Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۷ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۸ | 19/10/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

رێکخراوی ”نەتەوەیەکگرتووەکان” بوو بە ٧٠ ساڵ

29/10/2015 | 02:17:20
+A
-A
کەماڵ گەروێسی

دوابەدوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانیی دووەم، دنیا هەستی بەوەکرد کە رێکخراوێک بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و هاوکاریی نێونەتەوەیی و هەروەها بەربەستێک بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکەی جیهانیی پێك بێنێ.
دوای ئەوەی دەوڵەمەندێکی ئەمریکایی پارچە زەوییەکی لە ” مەنهەتەن”ی نیویۆرک بەخشییە ئەم رێکخراوە، رۆژی ٢٢ی ئۆکتۆبری ١٩٤٩ی زایینی( ٢ی رەزبەری ١٣٢٨ی هەتاوی) بەردی بناغەی باڵەخانەیەکی ٣٩ نهۆمی بە بەشداریی ” هێری تروومەن” سەرکۆماری ئەودەمی ئەمریکا، لە ڕێورەسمێکدا داندراو ساڵی ١٩٥٢ کۆتایی پێهات. ئەو باڵەخانەیە ناوی ” هیوای ئاشتی” لێنرا.
ئەو رێکخراوە نوێیە تا ئێستاش توانیویەتی یەکێک لە ئامانجەکانی کە بەرگرتن لە هەڵایسانی شەڕی سێیەمی جیهانییە، بگرێ، بەڵام لە حاند زۆر شەڕی دیکەی ناو دەوڵەتان و هەروەها شەڕی دەوڵەتان دژی نەتەوە بندەستەکان، دەستەوەستان بووە. هۆکاری ئەم دەستەوەستانییەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی سارد و دابەش بوونی زۆربەی وڵاتانی دنیا بەسەر دوو ئیدەئۆلۆژی‌دا .
ئەم رێکخراوە سەرەتا لە لایەن ٥١ وڵاتی سەربەخۆوە دامەزرا و دواین وڵات کە لەو ڕێکخراوەدا بوو بە ئەندام و بەوکارەی رێژەی ئەندامانی ئەو رێکخراوە گەیشتە ١٩٣ وڵات، سودانی باشوور بوو.
رێکخراوی ” نەتەوەیەکگرتووەکان تا ئەمڕۆ هەزاران بڕیارنامەی بە بۆنەی جۆراوجۆر پەسند کردووە، کە دوودانەیان راستەوخۆ پێوەندییان بە نەتەوەی کوردەوە هەبووە. یەکیان بڕیارنامەی ژومارە دووی ئەم رێکخراوەیە کە داوا لە ”شوڕەوی” دەکا دەگەڵ ئێران رێککەون بۆ چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەم زلهێزە و دواتر ”ئەحمەد قەوام”ی سەرۆک‌وەزیری ئێران توانی کڵاو لەسەر رووسەکان بنێ و دم‌لەپووشیان بکا. ئەم بڕیارنامەیە ئاکامەکەی بە زیانی هەر دوو حکوومەتی، ئازەربایجان و کوردستان بوو و دەستی رژێمی حەمەرەزا شای بۆ هێرش و لەناوبردنی ئەو حکوومەتانە ئاوەڵەکرد و دوو نەتەوەی کورد و تورکی، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بووبێ، بێ هیوا کرد.
دووەم بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەو رێکخراوەیە کە ساڵی ١٩٩١ بڕیاری ناوچەی دژەفڕینی لە سەرووی هێڵی ٣٦ دەرەجە بۆ باشووری کوردستان پەسند کرد و لەوکاتەوە تائێستا ئەو بەشەی کوردستان نیمچە سەربەخۆییەکی هەیە و نەتەوەی کورد لەو بەشەی نیشتمان دوای نیزیکەی سەد ساڵ شەڕ و کێشە و ژێنۆساید و کیمیایی باران و راگواستنی زۆرەملی، توانی تا ڕادەیەک پشووی بێتەوە بەرخۆ و هەناسەیەک بە ئاسوودەیی هەڵکێشێ.
بەش بە حاڵی خۆم هەتا نەتەوەکەم نەبێتە ئەندامی ئەو رێکخراوە، ئەو هەر بە رێکخراوی ” دەوڵەتە یەکگرتووەکان” ناو دەبەم . رێکخراوێک کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی ئەو دنیایە کە کوردە و پتر لە چل ملیۆن حەشیمەتی هەیە، تێیدا نوێنەری نەبێ، ناتوانێ ناوی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بێ.
بەو هیوایەی کورد هەرچی زووتر ببێتە سەد و نەوەدو‌چوارەمین ئەندامی ئەو رێکخراوەیە و ئاڵای کوردستانیش لە ” مەنهەتەن” بشەکێتەوە.