چوونە دەرەوەی سەعید مورتەزەوی، دادستانو سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمەڵایەتی لە ئێرانو ڕۆیشتنی بەرەو نەجەف، لە كاتێكدا كە ناوبراو لەلای دەزگای قەزایی پەروەندەی هەیەو چوونە دەرەوەی لە وڵات قەدەغە كراوە، بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین له نێو کۆڕه کۆمهڵه سیاسیو میدیایییهکان له ئێراندا.
شەوی پێنجشەممە، ٥ی سەرماوەز سەعید مورتەزەوی دادستان و سەرۆكی پێشووی ڕێكخراوی دابین كردنی كۆمەڵایەتیی ئێران، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی خومینییەوە چوو بۆ نەجەف تا لەوێشەوە بچێتە كەربەلاو لە ڕێوڕەسمی “چلهی ئیمام حوسێن”دا بەشداری بكا.
مستەفا هەمەدانی، یەكێك لە پارێزەرانی پەروەندەی ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمەڵایەتی دەڵێ چوونە دەرەوەی مورتەزەوی لە ئێران لە حاڵێكدایە كە بەپێی بڕیاری دادگا ناوبراو بۆی نییە ل خاكی ئێران بهجێ بێڵێ. سەعید مورتەزەوی لە حاڵێكدا له ئێران چۆته دهرێ كە لەلایەن لە لقی١٠٥٧ی دادگای كەیفەریی ٢ بە سەرۆكایەتیی حەیدەری، وەك یەكەمین تاوانباری پەروەندەی ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمەڵایەتیی ناسراوە.
لە لایەكی دیکهشهوه بەشێكی دیكەی پەروەندەی مورتەزەوی بە ٣ تاوانەوە لە لقە جیاجیاكانی دادسەرای ئینقلابی ئیسلامی هەروا لە گۆڕێیە. جگە لەمانەش، ناوبراو بە ساڵێك زیندان مەحكووم كراوە كە ٦ مانگی تەعلیقیو ٦ مانگەكەی دیكەشی تەعزیرییە، بەڵام تا ئێستاش ئەم حوكمە جێبەجێ نەكراوە.
بە قسەی موجتەبا نەزەری، پارێزەری ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمەڵایەتی، مورتەزەوی لە حاڵێكدا لە ئێران چۆتە دەرەوە، كە هیچ بارمتەیەكیشی لەلای دادگا دانەناوە.
شایانی باسە كە تا ئێستاش كاربەدەستانی دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامی هیچ كاردانەوەیەكیان بە نیسبەت ئەم سەفەرەی مورتەزەوی نیشان نەداوە، بەڵام وێبسایتی كەلیمە ئەم سەفەرەی مورتەزەوی بە مانای هەڵاتنی ناوبراو داناوەو لەگەڵ ڕاكردنی محەممەدڕەزا خاوەری بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی بانكی میللیی ئێران هەڵیسەنگاندووە. “محەممەدڕەزا خاوەری”ش یەكێك لە تاوانبارانی پەروەندەی دزیی ٣ هەزار میلیارد تمەنی بوو.