دیپلۆماتێکی پێشووی ئێران ئاشکرای کردوە کە بەشێک لە پێداویستییە نیزامییهکانی گڕووپی تێرۆریستیی داعش لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە دابین دەکرێ.
ئەبولفەزلی ئیسلامی، دیپلۆماتی پێشووی ئێران لە وڵاتی ژاپۆن، لە وتووێژێکدا باس لە هاوکاریی بەربڵاوی حکومەتی ئیسلامی ئێران لەگەڵ تاقمو گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان، بەتایبەت گڕووپی تێرۆریستیی داعش دەکاو دەڵێ: لە وەتەی داعش لە ناوچەکە سەری هەڵداوە ئێران زۆرترین قازانجی لێکردوهو به بیانووی ههبوونی ئەو گرووپە توانیویەتی جێگەو پێگەی خۆی زیاتر لە عێراقو سووریەدا قایمتر بکا.
ئەبولفەزلی ئیسلامی کە پاش هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەدینژاد لە ساڵێ ٨٤ دا ئێرانی جێهێشت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “کەیهان” چاپی لەندەن باس لەوە دەکا کە لە کاتی کارکردنی دا لە وەزاەتی دەرەوەی ئێران، ئاگای لەوە بووە ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو پشتگیری تاقمو گرووپە توندڕەو و تێرۆریستییە دژ بە یەکەکانی کردووەو تەنانەت زۆر جار ئەو گرووپانە شەڕ لە نێوانیان دا هەبووەو ئێران هاریکاری کردوون بۆ نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی زیاتر.
ناوبراو لە درێژە دا دەڵێ: لە ماوەی چوار ساڵ کارکرندا لە بانکۆک پایتەختی تایلەند، شاهیدی ئەوە بووم کە هەموو حهوتوویهک چەندین دهرفهتی فڕین بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی سووتەمەنیو فڕینیان بۆ پیۆنگ یانگ وەردەگیرا و لەوێشەوە چەکو تەقەمەنی و کەرەستەی نیزامییان دەگواستەوە بۆ حیزبوڵای لوبنان. ئەو هاتووچۆیانە بە بەرچاوی ڕۆژئاواییەکانەوە دەکراو لێی ئاگادار بوون، بەڵام جگە لە فڕۆکەیەک کە چەندین هەزار تۆن تەقەمەنی تێدا بوو و پاش دەستبەسەرداگیرانی، پهروهندهکهی ڕادەستی شوڕای ئهمنیهتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرا، ئهوانهی دیکه پشتگوێ خران.
ئەو لەو بڕوایە دایە کە ڕۆژئاوا ئاگاداری ئەو جموجۆڵو هاوکارییانەی ئێران بە تاقمو گرووپە تێرۆریستییەکانە، بەڵام بۆچی چاوپۆشی لێ دەکەن، جێی پرسیارە، دیارە ئێرانیش دەیەوێ بەوکارانە هیزو توانای خۆی نیشانی ڕۆژئاواییەکان بداو پێیان بڵێ کە توانای نانەوەی پشێوی لە هەر جێیەک بیەوێ هەیە.
ئەو دیپلۆماتە ئێرانییە دەڵێ ڕژیمی ئێران هیچ جیاوازییەک ناکا لە نێوان تاقمو گرووپە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕەکاندا. زۆر جار دهمبیست کە دەیانگووت بۆ ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان شێعەو سوننەو کمۆنیستدا نیە و کێ بە ئاژاوەگێڕییەکانی قازانج بە ئێرانو مانەوەی نیزامی ئیسلامی بگەیەنێ ئێمە هاریکاری دەکەین.
ئهو دهڵێ بودجە نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کەسانێک بوو کە لە بنەڕەتدا هەر موسڵمان نەبوون، هیچ فڕێکیان بە سەر ئیسلام و شێعەوە نەبووە. من لەو بڕوایە دام کە ڕژیمی ئیسلامی نەک هیچ زیانێکی لە هاتنی داعش بۆ ناوچەکە نەکردووە، بەڵکوو یهک لهو لایهنانهیه که زۆرترین قازانجی لەو دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە کردوه.