محەممەدباقر نۆبەخت، وتەبێژی دەوڵەتی حهسهن ڕوحانی بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێ لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئابووریی ئێران تەنیا سەدی ١ گەشەی كردوە كە بۆ وەگهڕخستنەوەی ئابووریی داڕماوی ئەم وڵاتە بە تایبەت بۆ چارەسەری قەیرانی بێكاری یەكجار كەمه.
وتەبێژی دەوڵەت پێی لهسهر ئهوه داگرتوه كە ئابووریی ئێران هەروا گەمارۆی لە سەرەو نرخی نەوتیش بە ڕێژهیهکی سەرسوڕهێنەر دابەزیوەو وهک ئهو دهڵێ دەستی دەوڵەت هەروا بەستراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ئێرانیش له کۆبوونهوهیهکدا كە قسەی بۆ باڵوێزەكانی كۆماری ئیسلامی دەكرد، گوتی: بۆ كۆتاییهێنان بە گیروگرفتە ئابوورییەكانی ئێران پێویست بە گەشەی ئابووریی سەدی ٨ هەیەو بۆ گەیشتن بەم گەشەیەش ساڵانە پێویست بە بڕی لانیكەم ١٥٠ میلیارد دۆلار سەرمایەدانان له ساڵدا هەیە.
حەسەن ڕۆحانی لە درێژەدا گوتی ئێران بە بێ هاوكاریی جیهان ناتوانێ به تەنیاو ههر خۆی ئەم گیروگفتە ئابوورییانەی چارەسەر بكا.
محەممەدباقر نۆبەخت هەروەها دانی بەوەشدانا كە عەلی خامنەیی سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی گەڵاڵەی پێشنیاركراوی خۆی که بە “ئابووریی خۆڕاگری” ناوی دهبا ناڕەزایەتی دەربڕیوه. وتەبێژی دەوڵەت لە كاردانەوە بهم پێناخۆشبوونهی خامنهیی گوتی، جێبەجێكردنی “ئابووریی خۆڕاگری” پێویستیی بە پتەوكردنی ئابووریی نەوت هەیەو ئەم كارە گرینگەش بە یەكدا بە دوو جێبەجێ ناكرێ.
جێی بیرهێنانهوهیه که فەرماندەی سپای پاسداران و بەسیج داوایان لە دەوڵەت كرد كە گەڵاڵە گرینگە ئابوورییەكانی ئێران بە تایبەت پاش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكان بە هێزە نیزامییەكان بسپێرێ. لهم دواییانهشدا فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند كە جێبەجێكردنی به هەزاران گەڵاڵەی ئابووری لە ئێران له ئێستادا دراوهته دهست سپای پاسداران.