كاربەدەستانی ڕێكخراوی زیندانەكان لە ئێران دەڵێن بۆ جیاكردنەوەی ئەم زیندانییانەی لە سەر مادەی هۆشبەر گیراون له زیندانییهکانی، بوودجەی پێویستیان لەبەر دەستدا نییە.
ئەسغەر جەهانگیر، سەرۆكی ڕێكخراوی زیندانەكان گوتی: دروستکردنی٧ئۆردووگا بۆ ڕاگرتنی زیندانییانی پێوهندیدار به مادە هۆشبەرەكان لە دەستووری كار دایە، بەڵام تەنیا سەدی ٣٥ ئیعتیبار بۆ ئەم مەبەستە دابین كراوە. ئهو دهڵێ ئەگەر بوودجەی پێویست بۆ ئهو پڕۆژانه دابین بكرێ ئەم كەسانەی كە لە سەر مادە هۆشبەرەكان بەند كراون لە زیندانییانی دیكە جیا دەكرێنەوە.
ناوبراو گوتی: لەسەر یەك ئەم 7 ئۆردووگایە توانای ڕاگرتنی ٣٨ هەزار زیندانییان هەیە، ساڵی ڕابردووش بوودجەی پێویست بۆ تەواوكردنی عەمەلیاتی دروست كردنی ئەم ئۆردووگایانە پەسند كرا ، بهڵام تا ئێستا سەدی ٣٥ی ئیعتیبار بۆ ئەم گەڵاڵەیە خراوەتە بەر دەستی ڕێكخراوی زیندانەكانو ئەگەر باقی بوودجەكەی دیكە دابین بكرێ، ئەم پرۆژەیە جێبهجێ دهکرێ.
سەرۆكی ڕێكخراوی زیندانەكانی ئێران هەروەها گوتی: ئەم ٧ ئۆردووگایە لە پارێزگاكانی تاران، خۆراسانی ڕەزەوی، ئیسفەهان، سیستانو بەلووچستان، كرمان، خووزستان و گوڵستان دروست دهکرێن، بەڵام تا ئێستا تەنیا كاری ئۆردووگای ئیسفەهان تەواو بووە.
سەرۆكی ڕێكخراوی زیندانەكان لە بابەت مەسەلەی مادەی هۆشبەر لە زیندانەكان گوتی: ئێستاكە تاوانی نزیكەی سەدی ٧٠ی زیندانییانی ئێران پێوەندی بە مادە هۆشبەرەكانەوە هەیە كە ئەەوەش ئەو پەڕی كارەساتەكە نیشان دەدا.
پەرویز ئەفشار، وەبێژی ستادی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكانی ئێران چەند ڕۆژ لەمەوبەر وێڕای ئاماژە بە دۆزرانەوەو دهستبهسهرداگرتنی ٣٦٦ تۆن لە جۆرەكانی مادەی هۆشبەر لە سەرەتای ئهمساڵەوە تا ئێستا گوتی: ٦٩ كیلۆ مادەی هۆشبەر تهنیا لە زیندانەكانی ئێراندا دۆزراوەتەوەو دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەفشار هەروەها گوتبووی: لە سەرەتای ئهمساڵەوە تا ئێستا ٥٩ هەزار و١٨١ قاچاغچی زیندانی كراون، ناوبراو وەبیری هێنایەوە كە، ئاماری دەستبەسەر كردنی ئەم قاچاغچییانە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام ئەو ئامارە تەنیا پێوەندی بەم كەسانەوە هەیە كە دادگایی كراونو پاش ڕوونبوونهوهی حوكمەكانیان بەڕێی زیندانیان كردوون.