٧ كەسی دیکهش لە هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كە لە سووریەدا شهڕی بهرژهوندنییهکانی ڕێژیم دهکهن، لە دەوروبەری شاری حەلەب كوژران.
سەرچاوەكانی سەر بە سپای پاسداران دهڵێن ئەم ٧ كەسە بریتییە لە: مۆحسێن سەجادی، ئەسغەر بامەری، نەزەرمحەممەد بامەری، پەرویز بامەری، سەڵمان بامەری، عومەر مۆللازێهی و موراد عەبدوڵڵاهی.
بەپێی ڕاپۆرتەكان ئەم ٧ كەسە ڕۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو كوژراون، بەڵام تا ئێستاش سپای پاسداران بە چەند هۆكارێكی ناڕوون هەواڵی كوژرانی ئەم كەسانەی بڵاو نەكردبۆوە.
لە لایەكی دیكەشەوە سایتی “ئامەد نیووز” بە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە گوتوویەتی سپای پاسداران لە بری ناردنی ئەم كەسانە بۆ سووریە، مانگانە بڕی ٥ میلیۆن تمەنی بە بنەماڵەكانیان داوەو پاش مردنیشیان، بڕی ٧٥ میلیۆن تمەن بە كەسوكاریان دەدرێ.
بەم جۆرە كە لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە بەشی زۆری ئەم پارەیە لە لایەن سپای پاسدارانەوە دابین دەكرێو بەشێكی زۆر بچووكیش بنیادی شەهید دەید.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە ڕاپۆرتێكی دیكەدا باس لەوە دەكرێ كە ٩ كەس لە بریندارانی سپای پاسداران، بۆ نەخۆشخانەی بەقیەڵڵای تاران گوازراونەتەوە.
شایانی باسە كە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی، بە بەردەوامی حاشایان لە ئامادە بوونی هێزەكانی خۆیان لە سووریە كردووە و ڕایانگەیاندووە كە هێزەكانیان تەنیا بە مەبەستی ڕاوێژ پێدان لەم وڵاتە ئامادە دەبن، بەڵام ڕێژەی كوژراوانی ئێران لە سووریە، ئاشكرای دەكەن كە هێزەكانی سپای پاسداران لە شەڕ بەدژی دژبەرانی بەشار ئەسەد لە سووریەدا دەورێكی كاریگەر دەگێڕن.
ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە لە ماوەی ٢ مانگی ڕابردوودا نزیكەی ١٨٠ كەس لە هێزەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا كوژراون.