یوسف ته‌باته‌بایی نژاد، نوێنه‌ری ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی له پارێزگای ئیسفه‌هان، وتوویه‌تی پێویسته چالاكی كردنی ژنان له دووكانه‌كان، ئیداره‌كان و شیركه‌ته‌كان قه‌ده‌غه بكرێ و خوێندنی كچانیش له لقه‌كانی پیشه‌سازی و كانزا به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری ئیسلامه.
ته‌باته‌بایی نژاد له درێژه‌دا ڕه‌خنه‌ی له به‌شداری كردنی ژنان له كار و پیشه سه‌نعه‌تییه‌كان گرتووه و گوتوویه‌تی بڵاو بوونه‌وه‌ی وێنه‌ی ژنان له پێگه‌ی شۆفیری ترێیلی و كامیۆندا به‌م مانایه‌یه كه ئێمه تا ئێستاش له قووڵایی دڵمانه‌وه ئامریكایین و نه‌بووینه‌ته موسوڵمانی ڕاسته‌قینه.
پێشنوێژی ئیسفه‌هان له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتوویه‌تی پێویسته كار كردنی ژنان له دووكانه‌كان، ئیداره‌كان و شیركه‌ته‌كان قه‌ده‌غه بكرێ، له جیاتی ئه‌وانه هه‌لیان بۆ بڕه‌خسێنن تا له كار و باری پێوه‌ندیدار به ژناندا كار و چالاكی بكه‌ن.
نوێنه‌ری خامنه‌یی له پارێزگای ئیسفه‌هان هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی نابێ دۆخه‌كه به شێوه‌یه‌ك بێ كه كچان بتوانن له لقه‌كانی ئه‌ندازیاریی كانزادا ده‌رس بخوێنن، چونكی مه‌عده‌ن بۆ كار كردنی ژنان شوێنێكی باش نییه و كار كردنی ئه‌وان له‌م شوێنانه به پێچه‌وانه‌ی ئیسلامه.
ته‌باته‌بایی نژاد له درێژه‌دا وتوویه‌تی هیچ درووست نییه كه ژن كاری هه‌بێ و پیاو بێكار بێ، چونكی ئه‌وه سووكایه‌تی كردن به پیاوه كاتێك بیهه‌وێ داوای پووڵ له ژنه‌كه‌ی بكا، له حاڵێكدا كه ژنان به پشتیوانیی ماڵیی مێرده‌كانیان دڵخۆش ده‌بن.
ناوبراو له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتوویه‌تی ژنان مافی كار كردنیان نییه، ده‌بێ ژنان ئه‌وه بزانن كه یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین و گرینگ‌ترین ئه‌رك و كاره‌كانی ئه‌وان ماڵداری كردنه.
شایانی باسه كه ساڵانێكه مه‌لا توندڕه‌وه‌كان له ئێران ڕه‌خنه له ئاماده بوونی ژنان له كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن چالاكی كردنی ژنان ته‌نیا به ماڵداری، خزمه‌ت كردن به هاوسه‌ر و منداڵ بوون ببه‌ستنه‌وه.