له‌نێو سه‌رجه‌م ٦٣ میلیۆن كه‌س له حه‌شیمه‌تی ئێران كه له ته‌مه‌نی كار كردندان، نزیكه‌ی ٤٠ میلیۆن‌و ٢٠٠ هه‌زار كه‌سیان هیچ نه‌خشێکیان له ئابووریی ئه‌م وڵاته‌دا نییه‌و بێكارو بێ داهاتن.
كارناسانی ئابووری‌و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن كه ڕێژه‌ی به‌شداریی ئابووری له ئێران زۆر كه‌مه‌و به چه‌ندین میلیۆن كه‌س له خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له ته‌مه‌نی كار كردندانو؛ توانای كار‌و چالاكیی ئابوورییان هه‌یه، به‌ڵام بێكارن‌و ڕوون نییه كه داهاتییان له چ ڕێگهیهكو به چ شێوه‌یه‌ك دابین ده‌كرێ.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی ئاماری ئێران، ئاستی به‌شداریی ئابووری له به‌هاری ساڵی ١٣٩٤ نزیكه‌ی سه‌دی ٣٨ بووه‌و، هه‌ر به پێی ئه‌م ئاماره ئاستی به‌شداریكردنی ژنان له ئابووریی وڵات‌دا زۆر نزم بووه.
هه‌ر له‌م باره‌وه، شه‌هیندۆخت مه‌ولاوێردی جێگری سه‌ركۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر گوتی که ئاماری بێكاریی ژنانی ده‌رچووی زانکۆ له سه‌دی ٤٠ زیاتره‌و له بابه‌ت ڕه‌وتی ڕوو له گه‌شه‌ی ههژاریو ده‌سكورتی ژنان لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی وریا كردبۆوه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته چه‌ندین میلیۆن پیاوی ئێرانیش له ڕیزی بێكارانی ئه‌م وڵاته دان، به‌ڵام ته‌نیا ٢ میلیۆن كه‌س له‌وان له ئیداره‌کانی کاردا داوای پێدانی كاریان کردوه‌و ئه‌وانی دیكه ته‌نانه‌ت داوای كاریشیان نه‌كردوه.
له لایه‌كی دیكه‌وه كارناسانی ئابووری پێشبینیان كردووه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئابووریی ئێران له دوای نه‌مانی گهمارۆکانیشو له ساڵدا تا ئاستی سه‌دی ٥ یش گه‌شه بكا، دیسانیش ڕێژه‌ی بێكارانی ئه‌م وڵاته هیچ ئاڵوگۆڕێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌و له‌م بارودۆخه‌شدا ڕێژه‌ی بێكاران له ٤ میلیۆن كه‌س كه‌متر نابێ.
پێشبینیی كارناسانی ئابووری ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر تا سالی ١٤٠٠، ئابووریی ئێران هه‌ر ساڵه‌و تا ئاستی سه‌دی ١ گه‌شه به‌خۆیه‌وه ببینێ، نه‌ته‌نیا ڕێژه‌ی بێكاران له چاو ئه‌م حه‌شیمه‌ته‌ی ئێستا دانابه‌زێ، به‌ڵكوو تا ئه‌و ساڵه حه‌شیمه‌تی بێكاری ئێران له 5 میلیۆن و ٧٧٠ هه‌زار كه‌س زیاتر ده‌بێ.