له دیدار‌و چاوپێکه‌وتنی هەیئەتێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و ئەحمەد شەهید؛ ڕێپۆرتنێری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران پرسی مافی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تاوتوێکرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی سه‌رماوه‌ز هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو له مەولوود سوارە، ئەندامی رێبەریی حیزب‌و فەرزاد حیکمەت، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا دیدارێکیان لەگەڵ ئەحمەد شەهید، ڕێپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران‌و تیمی هاوڕێی کە سه‌ردانی شاری لەندەنیان کردبوو، پێکهێنا.
له‌و دیداره‌دا هەیئەتی حیزبی دێموکڕات باسێکی تێروتەسەلی لە پیوەندی لەگەڵ ڕه‌وتی سیستماتیکی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، به تایبه‌ت ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
باس له دۆخی زیندانیانی سیاسیی کورد، ڕه‌وتی ناقانوونی دادگایی‌و حوکمدرانی ئهوانو درێژه‌ی سه‌پاندنی حوکمی ئێعدام به‌سه‌ر چالاکانی سیاسیی کورد‌و جێبه‌جێکردنی ئه‌و حوکمانه له‌سه‌ریان ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی باسه‌کانی هه‌یئه‌تی حیزب بوون که له‌و به‌شه‌دا هه‌یئه‌تی حیزب به‌ڵگه‌و دێکۆمێنتی پێوێستیان خسته به‌رده‌ستی ئه‌حمه‌د شه‌هیدو شاندی یاوه‌ری.
له‌و دیداره‌دا هه‌روه‌ها باس له سیاسه‌تی تێرۆری چالاکانی سیاسیی کورد به‌تایبه‌ت کادرو پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له باشوری کوردستان، تێرۆره نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامی، سیاسه‌تی سه‌رکوتی ماف‌و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌وڵی ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی ڕێژیم بۆ سنووردارکردنی گه‌یاندنی زانیاریی ئازاد‌و کۆسپ دروستکردن له‌به‌رده‌م ڕۆژنامهنووسانو میدیاکارانی کورد‌و گرتنیانو داخستنی ڕۆژنامه‌و کاناڵه میدیایییه‌کانی ڕه‌خنه‌گری ڕێژیم له کوردستان کراو بۆ ئه به‌شه‌ش فاکت‌و دیکۆمێنتی پێویست به ئه‌حمه شه‌هید درا.
بابه‌تی کوشتاری کۆڵبه‌رانی کورد له ناوچه سنوورییه‌کانی کوردستان، ته‌قینه‌وه‌ی مین له کوردستان‌و هه‌ڵنه‌گرتنه‌وه‌ی مینه چێندراوه‌کان له کوردستان له‌لایه‌ن ناوه‌نده به‌رپرسیاره‌کانی ڕێژیم‌و؛ سیاسه‌تی ههڵاواردنو له دواکه‌وتوویی ئابووری راگرتنی کوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی به ئه‌منیه‌تی کردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێران‌و پرسی کچه قوتابییه‌کانی شیناوێ کۆمه‌ڵه باسێکی دیکه‌ی هه‌یئه‌تی حیزب بوون که له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌هیدو هه‌یئه‌تی هاوڕێی هێنایانه بهرباسو له‌و پێوه‌ندییه‌شدا کۆمه‌ڵه به‌ڵگه‌و دێکۆمێنتێک ڕاده‌ستی به‌ڕێزیان کرا.
له درێژه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ئه‌حمه‌د شه‌هیدو هەیئەتی هاوڕێی زۆر بەگەرمی پێشوازییان لە باس‌و دێکۆمێنته‌کانی هه‌یئه‌تی حیزب کرد‌و داوایان کرد کە لەمەودواش بۆ گۆڕینەوەی زانیاری‌و گەیاندنی بەڵگەنامەو دێکۆمێنتی نوێ له‌سه‌ر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له کوردستان‌و ئێران؛ ئەو جۆرە دانیشتن‌و پێوهندییانە بەردەوام بن.
شایانی باسه له کۆتایی ئه‌و دیداره‌دا نوسخەیەکی ئینگلیسی کتێبی قاسملووی کورد، لە نووسینی کارۆڵ پرۆنهووبێر، کە له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تێرۆری شه‌هید دکتور عەبدوڕەحمان قاسملوودا نووسراوه، له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تی حیزبەوە پێشکەش به ئەحمەد شەهید کرا