مهرگی زیندانییان له ئێران بههۆی پێڕانهگهیشتنی پزیشکی کاردانهوهی چالاکانی مافی مرۆڤی لێکهوتهوه.
ساڵانێكە كۆمەڵێك لە زیندانیانی سیاسی، عەقیدەتیو ئەمنیەتی كە بەهۆی بارودۆخی تایبهتیی زیندان تووشی نەخۆشی دەبن یا ئەوەی كە پێشتر ئەم نەخۆشییانەیان هەبووە، ئێستا بارودۆخیان خراپتر دەبێ و لێیان دەبێتە نەخۆشییەكی بێ چارەسەرو، بە هۆی كەمتەرخەمیی كاربەدەستان لە نێو زیندانەكاندا بهرهو مەرگ هەنگاو دەنێن.
چالاکانی مافی مرۆڤ دهڵێن ئەم زیندانییە نەخۆشانە، زۆر جار بەبێ ئەوەی كە بەڕێی نەخۆشخانەكانی دەرەوەی زیندان بكرێن، هەر لە نێو زیندانو لەم بارودۆخە نالەبارەدا سووكە دەرمانێك دەكرێن.
بەپێی ئایین نامەی پەسندكراوی ڕێكخراوی زیندانەكان، ئەركی ئەم ڕێكخراوە ئەوەیە كە هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی سڵامەتیو تەندروستیی زیندانییان بە تایبەت لە بواری پشكنین و چارەسەری پزیشكی بدا. بەم حاڵەش بان كی موون بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ڕاپۆرتی ڕۆژی ١٢ی ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٤دا لە ٦٩یەمین كۆڕی گشتیی ئەم ڕێكخراوەدا، باسی لە بارودۆخی زیندانییانی سیاسیی لە ئێرانو بێبەش كرانی ئەوان لە داودەرمان و چارەسەری پزیشكی كردوە.
ساڵانێكی زۆرە كە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی كە لە بواری ڕووحیو ڕەوانییەوە فشاری زیاتر بخاتە سەر زیندانییانی سیاسی، عەقیدەتیو مەدەنی؛ دێ ئەوان لە خزمەتگوزارییە پزیشكیو دەرمانییەكان بێبەش دەكاو لە كاتی پێویستدا بەڕێی نەخۆشخانەیان ناكا.
لە لایەكی دیكەوە زیندانییە نافارسەكان لە نەتەوەكانی دیكەوە كە لە دوورخراوەییدا بەند كراون، لەچاو بەندكراوانی زیندانەكانی ناوەندی ئێران، بۆ دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی خۆیان لەگەڵ گیروگرفتی زیاتر بەرەوڕوو دەبنو هەروەها ئەگەری وەدەست كەوتنی زانیاری سەبارەت بە بارودۆخی دەرمانو چارەسەری زیندانییانی نەخۆش لە بەندیخانەی ئەم شارە دوورەدەستانەش كەمتر لە زیندانی شارهکانی ناوهندو بهتایبهت تارانه.
بەپێی ڕاپۆرتی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ، زیندانەكانی ورمێ، سنە و مەهاباد لە بواری چاوەدێریی پزیشكی و داودەرمانەوە به خراپترین زیندانەكانی ئێران دادهنیرێنو، بە قسەی ئەم چالاكانە لەم زیندانانەدا زیندانییانی سیاسیی كورد، لە دەستڕاگەیشتن بە پزیشكو دەرمان بێبەش دەكرێن.
لە حاڵی حازردا ڕەمەزان كەماڵ ئەحمەد، هاووڵاتیی كوردی خەڵكی شاری كۆبانێ لە ڕۆژاوای كوردستان، یەكێك لەم زیندانییانەیە كە لەو بەندیخانەیەداو لە حاڵێكدا كە لە دۆخێكی نالەباری جەستەییدا بەسەر دەبا، بەڵام لە چارەسەری پزیشكیو داودەرمانی پێویست بێبەش كراوە، بەم جۆرە كە لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێ كراوە ڕەمەزان كەماڵ كە چەندین گوللەی وە جەستەی كەوتووە ئێستا لە حاڵەتی نیوەئیفلیجی دایە.
بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنیو سیاسییەكان كە ئێرانیش یەكێك لە ئیمزاكەرانی ئەم پەیماننامەیە بووە، بێبەش كردنی زیندانییان لە دەرمانو چاوەدێریی پزیشكی هەر بە شێوەی ئەشكەنجەو هەڵسوكەوتی ستەمكارانەی دیكە، به هەوڵێكی دژەمرۆییو پڕ لە سووكایەتی دادهنرێ.