Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۸ | 19/05/2019 | کاتژمێر:
بابەتی رۆژ

نەک ساڵێ ڕۆژێک، با هەموو کات پشتیوان و خەمخۆریان بین

08/12/2015 | 11:48:28
+A
-A
قادر وریا

(به‌ بۆنه‌ی رۆژی‌ جیهانیی‌ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت)

ڕوژی‌٣ی‌ دیسامبری‌ هه‌ر ساڵێك، رۆژی‌ جیهانیی‌ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتە. له‌ هه‌موو ولاَتێكی‌ ئه‌م جیهانه‌ و له‌ كوردستانه‌كه‌ی‌ خۆشمان‌دا، زۆر مرۆڤ هه‌ن زگماك یا دواتر به‌ هۆی‌ رووداوێكه‌وه‌، له‌
ئه‌ندامێك یا چه‌ند ئه‌ندامی‌ له‌شیان بێ‌به‌ش بوون‌و ناچار بوون به‌‌‌و وه‌زعه‌وه‌ چه‌رخی‌ ژیان به‌ره‌و پێش به‌رن.
ژیان بۆ ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ هه‌میشه‌ سه‌خت و پڕ كوێره‌وه‌ری‌یه‌، به‌ تایبه‌تی‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان‌دا. چونكه‌ كه‌م ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دواكه‌وتوو، به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌ ئاستی‌ تێگه‌یشتن و فه‌رهه‌نگی‌گشتی‌ له‌ خواره‌وه‌یه‌، له‌لایه‌ن زۆر له‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ چاوی‌ ناته‌واو وعه‌یبدار وسه‌ربار سه‌یری ده‌كرێ‌. كه‌مئه‌ندامان له‌و جۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌دا به‌ هۆی‌ رفتارو هه‌ڵسوكه‌وتی‌ ناشیرین وناشارستانی‌، هه‌ستیان بریندار ده‌كرێ‌ و زه‌بر له‌ روحیه‌یان ده‌درێ‌. له‌ بارێكی‌ دیكه‌شه‌وه‌، له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه‌سانی‌ كه‌م‌ئه‌ندام و نەقوستان، ژیانێكی‌ تاڵ و دژواریان هه‌یه‌. به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات و دام وده‌زگا ده‌وڵه‌تی‌یه‌كان كه‌مترین بایه‌خ به‌ ته‌ئمینی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ وپێڕاگه‌یشتنی‌ باری‌ ژیانی‌ توێژو به‌شه‌ هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێش وكه‌م داهاته‌كان ده‌ده‌ن، به‌و هۆیه‌وه‌ داموده‌زگا ده‌وڵه‌تی‌ وحكوومه‌تی‌یه‌كان، وه‌ك زۆر بواری‌ دیكه‌ به‌ پێویست نازانن له‌ ئاست داواو چاوه‌ِڕوانی‌یه‌كانی‌ خه‌ڵك‌دا و‌لاَمده‌ر بن، كه‌م وا هه‌یه‌ دامه‌زراوێكی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌ركی‌ به‌خێو كردن و پێڕاگه‌یشتن، یان دابینكردنی‌ پێویستی‌یه‌ ماڵی‌ وده‌رمانی‌‌یه‌كانی‌ ژیانی‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ و به‌ كرده‌وه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌كەوێته‌ سه‌ر شانی ‌بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاریان. زۆر جاریش ناچارن بۆخۆیان خه‌م له‌ خۆیان بخۆن و ئه‌ركی‌ هه‌ڵگرتنی‌ باری‌ قورسی‌ ژیان و بڕینی‌ رێگای‌ سه‌خت و پر هه‌ورازو ڵیژی‌ گوزه‌ران و نان ده‌رهێنان بخه‌نه‌ سه‌ر جیسمی‌ ناته‌واویان. ئه‌ركێكی‌ سه‌خت و بارێكی‌ قورس كه‌ زۆر جار ئه‌وانه‌ی‌ خاوه‌نی‌ جیسمی‌ ساغ و له‌شی‌ بێ‌ ئازارن، پشتیان له‌ ژێری‌دا ده‌چه‌می‌ و لاقیان ده‌نووشتێته‌وه‌.
له‌ كوردستان به‌ هۆی‌ ده‌یان ساڵ شه‌ری‌ ماڵویرانكه‌ری‌ رێژیمه‌ كوردكوژه‌كان له‌ دژی‌ گه‌لی‌ كورد، یا كردنی‌ كوردستان به‌ مه‌یدان و به‌ره‌ی‌ شەڕی‌ ناڕه‌وای‌ خۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، هه‌روه‌ها به‌ هۆی‌ ئه‌و هه‌موو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌یه‌ی‌ بۆ سه‌ركوتی‌ ئه‌و گه‌له‌ به‌ كاریان هیناون، ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆرله‌ ژن و پیاو ومنداڵ و لاو، بریندارو نه‌قوستان بوون و ئه‌ندامێك یا چه‌ند ئه‌ندامی‌ له‌شیان له‌ ده‌ست داوه‌. له‌وەش تاڵتر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كاته‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان به‌شیك له‌ نیشتمانه‌كه‌‌ی‌ له‌ هیزه‌كانی‌ یه‌ك له‌و دوژمنانه‌ پاك كردۆته‌وه‌، شوینه‌واری‌ ماڵویرانكه‌ری‌ ئه‌وان به‌ یه‌كجاری‌ نه‌بِڕاوه‌ته‌وه‌. چونكه‌ هه‌زاران مینی‌ شاراوه‌ له‌ ژێرخاكی‌ كوردستان دا و یان بێ‌‌ئه‌ژمار گوللـه‌ تۆپ و خۆمپاره‌ی‌ نه‌ته‌قیو، له‌ دوایان به‌ جێ‌ ماوه‌ كه‌ یا هه‌ر چه‌ند شه‌و و رۆژ جارێك، یه‌ك یا چه‌ند دانه‌یه‌كیان ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و بووه‌ به‌ هۆی‌ كوشتن و بریندارو كه‌م ئه‌ندام بوونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ دانیشتووانی‌ كوردستان.
سه‌دان وهه‌زاران كه‌س له‌و لاوه‌ كوردو نیشتماپه‌روه‌ر و خه‌باتگَیرانه‌ش كه‌ له‌ پێناوی‌ ئازادیی‌ گه‌له‌كه‌یان‌دا چه‌كی‌ پیشمه‌رگایه‌تی‌یان كردوەتە شان و له‌ سه‌نگه‌ری‌ دیفاع له‌ مان و مه‌وجوودی‌یه‌تی‌ گه‌لی‌ كورد و پاریزگاری‌ له‌ خاكی‌ كوردستان دا، به‌ره‌نگاری‌ دوژمنان بوونه‌وه‌، بریندارو كه‌م‌ئه‌ندام بوون.
به‌ سه‌ره‌نجدان به‌ هه‌مووی‌ ئه‌وانه،‌ له‌ كوردستان ژماره‌یه‌كی‌ زۆرمرۆڤی‌ كه‌م‌ئه‌ندام هه‌ن. ئەمانە زیاتر لە ڕۆژی ٣ی دیسامبردا وەبیر کۆمەڵگە و دەزگا و دامەزراوەکان دێنەوە و ئاوڕێکیان لێ دەدرێتەوە.
بەڵام جێی خۆیەتی نەک هەر لەو ڕۆژە دا بەڵکوو بە بەردەوامی لە بیرمان بن و لە چارەسەری کێشە و گرفتەکانیان دا پشتیوان و یارمەتیدەریان بین. ئه‌ركی‌ هه‌موو توێژ و به‌شه‌كانی‌ كۆمه‌ڵ و له‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ هه‌مووانه‌وه‌ حكوومه‌ت و دام و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان و حیزب‌و رێكخراوه‌كانە، هانده‌رو یارمه‌تیده‌رو پشت‌و په‌نای‌ ئه‌وان بن و به‌ دابین كردنی‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ باشتر بۆ ژیانی‌ ئه‌وان، له‌ ئازارو مه‌ینه‌ت و تاڵی‌ وسه‌ختی‌‌یه‌كانی خۆیان و بنەماڵەکانیان كه‌م بكه‌نه‌وه‌.
سڵاو له‌ کەسانی خاوەن پیداویستی تایبەت، سڵاو له‌ هیممه‌ت و وره‌ی‌ به‌رزیان كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو سه‌ختی‌یه‌كان و بێبه‌شی‌ له‌ پشت وپه‌نایه‌كی‌ قایمی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و حكوومه‌تی‌، له‌ ژیان و تێکۆشان ناهومید نین. بەو‌ هیوایه‌ی‌ هه‌موومان و هه‌ر یه‌ك له‌ ئاستی‌ به‌رپرسایه‌تی‌یه‌كانمان‌دا بۆ دابین كردنی‌ ژیانێكی‌ باشترو داهاتوویه‌كی‌ دڵنیا بۆ ئه‌و مرۆڤە له‌ بیركراو و پشت گوێخراوانه‌ی‌ كۆمه‌ڵ تی‌بكۆشین.
لە بیرمان نەچێ یەکێک لە پێوەرەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەیەکی لە باری فکری و ڕەوانییەوە تەندروست، ڕادەی مشوور خواردن و جۆری بە دەنگەوەچوونی ئەو کۆمەڵگەیە لە ئاست مرۆڤی خاوەن پیداویستیی تایبەتە.
لە ژماره‌ ٦٦٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌