Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۸ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۷ | 19/03/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

ڕێککەوتنی یەکیەتیی ئورووپا و تورکیە

08/12/2015 | 14:57:25
+A
-A
ڕەزا محەممەدئەمینی

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی نۆڤامبری٢٠١٥ (٨ی سەرماوەزی ١٣٩٤) یەکیەتیی ئورووپا و تورکیە لە پێوەندی لە گەڵ پێشگرتن بە چوونی لافاوی پەناخوازان بۆ ئەو یەکیەتی‌یەدا گه‌یشتنه‌ ‌ ڕێک‌کەوتن. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە، تورکیە بە توندترکردنی کۆنترۆڵ لە سەر ڕێگا ئاوی و ویشکانی‌یەکان، پێشی ڕۆیشتنی بە کۆمەڵی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی ئورووپایی دەگرێ و ئەو کەسانەش کە لە وڵاتی تورکیەڕا بەرەو ئورووپا ڕۆیشتوون و لەو وڵاتانەدا داوای پەنابەری‌یان پەسند نەکراوە، وەردەگرێتەوە. هەروەها ده‌وڵه‌تی تورکیە دەبێ ئه‌و پەناخوازە شەرلێدراوانە کە ڕوویان لە تورکیە کردوە، لە وڵاتەکەی خۆی‌دا بحاوێنێتەوە و دێپۆرتی وڵاتەکانی خۆیانیان نەکاتەوە. لەبەڕانبەردا یەکیەتیی ئورووپا لە دەسپێک‌دا سێ‌ میلیارد یۆڕۆ لە چەند قۆناغ‌دا دەدا بەو وڵاتە، بۆ دابین کردنی شوێنی مانەوە و پێداویستی‌یەکانی پەناخواز و ئاوارەبووەکان. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە یەکیەتیی ئورووپا هەروەها کارئاسانی دەکا بۆ چوونی هاونیشتمانانی تورکیە بۆ وڵاتانی ناوچەی “شێنگێن” و لە ئۆکتۆبری ساڵی داهاتووی زایینی‌یەوە، خه‌ڵکی تورکیە دەتوانن بە بێ ویزا سەردانی ئەو وڵاتانه‌ بکەن. جگە لەوەش قەرارە وتووێژەکانی یەکیەتیی ئورووپا و تورکیە بۆ بەئەندام‌بوونی ئەو وڵاتە لەو یەکیەتی‌یەدا سەرلەنوێ دەست پێ‌بکه‌نەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو ڕاوه‌ستابوو.
تورکیەش وەک هەموو دراوسێ‌یەکانی سووریە و عێڕاق لەگەڵ کێشەی هاتنی بە کۆمەڵی پەناخوازان و ئاوارەکانی شەڕ بەرەوڕوویە و هەر ئێستا زیاتر لە دوو میلیون ئاوارەی سووری و عێڕاقی لەو وڵاتە گیرساونەتەوە. لە دوای شەڕ و نا ئارامی‌یە نێوخۆیی‌یەکانی عێراق و سووریە و زیادبوونی کەم‌وێنەی ڕێژەی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، دەوڵەتی تورکیە داوای هاوکاریی لە یەکیەتیی ئورووپا کردوە. هەرله‌وکاته‌دا لە بەر زۆریی ڕێژەی ئاوارەکان و چەند هۆیەکی دیکە، یەک لەوان گوشارخستنەسەر ڕۆژئاوایی‌یەکان، بەتایبەت وڵاتی یوونان کە هەمیشە کێشە و ناکۆکیی و تەنانەت شەڕی لەگەڵ ئەو ولاتە هەبووە، بە کردەوە دەرگای سنوورەکانی خۆی بۆ کۆچی بە کۆمەڵی ئاوارەکان کردەوە. شک لەوەدا نیە که‌ تورکیە لە بەر هاوسنووربوون لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا (یوونان و بوڵغارستان) گرینگی‌یەکی تایبەتیی بۆ ئەو یەکیەتی‌یە و ئەو کەسانە هەیە کە بە هەر هۆ و بیانوویەک دەیانەوی ڕوو لە ئورووپا بکەن. ئەوە بۆ زیاتر لە نیوسەدە دەچێ که‌ تورکیە بۆتە دەروازەیەک بۆ خەڵکی وڵاتانی خۆرهەڵاتی نیوەڕاست و بە گشتی ئاسیا کە روو لە وڵاتانی ئورووپایی دەکەن و تورکیەش بە باشی جێگە و پێگە و گرینگیی هەڵکەوتووی خۆی دەناسێ و دەزانێ چۆن لە بەرانبەر وڵاتانی ئورووپایی‌دا، کەڵک لەو ئیمتیازە وەرگرێ.
تورکیە هەر لە دوای ئیمزاکرانی پەیمانی ماستریخت لە ساڵی ١٩٩٣دا بەم‌ لاوە بەردەوام داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردوە کە وەک ئەندام وەربگیرێ و لەساڵی ١٩٩٩وە، وەک بەربژێر بۆ ئەندام‌بوون، بەفەرمی ناسێندراوە، بەڵام ئەو یەکیەتی‌یە لەبەر چەند هۆکارێک، ئەو داوایەی تا ئێستا ڕەت کردۆتەوە. یەکێک لەو هۆکارە سەرەکی‌یانە، ئەوەیە کە سیستەمی دەسەڵاتداریی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای هەڵاواردنی نەتەوەیی و سەرکوت و حاشاکردن لە بوونی کەمایەتی‌یە نەتەوەیی‌یەکان، یەک لەوان نەتەوەی کورد و رێزنەگرتن لە دێمۆکراسی و مافی‌مرۆڤ دامەزراوە. یەکیەتیی ئورووپا دەڵێ ئەو دیاردانە لەگەڵ پێوەرو پرەنسیپەکانی ئەندامه‌تی لەو یەکیەتی‌یەدا ناگونجێن و دەبێ تورکیە رێز لە هەموو بایه‌خه‌ مرۆیی‌یەکان، بە کێشەی کەمە نەتەوایەتی‌یەکانیشەوە بگرێ. ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا هەر چەند نە زۆر بە ڕاشکاوی، بەڵام دەڵێن تورکیە لە ڕاستی‌دا وڵاتێکی ئاسیایی‌یە و تەنیا بەشێکی بچووکی ئەو وڵاتە کەوتۆتە قاڕرەی سەوز. هەروەها وڵاتانی ئورووپایی کە مێژوویەکی تاڵ و خوێناوی‌یان لەگەڵ ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و تورکە موسڵمانەکان‌دا هەیە، زۆر بە ئەندامه‌تیی وڵاتێکی موسڵمانی وەک تورکیە کە خاوەنی زیاتر لە ٧٦ میلیون حەشیمەتە،له‌و یه‌کیه‌تی‌یه‌دا ناکه‌ن. ئەوان ترسیان لە گۆڕینی پێکهاتەی حەشیمەتیی (دێمۆگرافی) ئورووپا و زۆربوونی ڕێژەی موسڵمانان لەو قاڕڕەیە و سەرهەڵدانی زۆر دیاردەی نەخوازراوی وەک ڕاسیسم و ڕەگەزپەرستی و شەڕ و ئاژاوە دینی‌یەکان هەیە. هەر بۆیەش هەمیشە دەستی ڕەدیان بە سینگی تورکیەوە ناوە و داواکەیان پشت‌گوێ خستوە.
بەڵام ئەم‌جارەیان وا دیارە ئورووپایی‌یەکان لەئاست لافاوی پەناخوازان، ناچار بوون ئیمتیازگەلێک بە تورکیە بدەن و تاڕادەیەک ئومێد و هیوای لەمێژینەی تورکیە بۆ ئه‌ندامه‌تیی یەکیەتیی ئورووپا لە دڵی تورکەکان‌دا زیندوو بکەنەوە. ستراتێژی یەکیەتیی ئورووپا لە ئاست ئەو قەیرانە‌ ئەوەیە کە بەدانی یارمەتیی ماڵی، وڵاتانی دراوسێی ناوچە شەڕلێدراوەکان، وەک تورکیە ڕازی بکا که‌ بەر بە هاتنی ئاوارەکان بگرن و لە ناوچە سنووری‌یەکانی خۆیان لەگەڵ سووریە و عێڕاق، یان هەر شوێنێکی دیکە، نیشتەجێ‌یان بکەن. تورکیەش باش دەزانی، شەپۆلی کۆچبەران و ئەو کارەساتە مرۆیی‌یانەی هەموو ڕۆژێ لە دەریاکان و لە نێو کامێۆنەکانی ئاخنراو لە ئاوارە‌دا ڕوو دەدەن، چۆن بیرو ڕای گشتی و ویژدانی ئورووپایی‌یەکانی هەژاندوە. هەربۆیەش سەرەتا بە کردنەوەی سنوورەکانی خۆی بە ڕووی ئاوارە و کۆچبەران‌دا، وڵاتانی ئورووپایی تووشی قەیرانێکی بێ‌وێنەی مرۆیی کرد و ئێستاش وا دیارە لە بەرانبەر ئەو داخوازەی یەکیەتیی ئورووپادا ئیمتیازگەلی زۆر بە نرخ وەدەست‌ دێنێ. لەو پێوەندی‌یەدا ئەحمەد داود ئۆغلو، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە دانیشتنی نائاسایی بروکسێل‌دا کە بۆ چارەسەری کێشەی ئاوارە و پەناخوازەکان ساز کرابوو، وێڕای دەربڕینی کەیف‌خۆشیی خۆی لە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە، ئەو بۆنەیەی بە”ڕۆژێکی مێژوویی” دانا.
تەنیا ڕۆژێک لە دوای واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە، پۆلیس‌وهێزە ئەمنییەکانی تورکیە وەخۆ کەوتن و بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ئانادۆڵی ئەو وڵاتە، ١٣٠٠ کۆچبەریان لەگەڵ ژمارەیەک قاچاغچیی مرۆڤەکان لە بەندەری “ئایواجیک” قۆڵبەست کردوون کە بەتەما بوون خۆیان بگەیه‌ننە دوڕگەی “لێسبووسی” وڵاتی یوونان. ئەو کردەوەیەش نیشاندەری ئەو ڕاستی‌یەیە کە تورکیە کێشەی ئاوارە و پەناخوازانی وەک کارتێکی گوشارخستنەسەر یەکیەتیی ئورووپا بەکار هێناوە و ئەو هەلەی بۆ وەرگرتنی ئیمتیازگەلێک لە ئورووپایی‌یەکان قۆزتۆتەوە.
دیارە ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ دژایەتیی بەرینی ڕێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ بەڕەوڕوو بوو و زۆر لایەن ئەو ڕێککەوتنەیان بە لەژێرپێنانی مافی‌مرۆڤ لەقەڵەم دا. بە وتەی بەشی فارسیی دویچەولە، “گۆنتێربورکهارد” سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی ‌مرۆڤ “پروئازوڵ” ئەو ڕێکەوتنەی بە “موعامەلەیەکی پیس” و “ڕاگەیاندنی وەرشکەستەبوونی ئەخلاقی ئورووپا” داناوه‌.
بەکردەوەکرانی ئەو ڕێککەوتنە هیچ گومانێکی تێدا نیە و یەکیەتیی ئورووپا لێ‌بڕاوە هەر چۆنێک بێ کێشەی ئاوارەکان لەسەر سنوورەکانی سووریە و تورکیە چارەسەر بکاو بەهەر شێوەیەک بۆی بگونجێ له‌ بەرۆکی خۆی داماڵێ. بۆ تورکیەش زۆر گرینگە کە لە لایەک تێچووی ئەو ڕێژە زۆرە لە ئاوارەکان دەکەوێتە سەر شانی وڵاتانی ئورووپایی و لەلایەکی دیکەش لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی داهاتوو ڕا هاونیشمانانی ئەو وڵاتە دەتوانن بەبێ ویزا، روو لە ئورووپا بکەن. بەڵام گومان لەوەدا نیە که‌ مەسەلەی ئەندامه‌تیی تورکیە لە یەکیەتیی ئورووپادا پەیوەستە بە زۆر شەرت و مەرجەوە و هەروا ئاسان نیە و کورد گوتەنی “ئەو هەویرە ئاو زۆر هەڵ‌دەگرێ”.
چوار کێشەی سەرەکی لە بەردەم بەئەندام‌بوونی تورکیە لە یەکیەتیی ئورووپادا هەن کە لێرەدا بەخێرایی ئاوڕیان لێ‌دەدەینەوە.
١ــ کێشەی کوشتاری بە کۆمەڵی ساڵی ١٩١٥ی ئەرمەنی‌یەکان بە دەستی سوپای‌ حەمیدیە لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیددا کە بوو بە هۆی قڕبوونی میلیۆن و نیوێک ئەرمەنی لەو وڵاتەدا. پارلمانی ئورووپا کە دیارە دەسەڵاتی جێبه‌جێ‌کردنی نیە و چەند وڵاتێکی دیکەی ئورووپایی، یەک لەوان یوونان، کوشتاری ئەرمەنی‌یەکانیان بە کۆمەڵکوژی (ژینۆساید) ناسیوە و ئەوە لەسەر تورکیە گران کەوتوە. هەر چەند تورکیە و سەرۆکی ئەو وڵاتە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەداخبوونی خۆیان لەو کۆمەڵکوژی‌یە دەربڕیوە، بەڵام نە ژینۆسایدی ئەرمەنی‌یەکانیان بەفەرمی و نافەرمی قەبووڵ کردوە و نە باوەڕیان وایە کە ڕێژەی کوژراوەکان ئەو ڕادەیە بێ کە دەوڵەتی ئەرمەنستان و مێدیا جیهانی‌یەکان باسی‌لێوە دەکەن. جگە لەوەش ئەگەر تورکیە ئەو کارەساتە مرۆیی‌یە وەک کۆمەڵکوژیی و ژینۆساید قەبووڵ بکا، ئەوکات دەبێ وەک میراتگری عوسمانی‌یەکان قەرەبووی هەموو زیان و زەرەرە ماددی و مەعنەوی‌یەکان بکاتەوە . بەهەر حال ئەو کێشەیە لەبەر دەم تورکیە و یەکیەتیی ئوروپادا قوت بۆتەوەو، یەکێک لە رێگرە سەرەکی‌یەکانی ئەو پرۆسەیەیە.
٢ــ لە دوای کێشەیەکی زۆر لە گەڵ یوونان لەسەر دوڕگەی قێبرێس، لە ساڵی ١٩٧٤دا هێزەکانی تورکیە لە ژێر ناوی عەمەلیاتی “ئاتیلا”دا هێرشیان کردە سەری و باکووری ئەو دوڕگەیەیان داگیر کرد و دەسەڵاتێکی سەر بە تورکیەیان لێ‌دامەزراند. لەو کاتەوە هاتا ئێستا چارەنووسی ئەو دوڕگەیە، بۆتە جێی مشت و مڕی دوو وڵاتی ناوبراو کە هەردووکیان ئەندامی ڕێکخراوی “ناتۆ”ن. شک لەوەدا نیە که‌ یوونان تا یەکلابوونەوەی چارەنووسی قێبرێس، لەگەڵ بەئەندام بوونی تورکیە لەو یەکیەتی‌یە دا موافەقەت ناکا.
٣ــ لەژێرپێنانی مافی‌مرۆڤ و ئەشکەنجە و ئازاری زیندانی‌یان و گرتن و ڕاودوونانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لەو هۆکارانەن کە دەبنە بەربەست لەسەر ئاواتە لەمێژینەکەی تورکیە. بەتایبەت کە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی‌مرۆڤ لە وڵاتانی ئورووپایی زۆر چالاکن و هەموو کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیەیان لەژێر چاودێری‌دایە. هەر لەو ماوەیەدا دوو ڕۆژنامەوانی تورکیە بە ناوەکانیب”جان دۆندار” سەرنووسەری ڕۆژنامەی “جمهوورییەت” و”ئاردم گووڵ” سەرۆکی دەفتەری ئەو ڕۆژنامەیە کە بە تاوانی سیخوڕی! گیراون، بە نووسینی نامەیەک، داوایان لە رێبەڕانی وڵاتانی ئه‌ڵمان و فەڕانسە و ئینگلستان کرد کە لە سەر کێشەی مافی‌مرۆڤ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە سازیش نەکەن. ئەمە و زۆر کێشەی پێوەندیدار بە مافی‌مرۆڤ، کاریگەریی دەبێ لەسەر بەئەندام بوونی تورکیە لە یەکیەتیی ئورووپادا.
٤ــ کێشەی لەمێژینەی نەتەوەکانی وڵاتی تورکیە و مەزن‌ترینیشان، کێشەی نەتەوەی کورد کە گەورەترین نەتەوەیە لەو وڵاتە لە پاش تورک و خەڵکە بە تورک کراوەکەی، هەروا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و سەرەڕای هێندێک هەنگاوی سیاسی و کرداری کە لە ئاست قەبارەی ئاڵۆزی ئەم کێشە لەمێژینەیەدا نین و لە دوای هاتنەسەردەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغانەوە هەڵێندراونەتەوە، کوردەکان هەر وا لە ژێر زەخت و گوشاردان و ڕۆژ نیە هێرش نەکرێتە سەر چالاکانی سیاسیی کورد و بنکە و بارەگاکانی هێزە کوردی‌یەکان و لایەنگرانیان، ئاور تێ‌بەرنەدرێن. بێگومان کاتێک ئەو کێشەیه‌ چارەسەر دەبێ کە لە لایەک بوونی نەتەوەی کورد لەم وڵاتە لە قانوونی بنەڕەتی دا بسەلمێندرێ و لە لایەکی دیکە بە شێوەی کرداری و لە سەر ئەرزی واقع نەتەوەی کورد هاوشان لەگەڵ تورکەکان لە هەموو بەشەکانی سیاسی و ئابووری و کەلتوری‌دا مافی وەک یەکیان هەبێ.
بەئەندامبوونی تورکیە لە یەکیەتیی ئورووپادا به‌قازانجی کوردستانی باکوور و بە گشتی به‌ قازانجی خەڵکی کوردستان‌ دەبێ. جگە لەوەی دەوڵەتی تورکیە ناچار بە جێبەجێ‌کردنی مەرجەکانی وڵاتانی ئورووپایی دەکرێ و ئەوەش لە هەموو بارێکەوە بە سوودی نەتەوەکەمانە و کێشەی باکووری کوردستان پێ‌ دەنێتە ئاقارێکی دیکەوە و بەرەو چارەسەرێکی خێرا هەنگاو دەنێ، کوردستانیش لە تەواویەتی خۆی‌دا بۆ یەکەم‌جار دەبێتە دراوسێی وڵاتێکی سەر بە یەکیەتیی ئورووپا و ئەوەش دەتوانێ سەنگ و وەزنی کوردستان و نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەکی زوڵم‌لێکراو و هه‌رلەو‌کاته‌دا ئازادیخواز و ئاشتیخواز زیاتر لە پێشوو بەرز بکاتەوە.

لە ژماره‌ ٦٦٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌