەکانی ئەو بەشەشدا بەشداری کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری هونەرمەند کەریم کابان دەکاو سڵاو بۆ تەمەنێک خزمەتو تێکۆشانی هونەریو نەتەوەیی کەریم کابان بۆ نەتەوەکەی دەنێرێ.