هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ئێران بڵاویان کردەوە کە جهنازهی پاسدار” غەزەنفەر ڕوکن ئابادی”، باڵوێزی پێشووی ئێران لە لوبنان کە لە ڕێورەسمی حەجی ئەمساڵدا بێسەروشوێن بوو، لە نێو کوژراوەکانی بەجێماو لە عەڕەبستانی سعوودیدا دۆزراوەتەوە.
بە پێی هەواڵی ههواڵدهریی ئیسنا بههۆی لێکۆڵینەوەی دێ ئێن ئا کە بۆ ڕۆکن ئابادی کراوە، دەرکەوتووە کە لە نیو کوژراوە بی خاوەنەکانی یەکێک لە ساردخانەکانی عهڕهبستاندا بووە.
کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیو لە سەرۆی هەموویانەوە عەلی خامەنیی ڕێبەری ڕژیم لە چەندین بۆنەو کۆبوونەوەی جەماوەریدا کاربەدەستانی وڵاتی عەرەبستانیان بەوە تاوانبار دەکرد کە ئەو بالوێزەی پێشووی ئێران لە لوبنانیان بە زیندوویی ڕادەستی حکومەتی ئیسڕائیل کردوە.
بە هۆی ئەو زانیارییە زۆرەی کە ڕوکن ئابادی لە سەر پەیوەندییە نهێنییەکانی ئێرانو تاقمی تێرۆرسیتی حیزبوڵڵاو ڕێکخراوەی تێرۆریستییە لوبنانیو فەلەستینییەکان لە بەردەستی دا بوو، نیگەرانییەکی زۆر لای کاربەدەستە وردو درشتەکانی ئێران پەیدا ببوو و ترسی ئەوەیان لا درووست بوو کە ئەو زانیارییانە بگاتە دەست دامودەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل.
پێویست بە ئاماژەیە کە لە کاتی ڕێورەسمی حەجی ئەمساڵدا لە مێنای شاری مەککە لە وڵاتی عەرەبستان، بە هۆی درووستبوونی قەرەباڵغی زۆر، کۆمەلەکی یەکجار زۆر حاجی لە هەموو وڵاتانی جیهان کەوتنە ژێر پێو زیاتر لە ١٧٠ حاجی ئێران گیانیان له دهستدا و کۆمەڵێکی یەکجار زۆر بریندار بوون. رووداوێک کە بووە هۆی ئاڵۆز بوونی یەکجاریی پەیوەندییەکانی نیوان ئێرانو عەرەبستان، بە جۆرێک کە ئێران هەرەشەی تۆلەکردنەوەی لە سعوودیە دەکرد.