Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۸ | 19/05/2019 | کاتژمێر:
بابەتی رۆژ

هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌رفه‌ت و میدیا!

10/12/2015 | 11:10:43
+A
-A
خالید محه‌ممه‌دزاده‌

ده‌كرێ‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنێك دڵخواز نه‌بێ‌، ده‌كرێ‌ ئاکامی‌ هه‌ڵبژاردنێك پێچه‌وانه‌ بێته‌وه‌و له‌ خواستی‌ هاونیشتمانان دوور بی‌ ، وه‌ك زۆر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ نێوه‌راست. به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تی‌ نوێ‌ و په‌راویزێك بۆ چالاكی‌ به‌رهه‌م دێنی‌ و ده‌كرێ‌ ئه‌م ده‌رفه‌ت و چالاكی‌یانه‌ به‌ شیوازی‌ جۆراوجۆر بقوزرێنه‌وه‌.
له‌ بیرمان نه‌چێ‌ هێزه‌ گۆڕانخوازه‌كان له‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێك بۆ كاریگه‌ری‌‌جێ‌هێشتن سوود وه‌رده‌گرن، كاریگه‌ری‌یه‌كانیش مه‌رج نیه‌ ته‌نیا كاریگه‌ری‌ له‌ گۆڕانی‌ سیستمی‌ سیاسی‌دا‌ بن‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ده‌كرێ‌ كاریگه‌ری‌‌جێهێشتن له‌ ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا به‌ سوودی كۆمه‌ڵگا بن.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن پێكهێنانی‌ ده‌رفه‌ت بێ‌، ئه‌وه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ هه‌م ئازادی‌یه‌كی‌ رێژه‌یی‌ و په‌راوێزێك ده‌خوڵقێنێ‌ و هه‌م ئازایه‌تی‌، ئازادیی‌ رێژه‌یی‌ به‌و مانایه‌ كه‌ حكوومه‌ت مه‌وداكانی‌ به‌شداری‌ به‌ سوودی‌ خۆی‌ فره‌وانتر ده‌كا بۆ سوودوه‌رگرتنی‌ زیاتر و له‌ به‌رامبه‌ریش‌دا كۆمه‌لگا ئازایه‌تی‌ ده‌خوڵقێنێ‌ بۆ كاریگه‌ریی‌ زیاتر به‌ سوودی‌ خۆی‌. وه‌ك چۆن له‌ هه‌لبژاردنه‌كانی‌ پێشووی‌ ئێران پێداگریی‌ كۆمه‌ڵگا‌و چالاكان و هێزه‌ جیاوازه‌كانی‌، كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌تیان قۆزته‌وه‌ بۆ ته‌عبیرله‌خۆكردن. له‌ راستی‌ دا ده‌سكه‌وته‌كانی‌ كوردیش به‌ دریژایی سه‌ده‌ی‌ رابردوو به‌ زۆری‌ به‌رهه‌می‌ ده‌رفه‌ت قۆزتنه‌وه‌ بوون‌.
له‌ به‌ره‌ به‌ری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ مه‌جلیسی‌ شووڕای‌ ئیسلامیی‌ ئێران‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌ت و باس و خواسی‌ نوێ‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تی‌یه‌كان و له‌نێو چالاكان‌دا هاتوونه‌ گۆڕێ‌ و له‌م نێوهدا‌ كۆمه‌ڵێك میدیاكار و چالاكی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌ سه‌رنجدان به‌ ده‌رفه‌ته‌ رێژه‌یی‌یه‌كان له‌ هه‌وڵدان بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌و بڵاوكراوه‌ی‌ نوێ‌ له‌ نێوخۆی‌ خۆرهه‌ڵات.
بایه‌خدان به‌م پرسه‌ (پرسی‌ میدیا) له‌وه‌دا گرنگه‌ كه‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌ غیابی‌ میدیادا ده‌ژی‌. نه‌بوونی‌ میدیا وێنه‌ی‌ ناڕوونی‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ كوردستان به‌ ده‌سته‌وه‌ داوه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌‌ كه‌ زۆر كه‌س به‌ دڵنیایی‌ ده‌ڵێن خۆرهه‌ڵاتی‌ كوردستان بێده‌نگه‌!
ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی‌ خێرا له‌ قۆناغه‌كانی‌ رۆژنامه‌نووسیی‌ خۆرهه‌ڵات بده‌ینه‌وه‌، گرنگترین بڵاوكراوه‌كانمان له‌و قوناغانه‌دا هاتوونه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ كه‌ كه‌مترین ده‌رفه‌تیان بۆ خوڵقاوه‌ كه‌ یه‌ك له‌وان ده‌رفه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌.
له‌ راستی‌دا‌ بایه‌خ به‌م كه‌رته‌ ته‌نیا بایه‌خ به‌ میدیا نیه‌ هێنده‌ی‌ بایه‌خ به‌ پاراستنی‌ زمان و ئه‌ده‌بیاتی‌ كوردییشه‌، هێنده‌ی بایه‌خدان به‌ مه‌كتووب‌كردنی‌ كه‌لتوور و هونه‌ر‌و خه‌ون و خه‌یاڵ و خولیاكانی‌ ئێمه‌یه‌.
پیشتریش نووسیومه‌ له‌ كه‌رتی‌ رۆژنامه‌نووسیی‌ كوردی‌ له‌ خۆرهه‌ڵات‌دا كورد هێنده‌ی‌ پێویستیی‌ به‌ میدیایه‌، هێنده‌ پێویستیی‌ به‌ میدیاكار نیه‌‌و له‌ ساڵانی‌ رابردوودا زۆرترین میدیاكاری‌ كورد له‌م هه‌رێمه‌ بینراون‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر كاریان كاریگه‌ریی‌ هه‌بووه‌ به‌ڵکوو‌ رۆڵی‌ به‌رچاویان له‌ میدیای‌ ئێرانی‌ و میدیای‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی‌ كوردستانیش دا هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌ میدیاكاران پێویسته به‌ پشت‌به‌ستن به‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و به‌ قۆزتنه‌وه‌ی‌ ده‌رفه‌ته‌كان ‌ میدیا خۆماڵی‌ و خۆرهه‌ڵاتی‌ بكه‌ن‌و هه‌تا بكرێ‌ كاریگه‌ریی‌ میدیای‌ به‌ لاڕێدابه‌ر له‌ خۆرهه‌ڵات كه‌م بكرێته‌وه‌ تا ئاستی‌ وه‌لانانی‌.
له‌ بیرمان نه‌چێ‌ گرنگیی‌ ئه‌م پێشنیاره‌ ئه‌و كاته‌ ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ بزانین له‌ ساڵانی‌ رابردوودا میدیای‌ دابه‌سته‌ و وابه‌سته‌ به‌ هه‌ر دوو زمانی‌ كوردی‌ و فارسی‌ رۆڵی‌ ناشیرینیان له‌ كاركردی‌ میدیایی‌ له‌ سه‌ر بیروڕای‌ گشتیی‌ خه‌ڵكی‌ خۆرهه‌ڵات هه‌بووه‌. ئه‌م كاریگه‌ری‌یه‌ تا ئه‌و ئاسته‌یه‌ كه‌ له‌ ژیر كاریگه‌ریی‌ ئه‌م میدیایه‌دا‌ هه‌ر لاكردنه‌وه‌یه‌ له‌ خۆرهه‌ڵات به‌ هیچ و بێ‌ئاكام سه‌یر ده‌كرێ و راست به‌ پێچه‌وانه‌ بایه‌خدان به‌ پارچه‌كانی‌ دیکه‌ی كوردستان به‌ گرنگ داده‌نرێ‌.
ئه‌مه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ میدیای‌ فارسی‌‌زمان و میدیای‌ حكوومه‌تی‌ هه‌ڵگری‌ سانسۆری‌ گه‌وره‌و تێكدانی‌ گه‌وره‌ن به‌رامبه‌ر به‌ خۆرهه‌ڵات و نه‌ك ئه‌م میدیایه‌ میدیایه‌كی‌ سادق نیه‌ به‌ڵكوو هه‌ڵگری‌ روانینی‌ فاشیستی‌یه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ وێنه‌ی پێچه‌وانه‌ له‌ خواستی‌ كوردی‌ خۆرهه‌ڵات پێشانی‌ جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌دا.
له‌ دۆخێكی‌ ئاوادا پێویسته‌ نه‌ك هه‌ر فه‌زای‌ هه‌ڵبژاردن، كۆی‌ ئه‌و فه‌زا و ده‌ركه‌وته‌ سیاسی‌یانه‌ به‌ سوودی‌ چالاک‌کردنی‌ میدیا له‌ خۆرهه‌ڵات وه‌گه‌ڕ بخرێ‌ و له‌م نێوه‌دا‌ ئه‌م كه‌رته‌ پێویستیی‌ به‌ لاكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر هه‌یه‌. له‌ ڕاستی‌‌دا گرنگیی‌ میدیا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌یه‌‌ كه‌ ئه‌گه‌ر میدیات نه‌بێ‌، ئه‌سته‌مه‌ باس له‌ بوونی‌ خؤت بكه‌ی‌ و ئه‌وه‌ میدیایه‌ مه‌جال به‌ تۆ ده‌دا بڵێی‌ هه‌م و ئه‌و قسه‌ فڕێدانه‌ش كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كا خۆرهه‌ڵات بێده‌نگه‌، هێندهی‌ به‌رهه‌می‌ نه‌بوونی‌ میدیایه‌ هێنده‌ به‌رهه‌می‌ نه‌بوونی‌ چالاكی‌ و جووڵه‌ نیه‌.
لە ژماره‌ ٦٦٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌