سه‌رۆكی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی كهونارناسیی میراتی فه‌رهه‌نگی، پیشه‌ی دهستیو گه‌شتیاریی ئێران وێڕای ئاماژه به ئاوگیریی به‌نداوی بێ مۆڵه‌تی كهنگیر له ئه‌یوانی ڕۆژاوا گوتی ئه‌م شوێنه‌وارانه‌ی كه به هۆی هه‌ڵبه‌ستنی ئه‌م به‌نداوه‌وه ژێر ئاو ده‌كه‌ون زۆر به‌نرخن، به‌ڵام به هه‌ڵبه‌ستنی ئه‌م به‌نداوه ده‌فه‌وتێن.
حه‌میده چوبه‌ك له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌نداوی كهنگیر كه ده‌بێته هۆی فه‌وتانی ئه‌م شوێنه‌واره مێژوویییانه، گوتی، گرینگی ئه‌م شوێنه‌واره که‌ونارانه كه مێژووه‌که‌یان بۆ سه‌رده‌می ساسانییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، زۆر زۆره، له‌م ناوچه‌یه دۆڵێكی گرینگی لێیه كه دانیشتووانی پێوه‌ندییان به بهینوئهلنههریهنهوه هه‌یه‌و فه‌رهه‌نگی ئێران له‌م ده‌ورانه‌دا زۆر به جوانی به‌رچاو ده‌كه‌وێ.
ناوبراو گوتی، به‌نداوی كهنگیر بێ مۆڵه‌تی ڕێكخراوی میراتی فه‌رهه‌نگی هه‌ڵبه‌ستراوه‌و هێشتا داموده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان له قانوون‌و ئه‌ركه‌كانیان له‌باره‌ی میراتی فه‌رهه‌نگی حاڵی نه‌بوون.
عه‌مه‌لیاتی لێكۆڵینه‌وه‌و ڕزگاركردنی به‌شێك له به‌نداوی كهنگیر دۆزینه‌وه‌ی كۆشكێكی سه‌ربه سه‌رده‌می ساسانییه‌كان، كۆزه قوڕینه‌كانی سه‌رده‌می ئۆرۆك، دروستكراوه‌كانه مێعماریی عه‌شایه‌ری، ٣ بینای گه‌وره، كوره‌خانه‌ی سووركردنه‌وه‌ی كۆزهو دهستاونگه به‌ردینه‌كانی لێ که‌وته‌وه، ئه‌مه له حاڵێكدایه كه به پێی ڕاگه‌یاندنی له‌یلا خوسره‌وی، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی پشكنینه‌كانی ڕزگاركردنی به‌شێك له به‌نداوی كهنگیر، هاوكات له‌گه‌ڵ پشكنینه‌كانی ده‌ورووبه‌ری ئه‌م شوێنه‌واره که‌وناره به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئاوی ناوچه‌ی ئیلام به بێ مۆڵه‌ت دهربیجهكانی ئه‌م به‌نداوه‌یان گرتۆته‌وه تا ده‌ست به ئاوگیری بکه‌ن.
ئه‌و ده‌ڵێ هه‌مووی ئه‌م شوێنه‌وارانه‌ی ده‌ورووبه‌ری ئه‌م به‌نداوه ساڵی ١٣٨٠ ناویان له لیستی شوێنه‌واره میللییه‌كانی ئێران‌دا تۆمار كرا كه به هه‌ڵبه‌ستنی ئه‌م به‌نداوه ده‌فه‌وتێن.
شایانی باسه كه هه‌ڵبه‌ستنی سه‌ربه‌خۆی به‌نداوه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران تا ئێستا زیانی قورسیان له به‌شه‌كانی ژینگه‌پارێزی، شوێنه‌واری مێژوویی، جوتیاری و ئاو داوه.