ساڵانه بایی ١٠٠ میلیۆن دۆلار پارچه‌ی چارشێوی ڕه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌ڕا ئه‌م وڵاته ده‌كرێ.
سه‌رۆكی “ئه‌نجومه‌نی پیشه‌سازییه‌كانی ڕستن‌و چنینی ئێران” ده‌ڵی ساڵانه ٧٠ میلیۆن میتر پارچه‌ی چارشێوی ڕه‌ش له ئێران ده‌كڕدرێ كه له‌م نێوه‌دا ته‌نیا 3 میلیۆن میتری به‌رهه‌می كارخانه نێوخۆییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌یه‌و، ئه‌وی دیكه كه بایی ١٠٠ میلیۆن دۆلاره، له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتڕا هاورده ده‌كرێ.
“محه‌ممه‌د مورهوێج وێڕای ئاماژه به‌وه‌ی كه ٣ كارخانه له ئێران پارچه‌ی چارشێوی ڕه‌ش به‌رهه‌م ده‌هێنن، گوتی: گه‌وره‌ترین كارخانه‌ی چارشێوی ڕه‌ش له‌م وڵاته، كارخانه‌ی “حیجاب” له شاری كورده كه سه‌ر به بنیاتی حكوومه‌تیی موستهزعهفانهو، له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌م کارخانه‌یه نزیكه‌ی 2 میلیۆن میتر پارچه‌ی چارشێوی ڕه‌ش به‌رهه‌م دێنێ.
ناوبراو وێڕای هێنانه به‌ر باسی ئه‌م مه‌سه‌له‌ش كه نزیكه‌ی ١٨ جۆر پارچه‌ی چارشێوی ڕه‌ش له بازاڕه‌كانی ئه‌م وڵاته هه‌یه، پشتڕاستی كرده‌وه كه زۆربه‌ی ئه‌م پارچانه له ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ دوورینی لیباسی شه‌و ئاماده ده‌كرێن. ئه‌و هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی له ڕێژه‌ی هاورده كردنی پارچه‌ی چارشێوی ڕه‌ش له سه‌رده‌می ئهحمهدینژاد گرت و گوتی: تا پێش هاتنه سه‌ر كاری ده‌وڵه‌تی نۆیه‌م تهعرهفهو ماڵیاتی هاورده‌كردنی پارچه‌ی ڕه‌ش بۆ چارشێو سه‌دی ٦٦ بوو، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی نۆیه‌م ئه‌م ڕێژه‌یه‌ی بۆ سه‌دی ١٠ كه‌م كرده‌وه، له ئه‌نجامیشدا ئێستا ئیدی وای لێ هاتووه كه باندو بازرگانه‌كانی سه‌ر به ناوه‌نده حکومه‌ییه‌کان هه‌ر پارچه‌یه‌كیان پێ خۆش بێ‌و چه‌ندیان بیانه‌وێ به ناوی چارشێوی ڕه‌شه‌وه هاورده‌ی ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌م باره‌وه هه‌واڵده‌ریی فارس، سه‌ر به سپای پاسداران له ڕۆژی ١٦ی خهرمانانداو له ڕاپۆرتێكدا باسی له چالاكیی مافیایی قاچاغی چارشێوی ڕه‌ش بۆ ئێران كردبو كه سه‌ر به ڕه‌وتێكی سیاسیی تایبه‌تن.