“ئەیمەن ئەلزەواهێری” لە نوێترین پەیامی ڤیدیۆیی خۆیدا داوای لە موسوڵمانان كردووە كە بەدژی ئامریكا، ڕووسیە، ئێران، عەلەوییەكانو حیزبوڵڵای لوبنان یەك بگرن. زەواهێری بە گرووپە تێرۆریستییەكانی دیكەی گوتووە ئێستا دەبێ كێشەكانمان وەلابنێینو یەكگرتوو بین.
لەم ڤیدیۆیەدا ڕێبەری ئەلقاعیدە گوتوویەتی كە ئامریكا، ڕووسیە، ئێران، عەلەوییەكان و حیزبوڵڵا، هەموویان خەریكی شەڕ لەگەڵ ئێمەن. ئهدی ئێمە ناتوانین كۆتایی بە شەڕی نێوان خۆمان بێنینو هەوڵەكانمان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە دژی ئەوان بخەینە گەڕ؟ ناوبراو پێداگری كردەوە كە ئێستا “ئەركی هەموو ئەم گرووپانە” ئەوەیە كە لە “توركستانی ڕۆژهەڵاتەوە تا مەراكیش” بەدژی ئەم كافرانە یەك بگرن.
هەرچەند ڕوون نییە كە ڕێبەری ئەلقاعیدە لە چ ڕێكەوتێكدا ئەم ڤیدیۆیەی پڕ كردۆتەوە، بەڵام بەم حاڵەش لە ئاماژەی ناوبراو بۆ هێرشە ئاسمانییهکانی ڕووسیە بۆسەر خاكی سووریە دەردەكەوێ كە ئەم ڤیدیۆیە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا تۆمار كراوە.
ئەم پەیامە نوێیەی زەواهیری نیشانەی گۆڕدرانی ڕوانگەی ڕێبەری ئەلقاعیدە بە نیسبەت گرووپە تێرۆریستەكانی دیكەی ناوچە بە تایبەت داعشو بەغدادی، ڕێبەری ئەم گرووپەیە.
ئەیمەن ئەلزەواهیری لە ڤیدیۆی پێشووی خۆیدا گرووپی داعش و بەغدادی بە “ئاژاوهگێڕ” ناوبردبوو، ههروهها پێداگری لە سەر جیاوازیی هەڵوێستەكانی ئەلقاعیدە و داعش كردبۆوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، هەر چەشنە یەكیەتییەكی نێوان گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەلقاعیدە دەتوانێ ئەم ناوچەیە لەگەڵ توندوتیژیی زۆر زیاتر بەرەوڕوو بكاتەوەو هەوڵە جیهانییەكان بۆ هێوركردنەوەی ئەم بارودۆخەو كۆتاییهێنان بە بشێوییەكان لە سووریەو عێراق زۆر دژوارتر دەبێ.