جێگری ڕێكخراوی میراتی فەرهەنگی بۆ کاروباری مهجلیس گوتی: بێسەرەوبەرەیی ماڵی بۆتە هۆی تاڵانكرانی ئێران لەلایەن کهسانی هەلپهرستو، سەروهدهرنانی كەسانێكی وەك ئەمیرمەنسوور ئاریا، خاوەریو بابەك زەنجانی لێ كەوتۆتەوە.
دەرویش ئەمیری لە ڕێوڕەسمی ناساندنی بەڕێوەبەری گشتیی میراتی فەرهەنگی، پیشە دەستییەكانو گەشتیاریی سنە لەم شارە گوتی: دەوڵەتی ئهحمهدیناژد لە ساڵی ٩٢ سندووقی پاشەكەوتی دراوی بە بەتاڵی ڕادەستی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی كرد، ئەوە لە حاڵێكدایە كە دەوڵەتی خاتەمی ئەم سندووقەی بە ٣٧ میلیارد دۆلارەوە بە دەوڵەتی ئەحمەدینژاد دابوو.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: كۆمەڵە كەسێك بۆ دزین و تاڵانكردنی سەرچاوە ماڵییەكان ئەرك و بەرپرسایەتییان وەئەستۆ گرت، ئەم مەسەلەش بوو بەهۆی بهرینبوونهوهی قهڵشی بێمتمانهیی خەڵك بە بەڕێوەبەران و كاربەدەستانی ئەم وڵاتە.
دەرویش ئەمیری بە ئاماژە بە ناوی كەسانێكی نزیک له دەوڵەتی ئەحمەدینژاد كە ئێستا خەریكە دادگایی دەكرێن، گوتی خۆ قەرار نییە ئەم كەسانە هەم وڵات بە تاڵان ببەنو هەم شتێكیشمان قەرزدار بكەن، بۆیە پێویستە پێشیان پێ بگیردرێو نەیانهێڵن چی دیكە دەست بە دزیو ڕاوەڕووت بكەنەوە.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە پەسندكرانی گەڵاڵەی پێكهێنانی ناوچەی ئازادی تیجاریی سەنعەتیی بانەو مەریوان كرد و گوتی: هەر چەند ئەم بڕیارەکه درەنگ دراوه، بەڵام بە دڵنیایی جێبەجێكرانی ئەم پرۆژەیە لە بوارەكانی ئابووری، سەنعەتی، گەشتیاریو پێكهێنانی هەلی كارییەوە، ئاڵوگۆڕێكی گرینگ بەسەر ئەم پارێزگایەدا دێنێ.