ڕۆی چوارشەممە ٩ی بەفرانبار چەند كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکاران لە شارەكانی كوردستان بە هۆی پێنەدانی مووچەکانیان بەڕێوەچوو.
لە ئیلام کۆمەڵێک خەڵكی هەژارو كەم داهات بەهۆی بڕینی یارانەکانیان لە بەردەم فەرمانداری كۆبوونەوە. كاربەدەستانی پێوەندیدار کە هیچ بیانوویەکیان بۆ بڕینی یارانەی ئەو خەڵکە نەبوە، پێیان گوتون کە بە هۆی هەڵەی کامپیوتێری یارانەی مانگەكانی خەزەڵوەرو سەرماوەزی ئەو کۆمەڵە کەسە لە بانك نەكراوەو بەمجۆرە وادەی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان پێداون.
گرووپێك لە كارمەندانی زانكۆی پیراپزیشكیی سنەش بە هۆی وەرنەگرتنی هەقی زیادەكاریی ٢ مانگی ڕابردووی خۆیان كۆبوونەوە. ئەم كۆبوونەوەیە لە زانكۆ لە شارەکی زانستە پزیشكییەکانی سنە گیراو ناڕازییان داوای مووچەی دواكەوتووی خۆیان كرد.
هەر لە شاری سنە كۆمەڵێكی دیكەش لە كارمەندانی گرێبەستی ئیدارەی تەعاونیی سنە بە هۆی دواکەوتنی مووچەی ٢ مانگی ڕابردوویان لە شوێنی ئەم ئیدارەیە لە شەقامی جامی جەم كۆبوونەوە.
لە شاری كرماشانیش گرووپێك لە كارمەندانی شیركەتی “داڵاهۆی كەوسەر ئەندیش” كە لە بواری سپیایی شیرو ماستدا چالاكی دەكا، بە هۆی پێنەدانی مووچەی مانگەكانی خەزەڵوەرو سەرماوەزیان كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.